بۆچی ئەردۆگان، هەندێ لە بەناو چەتەکانی داعش دەنێرێتەوە؟!

نیاز حامید
11.11.2019

ئیمڕۆ وەک میدیاکان باسی لێوەدەکەن ، تورکیا دەستی بەناردنەوەی بەناو تیرۆریستانی داعش کردووە بۆ ولاتەکانیان ، کە گوایە ژمارەیان ١٢٠١ کەسێک دەبێت. 

ئیمڕۆ، ئەردۆگان یەکێک لەو بەناو داعشانە بۆ ئەمەریکا دەگەڕێنیتەوە ، پێنجشەممەش ٧ ی ئەلمانی.گومان هەیە کە ئەوانەی دەنێردرێنەوە داعش بن، یا رەنگە داعش بووبن ، بەڵام وازیان هێناوە ، وەک سزایەک ئەردۆگان ، خەلیفەی داعش، بە زۆر دەیان نێرێتەوە بۆ وڵاتەکانیان .. باچاوەرێ بکەین لە چەند سەعات یا رۆژانی دادێ زیاتر روون دەبێتەوە. 

بۆچی لەم کاتەدا ، ئەردۆگان ئەوە دەکات؟ 

- پیش سەفەرەکەی بۆ ئەمەریکا ، ئەردۆگان دەیەوێت بە رای گشتی ئەمەریکی بڵێت : ئەویش شەڕ دژی داعش دەکات ، ئەو تێگەیشتنە راست نییە کە تورکیا هاوکاری داعش بووە ، بە بەڵگەی ئەوەی ئەوەتا چەتەیەک بۆ ئەمەریکا دەگەڕێنمەوە. 

هەروەک دەزانرێت، بریت ماکگۆرک بۆ کەنالی (CNN) پێش چەند رۆژێک ،ئاشکرایکرد کە زیاتر لە ٤٠ هەزار تیرۆریستی داعش لە رێگای سنوری تورکیاوە داخلی سوریا وعێراق بوون. تا داعش لە سەر سنور بوو، هاتووچۆ لە نێوان تورکیا وسوریا ئاسایی بوو ، زۆرمان بە رایەدارنی تورکیا دەگوت: کە سنورەکان بگرن، لێ گوێیان پێنەدەدا، دوای ئازادکردنی لەلایەن ئەمەریکا وقەسەدەوە ، دەوڵەتی تورکیا سنورەکانی بە دیوار گرت!. 

- ئەمە هۆکارێک، هۆکارێکی دیکە، دەیەوێت بۆ خۆنزیک کردنەوە و مەراییکردن بۆ ترامپ، پشتیوانی لەو گۆتەی ترامپ بکات کە هەمیشە بانگەشەی دەکرد بۆ ئەوروپییەکان، بابچن تیرۆریستانی داعشە دیلەکان لای قەسەدە ببەنەوە. 

- خالی سێیەم، کە گرنگە بەو هەنگاوەی تورکیا دەیەوێت کارتی زیندانەکانی داعش لە دەست قەسەدە دەربێنێت ، تا بەناچاری ئەوروپا وئەمەریکا ، چەتەکانی داعش ببەنەوە وڵاتەکانیان، ئەو کارتە بە هیزە لەدەست کورد نەمێنێت. 

ئەم پیلانەی تورکیا پێموانییە سەربگرێت ، چونکە هەمیشە لە ئاست واقیعدا درۆکانی ئەردۆگان هەر زوو کەشف دەبن و ریسوا دەبن.

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations