زمانی جەنگ ئیسلامی

سەردار عەزیز
10.10.2019

ئەردۆگان موسوڵمانە، سوپاکەی ناوی سوپاسی موحەمەدە، ئێستا لە هێرشدایە بۆ سەر خەڵكێک کە هیچ مەترسیەکیان بۆ وڵاتەکەی نەبوە، تەنها لە بەر ئەوە تورک نین یان ئیخوان نین. جگە لە لایەنی سەربازی لایەنی زمانەوانی ئەم جەنگە بە هەمان ئاست گرنگە، چونکە زمان ئاگایی کۆنترۆڵ دەکات.

ئەردۆگان هیچ کێشەیەکی نیە لە گەڵ داعشدا، ئەمە درۆیە. یەکێک لە هۆکارەکانی هاتنی ئەمریکا بۆ سوریا ئەوەبو کە تورکیا ئامادەنەبو کە سنوری دابخات بە ڕوی داعشدا کاتێک داعش لە تەل العبێد بە بێ کێشە هاتوچۆی دەکرد

یەکێک لە هەرە دیاردە ئاڵۆزەکانی ناو دونیای سیاسەت و ئەخلاقی کوردی ئاین و باوەڕ و ئایدەلۆژیای ئیسلام بوە. ئەگەر هەمو ئەوانیتر دەتوانن ئیسلام بە سودی خۆیان و دژ بە کورد بەکاربهێنن، کورد تاکە خەڵکە کە کۆیلەی ستراتیژی ئەوانیترە و ئیسلام دژ بە خۆی بەکاردەهێنێت. ئەمە پەیوەستە بە ئاستی ئاگایی و ئەخلاقەوە، یان ئاستی گەمژەیی و بێئەخلاقیەوە. کاتێک ئیسلامیە کوردەکان شیوەن بۆ مردنی مورسی دەگێڕن و هەلهەلە بۆ مەرگی مناڵی کورد دەکێشن، بە ئاشکرا دەردەکەوێت کە ئاستی کۆیلەبون و داتەپینی ئەخلاقییان لە چ ئاستێکدایە. دەتوانین بڵێین کە ئیسلامیە کوردەکان وەها مێشکیان شۆراوەتەوە کە بونەتە بونەوەرێکی دژ-بەخۆ. ئەمە دۆخێکی دەرونی و ئەخلاقی ترسناکە.

هەرکە باسی زمانی جەنگ دەکەین جۆرج ئۆروێلمان دەکەوێتەوە یاد. ئەو ماستەری ئەم بوارەیە. ئەمڕۆ زمانی جەنگ ئاڵۆزترە لە سەردەمی ئەو.

هاوسۆز دەربڕین بۆ کەسێک لە سەر بنەمای ئاین، کاتێک ئەویتر ئاین بەکاردەهێنێت بۆ ئامانجی سیاسی و باڵادەستی و مناڵکوژی دەتکات بە کەسێکی بێئەخلاق

با باسی نمونەیەک بکەین، ئەردۆگان سوپاکەی ناو ناوە سوپای موحەمەد گوایە شەڕی داعش و یەپەگە دەکات. ئاشکرایە کە ئەردۆگان هیچ کێشەیەکی نیە لە گەڵ داعشدا، ئەمە درۆیە. یەکێک لە هۆکارەکانی هاتنی ئەمریکا بۆ سوریا ئەوەبو کە تورکیا ئامادەنەبو کە سنوری دابخات بە ڕوی داعشدا کاتێک داعش لە تەل العبێد بە بێ کێشە هاتوچۆی دەکرد. ئەم جێبەجێنەکردنەی خواستی ئەمریکا بۆ داخستنی سنور بە ڕوی داعشدا، لە لایەن تورکیاوە بۆ ئەوەی داعش هاتوچۆ بکات و هاوکاری پێبگەیەنرێت و تیرۆریستی لە هەمو دونیاوە بۆ بێت، هۆکارێکی سەرەکی بوو کە ئەمریکا پەیوەندی بە کوردەکانەوە کرد. ئەمڕۆ بانگەشەی شەڕی داعش جگە لە درۆیەکی گەورە هیچی تر نیە. ئەوەی کە مایەی تێڕامانە هەموو موسوڵمانە کوردە ئەردۆغانیەکان ئەمە بە باشی دەزانن.

لە کاتی جەنگدا چۆن دەبیتە درۆزن:

ووتنەوەی قسەی سەرکردەکانی جەنگ دەتکات بە درۆزن.

بیرنەکردنەوە لە نیازپیسی سەرکردەکانی جەنگ و یاری زمانەوانییان بۆ خەڵەفانت دەتکات بە گەمژە.

هاوسۆز دەربڕین بۆ کەسێک لە سەر بنەمای ئاین، کاتێک ئەویتر ئاین بەکاردەهێنێت بۆ ئامانجی سیاسی و باڵادەستی و مناڵکوژی دەتکات بە کەسێکی بێئەخلاق.



copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations