بۆچی ترەمپ لە پڕ پشتی لە كورد كرد؟

سەنگەر سەیدقادر
21.10.2019

دۆناڵد ترەمپ لە ١٧ مانگی نیسانی ئەمساڵەوە تا ٤ئۆكتۆبەر داواكەی توركیای بۆ پیكهێنانی ناوچەی ئارام بە قوڵای ١٩-٢٥ كیلۆمەتر ڕەتدەكردوە چونكە بەو شێوەیە ڕێگای M4 كە ڕۆژئاوای كوردستان و عێراق بە دیمەشق و لوبنانەوە دەبەستێت و ڕێگایەكی ستراتیژیە و هێڵی سەرەكی هیلالی شیعیە. 

بەڵام لە ٨ تشرینی یەكەم ترەمپ ڕازی دەبێت بە داواكەی توركیا نەك بەتەنها ١٩-٢٥ كیلۆمەتر بەڵكو قوڵاییەكەی بگاتە ٣٢ كیلۆمەتر و ڕێگای M4  بكەوێتە ناو ئەو ناوچە ئارامەوە و گڵۆپی سەوزی بۆ هێرشەكەی توركیا هەڵكرد و ڕێگری لەپەنتاگۆنیش كرد دەستێوەردان بكات.

پێشتریش ڕوسیا و توركیا و ئێران و سوریا داوای كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكایان دەكرد و پەنتاگۆن ڕەتیدەكردەوە، بەڵام لە دوای هێرشەكەی توركیا ترەمپ ئەم داواكاریەی ئەو وڵاتانەی بەجێهێنا و بڕیاریدا ٧٨% هێزەكانی ئەمەریكا لە سوریا بكێشێتەوە بۆ ڕۆژئاوای عێراق. 

ترەمپ بەم دوو بڕیارەی دەیویست چەند ئامانجێك بپێكێت:

١- كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە ڕۆژئاوا بەهۆی مەترسی هێرشی ئێرانەوەبوو بۆسەر ئەوهێزانە چونكە هیچ پارێزبەندیەكی یاساییان نیە و توانای بەرگری ئەمەریكاش لە هێزەكانی لە ڕۆژئاوای كوردستان لاوازە و ئامانجێكی ئاسان بوون بۆ ئێران.

٢- هێزەكانی ئەمەریكا لە ڕۆژئاوای كوردستانەوە گواسترانەوە بۆ ڕۆژئاوای عێراق لەسەر سنوری سوریا بە ئامانجی پچڕاندنی هیلالی شیعی لەناو خاكی عێراقەوە بۆ سوریا، بەتایبەت دوای ئەوەی لە مانگی تەموزی ئەمساڵەوە ئێران دەستی بەدروستكردنی گەورەترین بنكەی سەربازی كردوە لەوناوچەیە.

٣- لەسەر ئاستی ناوخۆ ترەمپ لە ژێر فشارێكی زۆردا بوو بەهۆی ئابڕووچونەكەی پەیوەست بە ئۆكرانیاوە مەترسی دورخستنەوەی هەبوو بۆیە دەیویست لە ڕێگەی ئەم هێرشەی توركیاوە فشارەكانی سەری كەمبكاتەوە.

٤- لەسەر ئاستی جەماوەریش بەپێی دواین ڕاپرسی فۆكس نیوز زۆرینەی ئەمەریكیەكان. دژی ترەمپن و ٤٨% پێیان وایە ترەمپ نەخۆشی دەرونی هەیە و شیاوی سەرۆكایەتی نیە، هەر بۆیە  ترەمپ بە بڕیاری كشانەوەی هێزەكانی لە سوریا دەیویست سۆزی خەڵك ڕابكێشێت، بەڵام میدیای ئەمەریكی و كۆنگرێس ئەم هەوڵەیان شكست پێهێناو خەڵك دەزانێ سەربازەكان. دەچنەوە عێراق نە ئەمەریكا و ترەمپ ٤ هەزار سەربازی زیادەشی ناردوە بۆ سعودیە.

٥- ترەمپ لە ڕێگای ڕێگەدان( هاندانی) توركیاوە بۆ هێرش كردنە سەر ڕۆژئاوا ویستی ئەردۆگان بخاتە داوەكەوە و بەوەش لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ناوەندی بڕیاری ئەمەریكی ئەردۆگان بووە بە كەسێكی مەترسیدار و نەیارەكانی زۆر زیاتر بوون.

ئایا ئەمەریكا دەستبەرداری ڕۆژئاوا دەبێت؟

 ئەوەی لەسەرەوە باسكرا ستراتیژ و بڕیاری ترەمپە كە ستراتیژی ناوەندی بڕیاری ئەمەریكی بەلاڕێدا بردووە بۆ بەرژەوەندی خۆی لە پێناو هەڵبژاردن مانەوەیدا چونكە ئەوەی ستراتیژی ناوەندی بڕیاری ئەمەریكایە بۆ باكوری سوریا بریتیە لە:

١- دروستكردنی كیانێكی نیمچە سەربەخۆ (ئۆتۆنۆمی)لە چوارچێوەی سوریادا كە چەقی بەڕژەوەندی ئەمەریكا و ئیسرائیل بێت.

٢- لەڕێگەی ئەو  كیانە نیمچە سەربەخۆ(ستاتیۆیە)وە ڕێگری بكرێت لە هیلالی شیعی و پەڕینەوەی ئێران لە عێراقەوە بۆ سوریا لە ڕێگای وشكانیەوە.

٣- ئەمەریكا باكوری سوریا و سەرچاوە سروشتیەكانی وەك نەوت و غاز و ئاو ئارەبا (كارۆئاوی) وەك چەكێك و فشارێك بەرامبەر  سوریا و ڕوسیا بەكار بهێنێت

٤- پاراستنی ناوچەنەوتی و غازییەكان و هەناردەكردنی لە ڕێگای عێراقەوە (یان سوریا و توركیای دوای ئەردۆگانەوە) بۆخۆبەڕێوبردنی ئابوری ئەو ستاتیۆ ئۆتۆنۆمیە

٥- دابڕینی تەواوەتی هەسەدە لە پەكەكە و ڕێگری كردن لەدەستێوەردان لە ڕۆژئاوای كوردستان.

٦- بەهۆی مەترسی ئێران لەسەر كوردستان و دەستبەسەراگرتنی عێراق لەلایەن ئێرانەوە ڕۆژهەڵاتی فورات بڕیاربوو ببێت بەچەقی ستراتیژی ئەمەریكا لە سوریا و عێراق و لوبنان.

 بەڵام ترەمپ ستراتیژی ناوەندی بڕیاڕی ئەمەریكای شێواندنەوە و بەرژەوەندی ئەمەریكای لە تەواوی ناوچەكەدا خستوتە مەترسیەوە بەجۆرێك لە پێناو ڕاستكردنەوەی هەڵەیەكدا هەڵەیەكی گەورەتر دەكات و ئەم هەڵانەش پێگەی ڕوسیا و ئێرانی بەهێز تر كردوە و متمانە و سەنگی ئەمەریكای لەناوچەكەدا لاوازكردووە و هاوپەیمانەكانی ئەمەریكای ناچار كردوە بەدوای شوێنگرەوەدا بگەڕێن و بچنە باوەشی ڕوسیا و چینەوە.


هەربۆیە ئێستا ناوەندنی بڕیاری ئەمەریكی بە دیموكرات و كۆماریەكانەوە دەیانەوێت لە ڕێگای كۆنگرێسەوە هەڵەكانی ترەمپ ڕاستبكەنەوە و ڕێگری بكەن لە هەڵەی زیاتر و سنورێك بۆ هەڵەشە و بڕیارە شێتانەكانی ترەمپ دابنێن، هەروەك نوكتەیەكیش هەندێك لەكۆنگرێس مانەكان دەڵێن (ئەو تەلەفون و قەڵەمە لە ترەمپ وەربگرنەوە و قەڵەم و تەلەفونێكی منداڵانەی بدەنە دەست بۆ ئەوەی توشی كارەساتی زیاترمان نەكات).

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations