له‌ "ئه‌نفال"ه‌وه‌ بۆ "فه‌تح"

ئاراس فەتاح
17.10.2019

له‌ ١٤ ئۆکتۆبەردا (خلوسی ئاکار) وەزیری بەرگری توركیا، ئەم نەخشەیەی له‌سه‌ر واڵه‌كه‌ی فه‌یسبوكی خۆی بڵاوكردوەتەوە و نوسیویەتی: "چاومان لەسەر خاکی کەس نییە، هەرکەسێکیش چاوی لەسەر خاکی ئێمە بێت چاوەكانی دەردەهێنین". 

گه‌رچی ئه‌م نه‌خشه‌یه‌، خه‌ون به‌ هێنانه‌دی ئه‌و ده‌وڵه‌ت و نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌ وێناكراوه‌ی توركیا ده‌بینێت، به‌ڵام ئه‌م خه‌ونه‌ (پان ناسیۆنالیستی)یه‌ وه‌كو خه‌ونه‌كه‌ی سه‌دام بۆ دروستكردنی یه‌كێتی خاكی عه‌ره‌بیی كه‌ له‌ داگیركردنی كوێته‌وه‌ ده‌ستیپێكرد، بووه‌ هۆكارێك نه‌ك تانها بۆ دابه‌شبوونی جیهان به‌سه‌ر دژه‌ جه‌نگ و به‌ره‌ی جه‌نگ، به‌ڵكو بووه‌ هۆكاری دابه‌شبوونی سه‌روه‌ریی ده‌وڵه‌ت له‌ناوه‌وه‌ و دروستكردنی یه‌كه‌م ناوچه‌ی ئارام بۆ هه‌رێمی كوردستان كه‌ له‌ مێژووی سیاسیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كاندا بێوێنه‌ بوو.

وێنەی ‏‎Aras Fatah‎‏.

به‌عسییه‌كان ده‌یانگوت ئێمه‌ كێشه‌مان له‌گه‌ڵ كوردا نییه‌، به‌ڵكو كێشه‌مان له‌گه‌ڵ ده‌سته‌یه‌كی به‌كرێگیراودا هه‌یه‌. ئه‌ردۆگانییه‌كانیش ده‌ڵێن ئێمه‌ كێشه‌مان له‌گه‌ڵ كوردا نییه‌، ئه‌وه‌ نییه‌ له‌ توركیا له‌گه‌ڵماندا ده‌ژین، به‌ڵكو كێشه‌مان له‌گه‌ڵ تیرۆریستاندا هه‌یه‌. 

له‌ ڕابردوودا ده‌وڵه‌تی به‌عس پرۆسه‌ی كوشتنی جه‌سته‌ سیاسییه‌كه‌ی كوردی به‌ناوی (ئه‌نفال)ه‌وه‌ پیاده‌كرد و ئه‌ردۆگانیزمیش له‌مڕۆدا به‌ناوی (فه‌تح)ه‌وه‌ و به‌پاساوی پاكسازیی له‌ تیرۆریستان، ده‌ستی كردووه‌ به‌ پیاده‌كردنی قۆناغی یه‌كه‌م له‌ به‌دیهێنانی پرۆژه‌ی پاكتاوه‌ ره‌گه‌زییه‌كه‌ی له‌ كوردستانی رۆژئاوا. 

گه‌ر سوڵتانه‌كه‌ی ده‌وڵه‌تی توركیا له‌ فه‌تحه‌كانی به‌رده‌وام بێت، ئه‌وا فه‌تحی دووهه‌می وه‌كو له‌ نه‌خشه‌كه‌دا دیاره‌،‌ له‌ هه‌رێمی كوردستاندا ده‌بێت.

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations