لەبارەی کۆنگرەی یەکگرتووەوە

ئيبراهيم علی
07.12.2019

یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان تا کۆتایی ئەمساڵ کۆنگرەی هەشتەمی خۆی دەبەستێت.

لەماوەی چەند مانگی رابردوودا لەناوخۆی یەکگرتوودا گفتوگۆکان گەرم بوون لەسەر داهاتووی یەکگرتوو، هەر یەک لەسەرکردەکانی یەکگرتوو جۆرە پێشنیارێکی دەکرد بۆ میکانزمی کارکردنی ئەو حیزبە لەداهاتوودا.

دواجار سەرکردەکانی یەکگرتوو دابەشی دوو بەرە بوون، بەرەیەکیان پێی وایە کە دەبێت یەکگرتوو لەداهاتوودا بەمیکانزمێکی نوێوە کار بکات و بەتەواو کاری بانگەوازو سیاسەت لەیەکتر دوور بخرێنەوە. بەرەیەکیشیان پێی وایە دەبێت یەکگرتوو بەو شێوەیەی ئێستا بەردەوام بێت و تەنیا گرنگی زیاتر بەکاری رێکخستن بدات. تا ئێستاش سەکردەکانی یەکگرتوو بەتەواوی لەسەر میکانزمێکی ساغ نەبوونەتەوە. ململانێکان لەو بارەوە توندن و لەکۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکگرتوودا لەسەر ئەو پرسە گفتوگۆی توند ئەنجام دراون.

لەناو یەکگرتوودا بۆچوونێک هەیە دەیەوێت یەکگرتوو ببێت بەدوو بەش، بەشێکیان ببێت بەرێکخراوێکی تەواو ئایینی و تەنیا سەرقاڵی کاری بانگەواز بێت. بەشێوەیەک ئەو رێکخراوە خاوەنی رێکخستن و پەروەردەو راگەیاندنی تایبەت بەخۆی بێت. لەبەرامبەریشدا هێزێکی نوێی سیاسیی بەناوێکی جیاوازو بەبێ پاشگری ئیسلامی رابگەیەندرێت و تایبەت بێت بەکاری سیاسی و بەشداری سەرجەم چالاکییە سیاسییەکان بکات. بەشێوەیەک تا هەڵبژاردنی داهاتوو، سەرجەم فراکسیۆنەکانی یەکگرتوو لەئەنجومەنی پارێزگاکان و پەرلەمانی عێراق و پەرلەمانی کوردستان لەژێر کۆنتڕۆڵی ئەو رەوتە سیاسییەدا بێت.

بۆچونێکی دیکە کە خودی سەلاحەددین بەهادین تەبەنی دەکات، پێی وایە دەبێت یەکگرتوو سەرکردایەتییەکی سێ کەسی پێکبهێنێت لەشێوەی کۆمیتەیەکی بچووککراوە. ئەو کۆمیتەیە سەرۆکێکی هەبێت و دووانەکەی دیکەش ببن بەجێگری ئەو سەرۆکە. هەریەک لەو دوو جێگرەش سەرۆکایەتی ئاراستەیەکی جیاواز بکەن بەم شێوەیە:

ئاراستەی یەکەم: ئاراستەی سیاسی. کەیەکێک لەجێگرەکان سەرۆکایەتی ئەو ئاراستەیە بکات و سەرپەرشتی تەواوی فراکسیۆنەکانی یەکگرتوو بکات لەپەرلەمانی عێراق و کوردستان و ئەنجومەنی پارێزگاکان، هەروەها نوسینگەیەکی تایبەت بەهەڵبژاردنیشی هەبێت کە ئامادەکاری بکات، بۆ چۆنییەتی بەشداریکردنی ئەو ئاراستەیە لەسەرجەم ئەو هەڵبژاردنانەی لەهەرێم ئەنجام دەدرێن. ئەو کەسەشی سەرۆکایەتی ئەو ئاراستەیە دەکات ئەندامی کۆمیتەی سەرکردایەتی بچوککراوە دەبێت و لەهەمان کاتدا جێگری سەرۆکی ئەو کۆمیتەیە دەبێت. 

ئاراستەی دووەم: ئاراستەی بانگەواز. بەپێی بۆچوونی ئەو کەسانەی پشتگیری لەو بیرۆکەیە دەکەن، ئاراستەی بانگەواز سەرپەرشتی سەرجەم رێکخستنەکانی یەکگرتوو بکات لەشارو شارۆچکەکان و ئۆرگانەکان بەشێوەیەک ئاراستە بکات کە برژێنە ناو خەڵک و سەرقاڵی کاری بانگەواز بن لەناو خەڵکدا. سەرۆکی ئەو ئاراستەیەش بەهەمان شێوەی سەرۆکی ئاراستەی سیاسی جێگری سەرۆک دەبێت و ئەندامی کۆمیتەی بچووکراوەی سەرکردایەتی دەبێت.

روون نییە سەرکردەکانی یەکگرتوو بەر لەبەستی کۆنگرەی حیزبەکەیان دەگەنە سیغەیەکی هاوبەش، یاخود بەبێ گەیشتن بەسیغەیەکی هاوبەش دەچنە کۆنگرەوە. 

بۆچوونەکان بەو ئاراستەیەن کە بەبێ گەیشتن بەرێککەوتنێکی پێش وەختە یەکگرتوو کۆنگرەی هەشتەمی خۆی دەبەستێت و رەنگە ئەگەر دەرەنجامی کۆنگرەی یەکگرتوو بەپێی خواستی رەمزە سیاسییەکانی یەکگرتوو نەبێت، جیابوونەوە یا دروستبوونی رەوتێکی نوێی سیاسی لێ بکەوێـتەوە.

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations