شكستی پڕۆژەی ئەمەریكا لە سوریا

فەرمان سادق
14.10.2019

دۆخی سوریا و رۆژئاوای كوردستان هێندە ئاڵۆزە، ئاسان نیە شیكارێكی دروستی بۆ بكەی و دەكرێت لە چەندان روانگەوە قسەی لەسەر بكرێت، بەڵام پێشهاتی رێككەوتنی خۆسەری دیموكراتی لەگەڵ رژێمی ئەسەد، دەكرێت بە باشترین بژاردەی بەردەم خۆسەری دیموكراسی وێنا بكەین بە بەراورد بە بژاردەكانی تر، بێگومان بە دیوەكەی تر دەكرێت بڵێین شكست و خۆبەدەستەوەدانە بەرانبەر بە مانەوەی ناسنامەی گەلێك كە لەلایەن هاوپەیمانەكەی پشتی لێكرا.

هەسەدە لەوپەڕی توانایەو هێزێكی تۆكمەی خاوەن دیسپلین و پابەندییە، شەش رۆژی رابردوو ئەوەی سەلماند كە دووەم گەورەترین هێزی ناتۆ بە نوێترین چەك و هێزی ئاسمانی و تۆپبارانكردن هێشتا نەیتوانیوە ئەو پێشڕەوییە بكات كە چاوەڕوان دەكرێت لە وەها هێزێكی گەورە. هەسەدە، هەروەك چۆن دڕندەترین هێزی تیرۆریستی لەناوبرد، خەریكە هەیبەت و شكۆی سوپای توركیاش دەشكێنێ، ئەمەشە وایكردووە ئەو سوپایە بە هەڕەمەكی تۆپبارانی سەنتەری شارو خەڵكی سڤیل بكات تا مۆڕاڵی شەڕڤانان بڕوخێنێت، هەر ئەمەشە ئەو هێزەی ناچار بە خواردنەوەی پیاڵە ژەهرەكە كردو لەگەڵ رژێمی ئەسەد رێككەوتنی گەڕانەوەی سوپایەكی دڕندەی حكومەتی سوریا بكات.

پێموایە هەسەدە پەلەی لەو رێككەوتنە كرد، لایەنی كەم دەبوو چاوەڕێی بكردایە تا كۆتایی ئەم هەفتەیە كە هەڵوێستی یەكێتی ئەوروپا لە كۆبوونەوە چاوەڕوان كراوەكەی روون دەبێتەوەو ئێستاش مێركل و ماكڕۆن لە كۆبوونەوەن، دەبوو چاوەڕێ بكات كۆنگرێسی ئەمەریكا چ بڕیارێك دەدات، بەڵام دیارە دۆخەكە دەیخواست! 

رێككەوتنەكە لە خاڵی هەرە سەرەكیدا دەكرێت وەك شكستی پڕۆژەی ئەمەریكا لە سوریاو رادەستكردنی چارەنووسی ئەو وڵاتە بە روسیا لێك بدرێتەوە، ئیتر هیچ وڵاتێكی تر دەسەڵاتی ئەوەی نیە لە سوریا قسە بكات جگە لە روسیا

ئەوەیشی كە زۆر جێگەی سەرنج و خاڵێكی نێگەتیڤە لەسەر پەكەكە، ئەوەیە كە ئەو هێزە هیچ هەڵوێستێكی نەبوو، ئەوە كەی بە هەڵوێست ئەژمار دەكرێت لە میدیا بەیاننامە بڵاو بكاتەوە! دەبوو لایەنی كەم هێز رەوانەی رۆژئاوا بكات و لە باكوریش بەرەی جەنگ دژ بە توركیا بكاتەوەو چالاكی مەدەنی لە باكور ئەنجام بدات، ئەوانەی هیچ نەكرد.

بەدیوێكی تر ئەو رێككەوتنە بۆ توركیاش قازانجە، چونكە ئەو وڵاتە لە سزای یەكێتی ئەوروپاو ئەمەریكا لەلایەك رزگار كرد، هاوكات شكستی سوپای توركیایشی لە بەرەكانی جەنگ پەردەپۆش كرد، بەڵام ئەو خۆڕاگریەی لە هەسەدە داواكراوە بۆ كەسانێك لە دوورەوەی گۆڕەپانی شەڕو خەڵكی شارو گوندەكانی رۆژئاوا، بێ مانایە!

رێككەوتنەكە لە خاڵی هەرە سەرەكیدا دەكرێت وەك شكستی پڕۆژەی ئەمەریكا لە سوریاو رادەستكردنی چارەنووسی ئەو وڵاتە بە روسیا لێك بدرێتەوە، ئیتر هیچ وڵاتێكی تر دەسەڵاتی ئەوەی نیە لە سوریا قسە بكات جگە لە روسیا، چیتریش ئەمەریكا لای كوردەكان جێی متمانە نین!

بازرگانێكی وەك دۆناڵد ترەمپ، هەمیشە چاوێكی لەسەر كۆمپانیاكانی و پڕۆژەكانیەتی، ئەمەو كارتە گوشارەكانی بەدەست پوتینن، پێدەچێ خاڵی لاوازی ترەمپ بن، ئەو رەخنەیەش بە ئاشكرا لەلایەن سەركردەكانی دیموكراتەكان لە میدیای ئەمەریكی لە ترەمپ دەكرێت

دوور نیە و دەكرێت ئەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا دەیكات و ئەو سازشەی بۆ توركیا، پێوەندی بە دۆخی ناوخۆی وڵاتەكەی زیاتر هەبێت نەك سوریا و رۆژئاوا! ترەمپ لە بەردەم هەڵبژاردنی 2020ـی داهاتووی ئەمەریكاو دۆسیەی دەستوەردانی روسیا لە هەڵبژاردندایە، دیموكراتەكانیش تا دێت هەوڵەكانیان چڕ دەكەنەوە پێش هەڵبژاردن گورزێكی سیاسی و یاسایی لە ترەمپ بوەشێنن. 

دیارە دەستوەردانی روسیا لە هەڵبژاردنی ئەمەریكا تا ئاستێكی زۆر یەكلا بۆتەوە، یان لایەنی كەم روسیا كە وڵاتی تۆمەتبارە، ئەگەر دەستوەردانی كردبێت ئەوا بەڵگەی هەیە، پێدەچێ ئەوە كارتی گوشاری پوتین بێت بەرانبەر بە ترەمپ، بۆیە ترەمپ نەك لە پرسی رۆژئاوا، بەڵكو لە پرسی دوورگەی قرمی ئۆكرانیاش وەك پێویست نەیتوانیوە بەرانبەر پوتین بوەستێتەوە، شكستی هێنا لە مامەڵەكردن لەگەڵ ئێران و بەرنامەی ناوكی، شكستی هێنا بەرانبەر توركیا لە كڕینی سیستەمی بەرگری ئێس 400ـی رووسی، خەریكە بەرانبەر چینیش لە جەنگی بازرگانی شكست دەهێنێت!

بازرگانێكی وەك دۆناڵد ترەمپ، هەمیشە چاوێكی لەسەر كۆمپانیاكانی و پڕۆژەكانیەتی، ئەمەو كارتە گوشارەكانی بەدەست پوتینن، پێدەچێ خاڵی لاوازی ترەمپ بن، ئەو رەخنەیەش بە ئاشكرا لەلایەن سەركردەكانی دیموكراتەكان لە میدیای ئەمەریكی لە ترەمپ دەكرێت. جگە لەمە، خاڵێكی تری لاوازی ترەمپ، ئیدارەكەو تیمەكەیەتی، تا ئێستا ژمارەی پێوانەیی تۆمار كردووە لە دەستلەكاركێشانەوەو دوورخستنەوەی بەرپرسانی ئیدارەكەی، ئەمەش لێكەوتەی نەرێنی بەسەر سیاسەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە هەبووە لە مامەڵەكردن بەرانبەر بە دۆسیەكانی جیهانی.

رووداوەكانی رۆژئاوای كوردستان، دوای دوورخستنەوەی جۆن بۆڵتن و برێك ماكگۆرك و وەزیری بەرگری ئەو وڵاتە دێت، پاش رێككەوتنیش دێت لەگەڵ توركیا لەسەر ناوچەی ئارام، چونكە ئەو سێ كەسایەتییە لە ئیدارەكەی ترەمپ، سەرسەختانە بەرگریان لە بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا لە سوریا دەكرد كە بەرژەوەندی ئەمەریكاش لەوێ یەكسان بوو بە بەرژەوەندی كوردەكان، تەنانەت بەرانبەر بە ئێرانیش لە پرسی دۆسیەی ناوكی، زمانی قسەكردن نەرم بووەو ئێستا ئەوە ئێرانە ئامادە نیە لەگەڵ ترەمپ دانیشتن بكات و گفتوگۆ رەتدەكاتەوە، وەك ئەوەی مانگی رابردوو حەسەن روحانی سەرۆك كۆماری ئێران دەستپێشخەری ئیمانوێل ماكڕۆنی رەتكردەوە كاتێك سەرۆكی فەڕەنسا بە تەلەفۆنەوە چووە هوتێلەكەی روحانی تا قسە لەگەڵ ترەمپ بكات!

راگەیاندنی بڕیاری قەدەغەی فڕۆكەی جەنگی لەسەر ئاسمانی رۆژئاوا یان باكوری سوریا لەلایەن روسیا، پێمان دەڵێ، ئیتر روسیا قسەكەری یەكەمە لە سوریا، چیتر تویتەكانی ترەمپ، تورێكی قوڕێكی ناهێنن، پێدەچێ لە داهاتوودا پێگەی ئەمەریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاتر لاواز بكات و روسیا رۆڵ بگێڕێت.

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations