ئەگەری ژیانەوەی قەیرانێكی سڕكراو..

سەرتیپ جەوهەر
03.12.2019

ئەرێ‌ بەراست بەشدایكردنی یەكێتی لەحكومڕانیی چیلێهات؟!

كابینەی ئەمجارەی حكومەتی هەرێم زۆر بەزەحمەت لەدایك بوو، گرفتەكانی بەردەم پێكهێنانی ئەم كابینەیە خۆی لە چوار خاڵی سەرەكیدا دەبینیەوە. یەكەمیان؛ دابەشكردنی پۆستەكانی حكومەتی هەرێم بەپێی بەركەوتەی هەڵبژاردن و هێزو تەرازوو تەریب لەگەڵ دانانی لەگەڵ دانانی پارێزگارێكی كورد لەیەكێتی نیشتیمانیی كوردستان بۆ كەركوك. دووەم؛ بەشداریكردن لەبڕیاردان و كۆتاییهێنان بەهەژموون و بڕیاری تاك حزبیی. سێیەم؛ دانانی بنەمایەكی نوێ‌ بۆ كاركردن و پێداچونەوە بەكۆی كاری حوكمڕانیی لەحكومەتەوە بگرە تا پەیوەندییەكانی هەرێم و دامەزراوەی دادوەریی و ..تد. چوارەم؛ بەرنامەی چوارساڵی پەرلەمانی كوردستان، كە هەر پرۆژەیەك رەهەندی نیشتیمانیی هەبێت، سازانی پێشوەختەی نیشتیمانیی لەسەر بكرێت.

بەتەماشاكردنی بنەماكانی رێككەوتنەكە، دەبینین هیچ كام لەبەندەكانی رێككەوتنی نێوان یەكێتی نیشتیمانیی كوردستان و پارتی جێبەجێنەكراوە! نەپارێزگار دانراو نە بەركەوتەی پۆستەكانی یەكێتی لەحكومەت پڕكراوەتەوەو نە دەسەڵاتەكان شۆڕكراوەتەوەو ..تد بەبێدەنگیش كاتەكە تێدەپەڕێت و كورد وتەنی كابینەی ئەمجارەش هەمان تاس و هەمان حەمامی جارانە! واتە هیچ گۆڕانێك لەشێوەو شەراكەت لەحوكمڕانیدا نەبووە جگە لەگۆڕینی ناوی سەرۆك وەزیران و سەرۆكی هەرێم! بگرە پرۆژەی چاككردنی حوكمڕانیی و پرۆژەی چاكسازیی كە بزوتنەوەی گۆڕانیش كە موزایەدەیان پێوەدەكردو لەسەر شاشە باسی تەنها دوو مانگیان دەكرد بۆ جێبەجێكردنی، ئەویش بێدەنگی لێكراوەو ئێستا پرۆژەكەی چاككردنی موچەی خانەنشین و دەرماڵەی فەرمانبەران بێدەنگی لێكراوەو بزوتنەوەی گۆڕانیش وەك "دۆ لێبڕاو" خۆی لێ بێدەنگ كردووە.

لەگەڵ رازینەبوونی پارتی بە دانانی كاندیدی یەكێتی بۆ سەرۆكی دەستەی ناوچە جێناكۆكەكان، ئەو گرژییە دەستی پێكردبا، بەڵام پێدەچێت بەشێك لەناوخۆی یەكێتی نەیانەوێت ئەو پرسە بێننە گۆڕێ نەكا ببێتە بیانوو بەدەست ئەوانەی ناخوازن كۆنگرە بكرێت

گرژبونی بارودۆخی عیراق و پرسی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی، سەرهەڵدانی گرژیی نێوان پێكهێنەرە سەرەكییەكانی حكومەتی دواخستوە، ئەگینا دەبوو لەگەڵ رازینەبوونی پارتی بە دانانی كاندیدی یەكێتی بۆ سەرۆكی دەستەی ناوچە جێناكۆكەكان، ئەو گرژییە دەستی پێكردبا، بەڵام پێدەچێت بەشێك لەناوخۆی یەكێتی نەیانەوێت ئەو پرسە بێننە گۆڕێ نەكا ببێتە بیانوو بەدەست ئەوانەی ناخوازن كۆنگرە بكرێت! لەكاتێكدا یەكێك لەهۆكارە سەرەكییەكانی پێداگری رەعیلی نوێی یەكێتی بۆ كۆنگرەی چوارەم، خراپی دۆخی یەكێتییە لەحوكمڕانیی بەشێوەیەكی گشتیی! چونكە رەعیلی نوێ‌ پێیانوایە بەشێك لە رەعیلی كۆن، رێگرن لەبەردەم بون و بەهێزبونی یەكێتی حكومەت و حكومڕانیی و گێڕانەوەی هەژموونی ئەو حزبە بەسەر كۆی كایەكانی ژیان لەم هەرێمەدا.

ئەوە سەرۆك وەزیرانی عیراق دەستی لەكاركێشایەوە، كۆنگرەی یەكێتیش گەیشتە لێوارو دیارنییە دەكرێت یان نا! بەڵام هەرچۆنێك بێت بەمزوانە پرسی بەشداری یەكێتی لەحكومڕانی دێتەوە گۆڕێ. ئەوەی پێشبیی دەكرێت، ئەگەر كۆنگرە بكرێت ئەوا رەعیلی نوێ بەتێگەیشتنێكی نوێ‌ دێنەگۆو قسە لەسەر پرسی حكومڕانی لەهەرێمی كوردستان دەكەن، لەوانەیە تێروانینێكی نوێی یەكێتی بۆ چۆنییەتی مامەڵەكردن لەگەڵ شەراكەت و حوكمڕانیی لەدایك ببێت، جیاواز لەو تێگەیشتنەی پێشوو بۆ چارەسەری كێشەكان هەبوو، خۆ ئەگەر كۆنگرەش دوابكەوێت، ئەوا پرسی بەشداریكردن دواناكەوێت، چونكە باسێكی دیكە لەگۆڕێدا نییە، جگە لەو باسە نەبێت، لەوانەیە دەنگدەرو لایەنگرانی یەكێتی بپرسن ئەرێ‌ بەراست مەسەلەی بەشداریكردنی یەكێتی لەحكومڕانی چی لێهات؟!

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations