شیعەى ئێرانیی و شیعەى ئەمریکیی

ئەحمەد میرە
02.11.2019

بەدرێژایی مێژووى عێراق هەمیشە ناوچەیەکی ناجێگیری سیاسیی بووەو پڕبووە لە ڕوداوى نەخوازراوى سیاسیی و ئاینیی. پێش هاتنى ئیسلام مەڵبەندی ململانێی خوێناویی نێوان ئیمپراتۆریەتە گەورەکانى ناوچەکە بووە. دواى هاتنی ئیسلامیش خوێناویترین ڕوداوەکانى مێژووى ئیسلام لە عێراقدا ڕویانداوە. تا ئەو ئەندازەیەی بووەتە ناوەندی شەقبوونى مەزهەبە گەورەکانی ئیسلام، کە یەکهەم خوێنی بە ناهەق ڕژاوى ئالوبەیتى پێغەمبەرى ئیسلام لەم خاکەدا ڕژاوە. هەر بۆیە سەرچاوە مێژووییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە عێراق بەر نەفرەتی ئالوبەیت کەوتووە.

دواتریش عێراق هەمیشە پنتی پێکدادانى نێوان ئیمپراتۆریەتی قاجاریی و عوسمانییەکان بووە، وەک ئەوەى خوداوەند ئەم خاکەى بۆ پاکتاوکردنى مەزهەبەکانى ئیسلام لەگەڵ یەکتریدا تەرخانکردبێت. لە مێژووى نوێیشدا عێراق زۆرترین ڕوداوى خوێناویی و سەربازیی و سیاسیی بە خۆیەوە بینیوە. یەکهەمین کودەتاى سەربازیی لە وڵاتانی عەرەب لە عێراق ڕویداوە. هەروەها یەکهەمین شۆڕشی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ وڵاتە گەورەکانى ئەوروپا، بە تایبەتیی بەریتانیا هەر لە عێراق بووە. بەدرێژایی دروستبوونى دەوڵەتی نوێی عێراق سەقامگیریی سیاسیی و سەربازیی بەخۆیەوە نەبینیوە. تەنانەت لەو قۆناغەیشدا، کە سەدام حسێن بە زەبری هێز و تۆقاندن حوکمڕانیی کردووە. هۆکارەکەیشی ئەوەیە، کە عێراق دەوڵەتێکی ناڕێکخراوی بە زۆر پێکەوە لکاوە، هەر یەکە و خاوەنی تایبەتمەندێتیی ئیتنیکیی و مەزهەبیی تایبەت بە خۆیەتی.

خۆپیشاندانەکانى ئەم دواییەى عێراق ڕوویەکی تری ئەو ناسەقامگیرییەن، کە لەم وڵاتەدا بوونیان هەیە، ئەم جارەیان شیعە ڕووبەڕووی شیعە دەبێتەوەو سەرکردەکانى شیعە لەگەڵ مەرجەع و حاشیەکانیان پێکەوە دژی یەکتر خۆپیشاندان دەکەن. کەس نازانێت خۆپیشاندەران کێن و ئەو دەستەڵاتە شیعەیەی، کە دژی دەوەستنەوە کێیە؟! بۆ نموونە موقتەدا سەدر لە شەقامەکانى نەجەفدا خۆپیشاندەرە و لە حکومەتیشدا ئەمینداری ئەنجومەنى وەزیرانە. خۆی پێکهێنەرى سەرەکیی حکومەتە و خۆیشی وەک یەکێک لە جەمسەرە سەرەکییەکانى خۆپیشاندەران نمایشدەکات.

ئەم خۆپیشاندانانە ڕەهەندێکی هزریشیان لە پشتەوەیە، سەرەتایەکن بۆ دەرکەوتنى دوو مۆدێلی جیاواز لە ناو شیعەکاندا، کە لە فەرهەنگی نوێی سیاسییدا بە شیعەى ئێرانیی و شیعەى ئەمریکیی ناسراون

هەرچەندە چاودێرانی سیاسیی پێیانوایە، کە موقتەدا کەسایەتییەکی سیاسیی تۆکمە نیە و هەر جارە و بە ئاراستەیەک و بە حەزێکی گەنجانەوە ڕەفتاردەکات، بۆچوونە سیاسییەکانى بە هەند وەرناگیرێن، سەرەڕاى کاریگەرییان لەسەر شەقامی شیعە. سەیر لەوەدایە، کە کەسانی وەک مالیکیی و عەبادیی خۆیان سەرچاوەى هەموو نەهامەتییەکان و بەرهەمهێنەرى گەورەى گەندەڵین لە حوکمڕانیدا، کەچی ئێستا خۆیان خۆپیشاندەرن. لە هەموو ئەو سەرکردانەى شیعە تەنها عادل عەبدولمەهدییە، کە تا ڕادەیەک بێلایەن و پارێزراو بێت، کەچی ئێستا بووەتە سەر تۆپی گەندەڵکارەکان. هەر بۆیەش ئەم پیاوە ڕێگەنادات عەبادیی، مالیکیی، عامریی، ساعدیی، خەزعەلیی و ..... هتد گۆڵی لێبکەن و دەیەوێت هەموویان پێکەوە بەم ئاگرى خۆپیشاندانە بسوتێن.

ئەم خۆپیشاندانانە ڕەهەندێکی هزریشیان لە پشتەوەیە، سەرەتایەکن بۆ دەرکەوتنى دوو مۆدێلی جیاواز لە ناو شیعەکاندا، کە لە فەرهەنگی نوێی سیاسییدا بە شیعەى ئێرانیی و شیعەى ئەمریکیی ناسراون، دواجار ئەم خۆپیشاندانانە تا هەر کوێیەک بڕۆن، ناسنامەى شیعە_بوون لە دەوڵەتى عێراق ناسێننەوە، بەڵام گومانى تێدا نییە، کە فۆرمی دەوڵەتەکە گۆڕانی بەسەردا دێت، بەتایبەت دواى ئەوەى شیعەى ئێرانیی لە هەر شوێنێک دەستەڵاتی هەبووبێت لە ڕووى سەربازییەوە بەهێزبووە، بەڵام هەرگیز نەیتوانیوە لە ڕووی ئابوریی و کەلتورییەوە خەڵک تێر و دڵخۆشبکات، بەڵکو هەمیشە سیمایەکی ترسناکی بەو ناوچانە بەخشیوە، کە حوکمڕانییان تێدا کردووە. بۆیە ئەم ڕەوتە نوێیە دەیەوێت تایپێکی تر لە شیعە حوکمڕانیی بکات، کە زیاتر هێزی ژیاندۆستیی بەرجەستە بکەن و لە ڕووی ئابورییەوە بوژانەوەى گەورە بەخۆیەوە ببینێت.

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations