ئایا عێراق دەبێتە دەوڵەت؟

سەردار عەزیز
04.10.2019

نزیكەی سەت ساڵ لەمەوپێش، ئەوەی بە شۆرشی بیست ناسراوە ڕویدا. زۆرێك لە عێراقناسەكان بە سەرەتای دروستبونی عێراقی لە قەڵەم ئەدەن. بە درێژای ئەم سەدەیە ئەم بونە كە پێی دەڵێن عێراق، سەقامگیری نەدیوە. ئەگەر ساتێك سەقامگیربوبێت ئەوا لە ژێر سایەی جەبر و ستەمدابوە.

پرۆژەی دەوڵەتی عێراقی، هیچ پەیوەندی بە خەڵكی عێراقەوە نیە. عێراق دەبێت هەبێت، بۆ كۆمەڵێك ئامانج، كە دابراوە لە بەرژەوەندی و سودی سەرجەم خەڵكی عێراق. ئەم بەرژەوەندیانە بەردەوام بە پێی قۆناغەكان گۆراون و دەگۆڕێت. بەڵام ئەوەی نەگۆڕە ئەوەیە كە عێراق هیچ پەیوەندی بە خەڵكی عێراقەوە نیە. عێراق هەیە بۆ هاوسەنگی هێز، بۆ دابینكردنی وزە، بۆ ڕێگری لە باڵادەستی هێزێك بە سەر ناوچەكەدا. ئەمە لە ئاستی جیوپۆلەتێكی جیهانی. لە ئاستی ناوخۆدا، بە هەمانشێوە عێراق جگە لە ناوێكی بەتاڵ، بۆ نەبویەك، هیچ بونێكی نیە. هیچ حیزب و لایەنی سیاسی و بیرمەندێك نیە لە سەرتاپا مێژوی عێراقدا عێراقیانە بیری كردبێتەوە، هەمیشە عێراق گۆڕەپان و جێگایەك بوە بۆ بەدیهێنانی خەونی بەدەر لە عێراق، خەونی یەكێتی نیشتمانی عەرەبی، خەونی داكۆكیكردن لە دەروازەی ڕۆژهەڵات، خەونی باڵایی شیعە، پاراستن یان ڕێگری لە ئێران. ئەمە وەهایكردوە كە عێراق وەك ئامرازێك ببینرێت بۆ ئامانجێك، كە هەمیشەی لای لەیەك مەترسیە. بۆیە هەمو هێزەكانی تر لە هەوڵی ئەوەدان كە عێراق بەو شێوەیە بێت كە نابێتە مەترسی و لە خزمەتی بەرژەوەندی ئەویتردایە.

لە عێراقدا ڕژێم هەبوە، بەڵام دەوڵەت نەبوە. ئەم جێگرتنەوەی ڕژێم بۆ دەوڵەت وەهایكردوە كە عێراق لە هەر قۆناغێكدا عێراقی هەندێك بوە و ئەوانیتر تیایدا پەراوێز بوون

ئەگەر لە دوا دیداری قاسم سلێمانی بنوارێت، بە ڕونی بۆت دەردەكەوێت، كە چۆن ئەم وڵاتە دەبینرێت.

لە ناوەوە عێراق لە میانەی مێژویدا هێڵێك بوە بۆ دروستبونی ناسیونالیزمێكی خاكی، تیرەتۆری. ناسیونالیزمێك كە هەوڵ دەدات كۆمەڵێك خەڵكی جیاواز لە سەر خاكێك بكاتە بە یەك، لە زۆربەی كاتدا بە زەبری هێز و چەك. نوخبەی سیاسی عێراقی، لە زۆرجاردا ناوی عێراق بەكاردەهێنن بۆ شاردنەوەی ئامانجی ڕاستەقینەی خۆیان، كە تەواو جیاوازە لە عێراق. ئەم نەبوەنەی عێراق، وەهایكردوە كە ئەوانەی لە ناو عێراقدا سیاسەت دەكەن هەرگیز نەگەنە ئامانجی هاوبەش و كاری پێكەوەیی ، بەڵكو بەردەوام لە ململانێی و كێبڕكێ و كێشمەكێشدا بن بۆ بەدیهێنانی دەستكەوتی زیاتر.

ئەمە لە لە ئەنجامدا كۆمەڵێك دەرئەنجامی هەبوە:

یەكەم، نەبونی ئیمج، یان وێنای هاوبەش. هانا ئارێنت دەڵێت: نیوەی سیاسەت بریتیە لە دروستكردنی ئیمج یان وێنا و نیوەكەی تری بریتیە لە هەوڵدان بۆ قەناعەت پێكردنی ئەوانیتر بەو وێنایە. عێراق خاوەنی ئەم وێنایە نیە. ئەم ئیمجە، لای ئەندرسنیش دەیبینین كە دەبێتە بنەمای بون یان پێكەوەبونی نەتەوە. بیری بونی عێراق لە ناو زۆرێك لە خەڵكانی بیانیدا باوە كە دیدیان بۆ خەڵكی عێراق زۆر سوك و خراپە. ئەوان خەڵكی عێراق وەها دەبینن كە وابەستەی كۆمەڵێك كەلتورن: تایفی، ئاینی، ئیتنی، كە دەبێت دەستبەرداری ببن.

دوەم، نەبونی دەوڵەت. لە عێراقدا ڕژێم هەبوە، بەڵام دەوڵەت نەبوە. ئەم جێگرتنەوەی ڕژێم بۆ دەوڵەت وەهایكردوە كە عێراق لە هەر قۆناغێكدا عێراقی هەندێك بوە و ئەوانیتر تیایدا پەراوێز بوون. نەبونی دەوڵەت مانای نەبونی بیروكراتیەت، نەبونی بونیادە ناوەكیەكان، نەبونی ژێرخان، نەبونی سوپا، نەبونی ئابوری.

نەبونی نوخبەی ڕۆشنبیری عێراقی. باڵاترین ڕۆشنبیر ببینە لە عێراقدا، دوای دوو پەرەگرافی بێمانا، هەرزو دەبێتە تایفی، یان سیخناخ لە تیورەی پیلانگێڕی و خۆ بە قوربانی زان

سێیەم، نەبونی هاوبەشی. بۆئەوەی عێراق هاوبەشی هەبێت، دەبێت لە پرۆسەیەكی ئەبستراكتیدا بەرهەم بێت. چونكە پێكهاتەكانی ناتوانن هاوبەشی پێكەوە دروست بكەن، لە بەر بونی یادەوری خراپ و لاوازی ئاگایی و نوخبەی پەیوەست بە دەرەوە و بەرژەوەندی دەرەكی و زۆر هۆكاری تر.

چوارهەم، نەبونی نوخبەی ڕۆشنبیری عێراقی. باڵاترین ڕۆشنبیر ببینە لە عێراقدا، دوای دوو پەرەگرافی بێمانا، هەرزو دەبێتە تایفی، یان سیخناخ لە تیورەی پیلانگێڕی و خۆ بە قوربانی زان و دوور لە هەموو خوێندنەوەیەكی قوڵ و بەرپرسانە.

ئایا عێراق دەبێتە دەوڵەت؟


بونی عێراق بە دەوڵەت، پەیوەستە بە فاكتەری ناوەكی و دەرەكیەوە. لە سەردەی جیهانگیریدا دەوڵەت خاوەن سەروەری نیە وەك جاران. هیچ وڵاتێك نیە لە دونیادا بتوانێت ئابوری خۆی بە دەر لە دۆخی جیهانی دابین بكات. ئابوری عێراق لە هەموان زیاتر ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە دۆخی جیهانیەوە لە ئاستی، نرخ، بەكاربردن، داهات. بۆیە زۆر زیاتر لە وڵاتانی تر لاوازترە لە بەردەم دۆخی جیهانیدا. بۆ نمونە گۆڕینی سەرچاوەی وزە، نرخی وزە، ململانێ جیوپۆلەتیكیەكان، گەشەی تەكنەلۆجی.

لە كاتێكدا كە عێراق وەها لاوازە بەڵام كەس دەرك بە ئەمە ناكات و هیچ ئاماژەیەك نیە كە كاری بۆ بكات. لە داهاتودا عێراق دەبێتە وڵاتێك كە ناتوانێت دەرەقەتی قەیرانەكانی بێت چونكە كۆمەڵگا ژمارەی زۆر دەبێت، دانیشتوان زۆر دەبن، داهات سنوردار دەبێت. ئەگەر تەماشای ئەزمونی ئەو وڵاتانە بكەیت كە لە فۆرمێكی ئابوریەوە گواستویانەتەوە بۆ فۆرمێكی تر لە بیست بۆ سی ساڵی ویستوە، چونكە دەبێت نەوەیەكی نوێ بە سكیڵی نوێوە بهێنیتە بەرهەم. لە عێراقدا چەندین نەوە هەن هیچ هیوایەك نیە كە بتوانن سودمەندی ئابوری نوێی جیهانی بن، جگە لە بەكاربەریی. بۆیە نەوت بە تەنها سەرچاوە دەمێنێتەوە. هیچ ئاماژەیەك نیە كە نەوت داهاتوی هەیە. لە بەردەوامی قەیراندا ئاین و چەك و توندوتیژی و نائومێدی و موخەدەرات دەبنە سیمای سەرەكی سیاسەت.

بەشی زۆری ئەم ڕاڤەكارییە بۆ كوردستانیش ڕاستە.

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations