بۆمبەكەی مەسروور بارزانی بەخۆیدا دەتەقێتەوە؟

بەدران محێدین
05.11.2019

فەیلەسوف سلاڤۆی ژیژێك، لە یەكێك لە نوسینەكانیدا، چیرۆكێكی سەرنجڕاكێشی پیاوێكی ئەمەریكای لاتینی دەگێڕێتەوە، ئەم چیرۆكە لە كتێبی فیكر و دونیاشدا باسكراوە، لە چیرۆكەكەدا هاتووە، پیاوێك وڵاتەكەی خۆی خۆشویستووە و بەهۆی ناڕازی بوون لە دەست تێوەردانی ئەمریكا لە سیاسەتی ناوخۆی وڵاتەكەیدا، بڕیار دەدات لە ساڵی ١٩٩٨ نامەیەكی بۆمبڕێژكراو بنێرێت بۆ كونسوڵی ئەمەریكا لە وڵاتەكەی، لەوەش ناترسێت ناونیشانی تەواوەتی خۆی لەسەر بەرگی نامەكە بنوسێت، نامەكە پۆست ئەکا، بەڵام بەهۆی ئەوەی پوولی لە بەرگی نامەكە نەداوە، پاش ماوەیەك دەگەڕێتەوە بۆخۆی، ئەمیش لەبەر ئەوەی لە یادی چووە نامەكە چییە و چی تێدایە، بێ بیركردنەوە نامەكە دەكاتەوە و بۆمبەكە بەخۆیدا دەتەقێتەوە.

لە ناو پارتی دیموکراتی کوردستان ھەر کەسێک بەرپرسی دەزگایی پاراستن بوبێت ھەموو ھەوڵێکی بۆ پاکتاوکردنی ئەو ئەندامانە بووە کە ھەست بکات رۆژێک لەبەردەمی دەبن بە رێگر، بۆ راستی ئەو قسەیەش دەتوانن مێژووی پارتی بخوێننەوە، ھاتنەپێشەوەی خودی مەسعود بارزانی بۆ کەسی یەکەمی ئەو حزبە لە پاراستن و تەسفیەی حیساباتەوە دەستی پێ کردووە و دوای خۆشی بۆ کورە گەورەکەی.

ئەگەر بێین مەسروور بارزانی بە نامەنوسە ئەمریكییە لاتینیەكە بچوێنین، بەڵام جیاوازتر لەوەی پێشوو کە لە ناو حزب کاری کردووە، ئەو جارەیان بووە بە کەسی یەکەمی حکومەت، ئاخۆ دەتوانێت بەو شێوەیە بەردەوام بێت وەک پێشووی کە لە ناو حزب کارەکانی دەکرد دژی نەیارەکانی، دەبینین ساڵانێكە مەسروور بارزانی لە ناو حزبەکانی تریش بەردەوام سەرقاڵی نوسینی نامەی بۆمب ڕێژكراوبووە تەنانەت خەریکی نوسینی نامەی بۆمبڕێژكراو بووە لەسەر ئاستی تاکە کەسیش.

بێ ئیرادەی تەواوی حزبەکان بە گشتی، ھەم ئەوانەی بەشدارن لە حوکمڕانی ھەم ئەوانەی ئۆپۆزسیۆنن خەریکە تەواوی پیلانەکەی مەسروور بارزانی درک پێ ئەکەن، ئەگەر بەو شێوەیە بەردەوام بن لە کارکردن لە ناو حکومەتەکەی مەسروور بارزانی ئەوا ھیچ گومانی تێدانیە دەتوانێت وەک ئەوەی چۆن لە ناو حزبەکەی کاری کردووە ئاواش لەناو حکومەت بەردەوامی بە کارەکانی بدات، بەڵام ھەست بە دەنگێکی باشی ناڕازیش دەکرێت بەرامبەری، بە تایبەتی یەکێتی و گۆڕان، ئەگەر ھەوڵێ گەشەکردنی ئەو دەنگانە بدرێت دەتوانین مسرور بارزانی بە نامەنووسە ئەمریکەکە بچوێنین،  ئەوەیان پێشکەوتن نیە بە ڕووداوەکانی رۆژ بەڵام ناڕەزایی شەقام دەتوانێت ئەو دەنگانە بەھێز بکات بەرامبەر کارە بێباکەکانی سەرۆکی حکومەت کە دەیەوێت وەک سوڵتانێک ئەنجومەنی وەزیران بەرێوەببات و ئەندامانی ئەنجومەنی وەزیران تەنیا وەک فەرمانبەر بن بە مووچەی وەزیر.

 لە داھاتوو ئەو پرسە بۆ ئێمەومانان بە تەواوی ڕوون دەبێتەوە و کات نیشانمان دەدات ئاخۆ بۆمبەکە بە کێ دەتەقێتەوە.

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations