چۆن پیاوێک بین؟

عەزیز رەئوف
26.11.2019

هەرکات شانازیمان بە پیاوەتیبوونمانەوە کرد ئەوا غەدرێکمان لە مێینەیەک کردووە. لەهەرکوێ هەستمان کرد بەڕاستی پیاوین، ئەوا بەڕاستی هەنگاوێک لە مرۆڤبوون دورکەوتوینەتەوە.

پێویستمان بەوە نیە چۆن پیاو بین، ئەوەندە بەسە مرۆڤ بین. مرۆڤبوون هونەرە، زۆرن ئەوانەی پیاون و مرۆڤ نین، ئەدۆنیس جارێک وتی: (شێوەی مرۆڤت هەبێ بەس نیە بۆ ئەوەی مرۆڤ بیت). گەورەترین کێشەی دنیای ئێمە پیاوەتیە، گەورەترین کۆسپی بەردەم یەکسانی جێندەری ئەوەیە کە بزانین بەڕاستی پیاوین. (پیاوبە وامەکە) هیچ نیە جگە لەوەی کە نێرینەیەک بە هەموو دەسەڵاتەکانیەوە کە دنیا تێک دەدا بەڵام لە ژن نادا. ئەگەر پیاویش بین و توندوتیژی نەنوێنین ئەوا هەموومان پیاوبوونێک لە زاکیرەماندایە کە ڕەنگە ڕۆژێک (پیاونەبین و وابکەین).

ئامۆژگاریکردن بەوەی پیاوی چاک بین و ئازاری مێینە نەدەین هەرگیز کۆمەک بەم دۆخە ناکات. ئامۆژگاری لەحەقی ئەم مێژووە لە توندوتیژی و ئەم پیاوەتیە پڕ لە شەهوەت و خوێن و ئازارە نایات. بۆ ئەوەی پیاو بین لانی کەم وەک پیاو گەندەڵی نەکەین، لانی کەم وەک پیاو خیانەت لە خۆمان و خاک و نەتەوە نەکەین، ئەوەی خیانەت لە گەلەکەی بکات زۆر ئاسانە خیانەت لە مێینەش بکات. باشور کێڵگەی خیانەتە، لە خیانەت لە نیشتیمانەوە بۆ خیانەت و توندوتیژی لە مێینە. 
هەرکات نیشتيمان هی هەموان بوو، هەرکات توانیمان چۆن هەرێمێک بەڕێوەبەرین، ئەوا دەتوانین بە ئاسانیش یەکسانی جێندەری دەستەبەر بکەین. هەرکات توانیمان دەستی ئەوانە بگرین کە زلەیەک لە مێینە دەدەن دەشتوانین باس لە ماڵێک بکەین بۆ هەموان و باسی نیشتیمانیێکی پەمەیی بکەین لانی کەم مرۆڤەکان ژیان و کەرامەتیان پارێزراوبێت.
تاکە هەنگاوێک بۆ ئەوەی پیاو بین، ئەوەیە کە بەڕاستی نابێ پیاو بین، دەبێت مرۆڤبین و هیچی تر.

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations