قه‌یس خزر عه‌لی، شكستەکانی به‌ شانی سلێمانی-دا ئه‌سڕێت

لوقمان غەفوور
06.11.2019

قه‌یس خزر عه‌لی پیاوه‌ شكستخواردووه‌كه‌ی ئیران، هه‌ر له‌سه‌ره‌تای ده‌ركه‌وتنییه‌وه‌ مایه‌ی نه‌هامه‌تی بووه‌ بۆ گه‌لی عیراق، ئێستا به‌ لێدوانه‌ بێ ئاسته‌كانی شه‌ڕی خۆیی و شكستخواردنی ئه‌گوازێته‌وه‌ بۆ شاری سلێمانی و له‌ دواهه‌مین لێدوانیدا ده‌ڵێت: ئیسرائیل له‌سلێمانییه‌وه‌ پلانی خۆپیشاندانه‌كانی عیراق داده‌ڕێژێت.

بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی سلێمانی و هه‌رێمی كوردستان ئه‌م پیاوه‌ی قوم و تاران بناسن، حه‌زمكرد كورته‌یه‌ك له‌ مێژووی شكستی سیاسی خزرعه‌لی له‌دوای پرۆسه‌ی ئازادییه‌وه‌ بخه‌مه‌ڕوو.

هێزه‌كانی عه‌سائیبی ئه‌هلی هه‌ق كه‌ سه‌ر به‌ قه‌یس خزر عه‌لی-ین ساڵی 2004 به‌شێك بوون له‌ سوپای مه‌هدی سه‌ر به‌ موقته‌دا سه‌در كه‌ یه‌كه‌مین كاردانه‌وه‌ و سه‌ره‌ڕووی شیعه‌ بوو به‌رامبه‌ر ئه‌مریكا. هێشتا به‌عس له‌ كوچه‌ و كۆڵانه‌كانی موسڵ و به‌غدا و به‌عقوبه‌ پیاسه‌ی ده‌كرد كه‌چی ئه‌م كه‌سه‌ سه‌ره‌ڕۆیه‌ كه‌وته‌ دژایه‌تی ئه‌مریكا. له‌به‌رامبه‌ردا به‌ خۆی و موقته‌دا سه‌دری هاوڕێیه‌وه‌، ئه‌مریكا كوشتارگه‌لێكی باشی لێكردن له‌ مه‌دینه‌ی سه‌در. هه‌ر بۆیه‌ سوپای مه‌هدی به‌ ناچاری ئاگربه‌ستی راگه‌یاند، به‌ڵام فه‌سیله‌یەکی تایبه‌ت به‌ قه‌یس خزر عه‌لی به‌رده‌وام بوو له‌ شه‌ڕ. تێكڕای شه‌ڕه‌كان سپێردرابوون به‌ عه‌بدولهادی ده‌راجی و ئه‌كره‌م كه‌عبی، تا ساڵی 2006 به‌ره‌سمی عه‌سائیبی ئه‌هلی هه‌ق-یان دامه‌زراند. 
ئه‌مریكا ئه‌وانیشی سه‌ركوتكرد، به‌ڵام وه‌ك گۆڤاری ئیكۆنۆمیك ساڵی 2018 ئاماژه‌ی به‌وه‌ داوه‌، عەسائبی ئەھلی ھەق به‌رپرسیارێتی 6 هه‌زار هێرشی سه‌ربازیان له‌ عێراق گرتۆته‌ ئه‌ستۆ. له‌نێو ئه‌و هێرشانه‌دا، هێرشی سه‌ربازگه‌ی فالكۆن له‌ 10ی ئۆكتۆبه‌ری 2006 كه‌ بووه‌ هۆی كوژرانی 5 سه‌ربازی ئه‌مریكی. هه‌روه‌ها تیرۆركردنی ئه‌فسه‌رێكی ئه‌مریكی له‌ نه‌جه‌ف و خستنه‌خواره‌وه‌ی هیلیكۆپته‌رێكی به‌ریتانی له‌ 6ی مه‌ی 2006 و هێرشكردنه‌ سه‌ر سه‌فاره‌تی پۆڵه‌ندا له‌ 2007.
دواجار ئه‌مریكا و به‌ریتانیا ناچار بوون ئۆپه‌راسیۆنێكی فراوان ده‌ست پێبكه‌ن بۆ سه‌ر ئه‌م گروپه‌ و له‌نێو هاورێ دیاره‌كانی خزرعه‌لی، ئه‌زهه‌ر دلێمیان كوشت كه‌ به‌ عه‌قلی رێكخه‌ری هێرشه‌كه‌ی كه‌ربه‌لا ناسرابوو كه‌ له‌2006 كرایه‌ سه‌ر سه‌ربازگه‌ی ئه‌مریكییه‌كان له‌ كه‌ربه‌لا. هه‌ر له‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌ی ئه‌مریكایی و به‌ریتانییه‌كاندا قه‌یس خزر عه‌لی  و له‌یس خزر عه‌لی برای ده‌ستگیركران كه‌ له‌هه‌مانكاتدا ئه‌ندامی حزبوڵڵای لوبنانی بوو. گۆڤاری نیویۆركه‌ر –ی ساڵی 2008 نوسیویه‌تی كه‌ هه‌ر له‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌دا عه‌لی موسه‌وی ده‌قدوق راوێژكاری خزرعه‌لی و به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ حزبوڵڵا ده‌ستگیركراوه‌ و به‌هۆی ئۆپراسیۆنه‌كه‌شه‌وه‌ به‌شی زۆری سه‌ركرده‌ دیاره‌كانی هاورێی خزر عه‌لی به‌ره‌و ئیران هه‌ڵاتن.
له‌دوای ساڵی 2009 ه‌وه‌ به‌بێ ئاماده‌گی خۆی گروپه‌كه‌ی خزر عه‌لی به‌شێوه‌یه‌كی جیاواز و نهێنی سه‌ریهه‌ڵدایه‌وه‌، ته‌نانه‌ت به‌شی زۆری كاری رفاندنه‌كانی به‌غدا كه‌ ده‌كرانه‌ سه‌ر خه‌ڵكی بیانی ئه‌مان ئه‌نجامیانده‌دا. عیسا سالومی كه‌سێكی دیاری نێو وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مریكی كه‌ هه‌ڵگری هه‌ردوو ره‌گه‌زنامه‌ی ئه‌مریكی و عیراقیی بوو له‌ ساڵی 2010 له‌ به‌غدا رفاندیان. گروپه‌كه‌ی قه‌یس خزر عه‌لی په‌رپرسیارێتی رفاندنی (بێتر مۆر) كه‌ پسپۆری بواری ئای تی و چوار پاسه‌وانیان گرته‌ئه‌ستۆ. هه‌ر له‌دوای چه‌ند رۆژێك چوار پاسه‌وانه‌كه‌یان كوشت. 
وۆل ستریت جۆرناڵ له‌ ئابی 2018 له‌ راپۆرتێكیدا ئه‌وه‌ی ئاشكراكردووه‌ كه‌ له‌كاتی ده‌ستگیركردن و لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ قه‌یس خزر عه‌لی له‌لایه‌ن ئه‌مریكییه‌كانه‌وه‌. قه‌یس دانی به‌وه‌دا ناوه‌ كه‌ له‌لایه‌ن ئیرانه‌وه‌ راسپێردراوه‌ بۆ پرۆسه‌ تیرۆریستییه‌كه‌ی سه‌ر سه‌ربازگه‌ی فالكۆن له‌ كه‌ربه‌لا.
ئه‌مریكا به‌ناچاری له‌ به‌رامبه‌ر ئازادكردنی هه‌ریه‌ك له‌ عیسا سالومی و بێتر مۆر، قه‌یس خزر عه‌لی-یان ئازاد كرد. نوری مالكی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق داوایه‌كی ئاراسته‌ی باراك ئۆباما-ی سه‌رۆكی ئه‌مریكا كرد كه‌ 100 كه‌سی گروپه‌كه‌ی قه‌یس خزر عه‌لی لای ئه‌مریكییه‌كان ماون، بۆئه‌وه‌ی ئیدی ئه‌وانیش هێوربنه‌وه‌. ئه‌و كه‌سانه‌ ئازاد كرێن. له‌نێو ئه‌و ده‌ستگیركراوانه‌دا له‌یس –ی برای قه‌یس خزر عه‌لی ئازاد كرا.
له‌دوای دروستبوونی داعش وه‌ك هه‌موو گروپه‌كانی تری حه‌شدی شه‌عبی قه‌یس خزر عه‌لی گروپی میلیشیای عه‌سائبی ئه‌هلی هه‌ق-ی بوژاندەوه‌ كه‌ به‌ره‌سمی سه‌ر به‌ سوپای قودسی سه‌ر پاسدارانی ئیرانه‌. سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ سی ئای ئه‌ی ساڵی 2018 به‌ گۆڤاری تایم-ی راگه‌یاندووه‌ كه‌ له‌ میلیشیاكه‌ی قه‌یس خزر عه‌لی په‌یوه‌سته‌ به‌ حزبوڵڵای لوبنانی و له‌ژێر كۆنترۆڵی سوپای قودسدایه‌. به‌پێی راپۆرته‌كه‌ی تایم له‌ 2007 ه‌وه‌ هه‌موو مانگێك 3 ملیۆن و 750 هه‌زار دۆلاریان له‌ ئیران وه‌رگرتووه‌ بۆ كرینی كه‌لوپه‌ل و چه‌كوته‌قه‌مه‌نی.
بۆیه‌ ئه‌و ھاتو هاواره و ناڵەناڵەی قه‌یس خزر عه‌لی له‌وه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌ كه‌ خۆپیشانده‌رانی عیراق یه‌كه‌م شوێن كه‌ هه‌ڵیانكوتایه‌ سه‌ری و باره‌گایان سوتاند. باره‌گا تیرۆریستییه‌كه‌ی ئه‌م بوو. ئیدی تێگەیشت ئەوەی ئەم بۆی تێدەکۆشێت. عیراقییەکان نایانەوێت.

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations