گۆرینی سیستێم گونجاوترە

بڵێسە جەبار فەرمان
24.11.2019

" هەلی کار بە خانەنشینکردن ناڕەخسێت"
یاسای خانەنشینی لەپەرلەمانی عیراق ھەموار کرایەوەو ھەندێک بڕگەی ئاڵوگۆڕی بەسەردا ھات. لەم یاسایەدا ھاتوە کە تەمەنی خانەنشینی لە ٦٣ وە بۆ ٦٠ ساڵی کەم بکرێتەوە. ئەو فەرمانبەرانەی ١٥ ساڵ خزمەتیان ھەیە ئەتوانن لە تەمەنی ٤٥ ساڵیەوە خۆیان خانەنشین بکەن.

مەبەست و ناونیشان لە ھەموارکردنەوەی ئەم یاسایە رەخساندنی ھەلی کارە. گوایە بەم شێوەیە لە ساڵی ٢٠٢٠ دا ٢٠٢٠٠٠ ھەلی کار دەرەخسێت و لە ساڵی ٢٠٢١ دا ٥٩٠٠٠.
بێگومان دۆزینەوەی ھەلی کار ئەرکی حکومەتە و لەسەر ھەموومانە کە پرۆژە و بیرۆکەمان ھەبێت بۆ ئەو مەبەستە، بەڵام بە بروای من ئەمە شێوازێکی ھەڵەیە بۆ دۆزینەوەی ھەلی کار.

ئەم بابەتە باش خوێندنەوەی بۆ نەکراوە و تەنھا بۆ رازی کردنی خۆپیشاندەرەکان و دەنگە نارازیەکانە. بەڵام لە ئایندەدا ئەم ھەموارکردنەوەیە گرفتی زۆر زیاتر بۆ حکومەت دروست دەکات. لەبری ھەموارکردنی ئەم یاسایانە با بێین و سستێم بگۆرین.
با سیستێمی سۆشیال و بیمەی کۆمەڵایەتی و تەندروستی بچەسپێنرێت.
با یەکسانی کۆمەڵایەتی پەیرەو بکرێت.
ھەندێک لە چین و توێژەکانی کۆمەڵگا موچەی جیا جیا وەرئەگرن.
بۆ نمونە کەم ئەندامان، شەھیدان، زیندانیانی سیاسی، بۆ ماوەیەکی کاتی ئەوانەی بێکارن وە ھەروەھا ئەوانەی بێسەرپەرشتیارن.

گەربێت و ئەم موچانە ھەمووی بەشێوەیەکی یەکسان و بە سیستیمێکی باشتر یەکبخرێت وە ھەروەھا کەمکردنەوەی موچەی پلەباڵاکان، بەو شیوەیە دەتوانرێت سیستێمی سۆشیال پەیرەو بکرێت و ھەموو تاکێکی کۆمەڵگا موچەیەکی ھەبێت بۆ دابین کردنی بژێوی ژیانی.

ناکۆکم لەگەڵ ئەم ھەموارکردنەوەیە و ئەم جۆرە یاسای رازی کردنانە، کە وەکو بەنجێکە بۆ ھەل و مەرجی ھەنوکەیی و نەک چارەسەری ریشەیی.

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations