ململانێ لە ناوچە شیعەنشینەکان

ٍشاسوار هەرشەمی
27.10.2019

ناوچە شیعەنشینەکان، بە شاری چەند ملیۆنی بەغداشەوە، دیسان ڕووبەڕووی شەپۆڵێکی دی تێکەڵ لە خۆپیشاندان و خۆدەرخستنی چەکدارانەی لایەنە دژ بەیەکەکانی شیعە بووەوە.

من زووتر و هەر لە سەرەتای خۆپیشاندانەکانەوە، نوسیم کە ئەم خۆپیشاندانانە، تائیفیی و ناوچەیین و پەیوەندیان بە باڵە ناکۆکەکانی ناو هێزە شیعەکانەوە هەیە. بێگومان خەڵکێکی زۆری بێکار و برسی و نەبوو، هاوکات کەسانێکی کەمیش بە خەیاڵی هاتنە کایەی ڕژێمێکی دیموکراتیی، شان بەشانی هەندێک لە بەعسیەکان، کە خەون بە گەڕاندنەوەی سیستەمی بە نەفرەت کراوی پێشو دەبینن، خۆیان تێکەڵاوی خۆپیشاندانەکان کردووە و دروشم و داخوازیەکانی خۆیان دەڵێنەوە.

سوننەی عارەب و کورد، شتێکی هاوبەش لەگەڵ داخوازی شیعەکان کۆیان ناکاتەوە


وەک دەبینین، کە تا ئێستاش، هەر هەموو خۆپیشاندانەکان، تەنیا لەلایەن تائیفەی شیعەوە بەڕێوە دەچێت و سوننەی عارەب و کورد، شتێکی هاوبەش لەگەڵ داخوازی شیعەکان کۆیان ناکاتەوە.

ئەمانە هیچ لەو ڕاستیە ناگۆڕێت، کە ئامانجی سەرەکی خۆپیشاندانەکان، بریتیە لە لادانی باڵەکانی حیزبی دەعوەی شیعە و هاوپەیمانانیان لەسەر دەستەڵات، لەلایەن دەستە چەکدارەکانی سەدر و هاوپەیمانانیەوە. بە دڵنیایی، ئەگەر موقتەدا سەدر بتوانێت دەست بەسەر دەستەڵات دا بگرێت، ئەوا باری دیموکراتیی، کە خۆی لەرزۆکە، هێشتا زۆر بەرەو پاشتریش دەچێت.

لە سەر ئاستی بەرزی وەزیرەکان و بەرپرسان، گەندەڵیی و دزیی کەم ببێتەوە، بەڵام چونکە سەدر، پتر کەوتۆتە ناو بابەتە خەیاڵ پڵاوەکانی میتۆلۆژیای شیعەگەریی، ئەوا بەشی هەرە زۆری بودجەی عێراق، دەچێتە خزمەتی بڵاوکردنەوەی توند و تیژی شیعەگەریی

لەوانەیە لە سەر ئاستی بەرزی وەزیرەکان و بەرپرسان، گەندەڵیی و دزیی کەم ببێتەوە، بەڵام چونکە سەدر، پتر کەوتۆتە ناو بابەتە خەیاڵ پڵاوەکانی میتۆلۆژیای شیعەگەریی، ئەوا بەشی هەرە زۆری بودجەی عێراق، دەچێتە خزمەتی بڵاوکردنەوەی توند و تیژی شیعەگەریی، لە شوێنانی وەک بەحرێن، یەمەن، لوبنان، ئەفغانستان، دەممامی عەرەبستانی سعودیە و شوێنانی دیش.

پیاوێک ڕۆژانە بە تەمای ئەوە بێت، کە ئیمامی غائیبی زەمان، دوای ئەوەی پتر لە ١١٠٠ ساڵە خۆی لە کونێک حەشار داوە، دێتە دەرەوە و سواری ئەسپێک دەبێت و بە چەکمەی سور و شمشێرێک بە دەستیەوە، یەکسەر ڕوو لە مەککە دەکات و لە سەرەڕێگاشدا، هەندە سوننەی کافر دەکوژێت، تا گۆمی خوێن دروست دەکات. کەسانێکی ئایینی خۆشباوەڕ بەو ئەفسانانە، ناتوانن نە دیموکراتیی، نە خۆشبەختیی و نە دادپەروەریی بۆ کۆمەڵگا بێنن.

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations