دەردەكە لەسلێمانییە گوناهی كەس مەگرن!

کەمال رەوف
09.11.2019

بارە خوارەكە لەسلێمانیەوە راست دەكرێتەوە گوناهی كەس مەگرن، لاسەنگی و لادانە مەترسیدارەكانیش ئەوكاتە زیاتر دەركەوتن، كە سیاسەت لەسلێمانی بەمانا حزبی و هونەری سیاسەت وكردە كاریگەرەكەیەوە پەكی كەوت، هەر بۆیە ئەوكاتە تایی هاوسەنگی حزبی لەهەرێم و خەونی حوكمرانی رەشید بەتەواوەتی تێكچوو، كە دۆخی حزبایەتی و سیاسەتكردن لەسلێمانی نەیتوانی بەنەفەس درێژی بەرگەی بەرەو رووبونەوەو ململانێی نەرم بگرێت.

بەجۆرێكی تر واتە لەم دەڤەرە كەس نەیتوانی لەدەروەی گوتاری پۆپۆلیستی خاوەندارێتی لە جیاوازییەكانی سلێمانی بكات و پارێزەری بێت و بوار بدات تا ئەوی تریش بەجیاوازیەكانیەوە وەك خۆی قبوڵ بكرێت.

لەم دەڤەرە كەس نەیتوانی لەدەروەی گوتاری پۆپۆلیستی خاوەندارێتی لە جیاوازییەكانی سلێمانی بكات و پارێزەری بێت و بوار بدات تا ئەوی تریش بەجیاوازیەكانیەوە وەك خۆی قبوڵ بكرێت

لەدوو دەیەی رابردوو ئەوەی تا ئێستا لە ناوچەی سلێمانی بەناوی هونەری سیاسەت و حیزبایەتی و جیهان بینی جیاوازەوە پیادەكراوەو بینراوە، یان پەرچەكردارێكی توندرەوانەی خوێناوی بووە، یان هەوڵێكی دەروێشانە بووە بۆ لەیەكچوون و تێكەڵ بوون بەوی دی و قبوڵا كردنی پاشكۆیەتیەكی كوێرانەی بێ‌ سنور تارادەی تەسلیم بوون. شكستی سیاسەت لەسلێمانی گوتاری پۆپۆلیستی و پاڵەوانی درۆینەی دروست كرد، لەولاشەوە شكستی سلێمانی بوە مایەیی بەرهەمهێنانی گومرایی و حوكمرانیەكی كوێر، بەهەردوكیشیان زەمینەی نائومێدی و دەستەپاچەیی خەڵكیان بۆ گۆرانكاری خۆش كرد. 

هەربۆیە تا دۆخی سیاسەت كردن و حزبایەتی لە ناوچەی سلێمانی گۆرانی ریشەی بەسەردا نەیەت و ئەم دۆخەی ئێستا تێنەپەرێنێت، هەق نییە كەس خۆی بخەڵەتێنێت و چاوەرێی ئەوە بكات، حوكمرانی و ئیدارەو سیاسەتكردن لەهەرێم لەتوانایدا دەبێت چاكسازی ریشەیی بكات و گۆرانكاری قوڵ ئەنجام بدات، چونكە دەردەكە لێرەیەو بارە خوارەكەش هەر لەسلێمانییەوە راست دەكرێتەوە.

زیاتری نوسەر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations