موریدەكان راستیەكان دەشێوێنن

موعتەسەم نەجمەدین
01.10.2019

لە هەلومەرجی ئەمرۆی كوردستان و عێراقدا دۆخێكی ناجێگیر و پڕ لە ئاڵۆزی سیاسی دەقی گرتوە. لەم فاكتەدا جگە لە قەیران و كێشە گشتیەكان، سەركردایەتی یەكێتی لە قۆناغی پەرینەوەیدا دەرئەنجامی هەڵسوكەوتی ناتەندروست و سیاسەتی هەڵە و بریاری نارەواو نادادپەروەرانە كۆمەڵێك كێشە و قەیران و بەربەستی ستراكچەری و لاوەكی بۆ خۆی دروستكردوە. دابەشبوونی بەشە دەسەڵاتدارەكەی لە سەركردە باڵاكانەوە تا كادر و ئەندامانی حزب بە سەر چەند باڵ و گروپێكدا، دۆخێكی تەواو ناجێگیر و دژوار و پڕ لە كێشەی بۆ تەواوی ئۆرگان و ئەندامانی یەكێتی خوڵقاندوە، جەستەی یەكێتی بەشێوەیەك پەرت و لاواز كردوە ئومێدی بوژانەوە و سەرلەنوێ هەستانەوەی سەخت و دژوار كردوە، بۆیە لەم بارەدا یەكێتی كەوتوەتە بەردەم هەڵبژاردەیەكی سەخت، ئایا بەم نەخۆشی و كێشانەوە بەردەوام دەبێت تا كۆتای یان بریار لە سەر رەتكردنی ئەم دۆخە دەدات. لەئێستادا پێناچێت سەركردایەتی یەكێتی و بەرپرسە باڵاكان و تێكۆشەرە دێرینەكان ئامادە بن ئەم دۆخە چارەسەر كەن و دەستبەرداری دەسەڵات و بەرژەوەندیە تایبەتیەكانیان بن، بۆیە ئەركی كادرانی یەكێتیە هەڵوێستی جدیان هەبێت و بە باوەرەوە كار بۆ رەتكردنی ئەم دۆخە بە عەقڵ و دنیابینیەكی راست و تەندروستەوە بكەن. كار لە سەر چارەسەری قەیران و كێشە قاڵبەستوەكانی یەكێتی بكەن. شیكاركردنی نەخۆشیەكە و قسەكردن لە سەری بە بوێریەوە ئەركی ئەمرۆی كادرانە.  لە گەڵ ئەوەی قەیرانەكانی یەكێتی فرە رەهەندە و كاریگەری ناوخۆی و دەرەكی لە سەرە، بەڵام كێشەی گەورە ئەو ململانێ و ركەبەرایەتی و شەڕانەیە، كە لە سەر پۆستی سكرتێر و پۆستەكانی باڵای حزب لە مەكتەبی سیاسیەوە تا سەركردایەتی دەكرێت. 

 لە پرۆسەی گۆڕانكاری و نوێبونەوەدا هێنانە پێشەوەی ئاغایەكی نوێ بە هەمان كەلتور و عەقڵی رابردوو نەك هەر گۆڕان و نوێبونەوە ناخوڵقێنێت، بگرە پرۆسەی ئەنجامدانی گۆڕان و نوێبونەوە زۆر ئاڵۆز و سەختتر دەكات و دەرئەنجام دوور نیە سروشتی بەرجستەبوونی گۆڕانكایەكان لە پرۆسەیەكی هێمن و ئاشتەواویەوە نەگۆڕێت بۆ بەرپابوونی توندو تیژی و سەپاندنی گۆڕانكاری و نوێبونەوە بە هێزی زبر، كە دەرئەنجامەكەی هەموو میللەت تیایدا زەرەمەند دەبێت، بەڵام توێژی دەسەڵاتی كلاسیكی تیایدا بە تەواوەتی لەناو دەچن. رێگا راستەكە ئەوەیە، پرۆسەی گۆڕان و نوێبونەوە لە ئەمرۆدا دەبێت بەو ئاراستەیە بێت، كە گۆڕان و نوێبونەوە لە فۆرم و وبونیادی كاری رێكخراوەیدا ئەنجام بدرێت، بە گوزارشتێكی روون و رەوان دەبێت ئاراستەی گۆڕان و نوێبوونەوە سروشتی دەسەڵات لە ئاغایەتیەوە بگۆرێت بۆ دەمەزراوەی، لە هێزەوە بۆ مەعریفە، لە كۆنەپارێزیەوە بۆ نوێگەری. چیتر ئەم وڵاتە بە كەسانی نەخوێندەوار و ناشارەزا بەرێوە ناچێت. پرۆسەی بردنەپێشەوەی كەسانی ناشیاو  و ناشارەزا و نەخوێندەوار لە پێناو پتەوكردنی پێگەی ئاغاكان لە ئێستا بەدواوە ناتوانێت خەڵكی و روناكبیران بێ دەنگ بكات و كادرانی حیزبیش لەمە زیاتر سەركز و بێ هەڵوێستیان دەبێتە عەیبەیەكی گەورە. پوختەی قسە ئەوەیە دەبێت ئەم وڵاتە دۆخی مافیای و بێ سەروبەری رەتكات و واقعێكی تەندروست و گونجاو لە گەڵ گۆڕانكاری و پێشكەوتنەكانی دونیادا دابمەزرێنێت. گرژی و ئاڵۆزیەكان لە ئەمرۆدا ئەگەر بە سیاسەتیش خوڵقابێت یان دەرئەنجامی قوڵبونەوەی كێشەو ململانێكانی سەركردە و تێكۆشەرە دێرینەكان بێت، ئەوە چیتر ناتوانێت خەڵكی لە خشتەبەرێت و ئەو باوەرە بخوڵقێنێت، كە پێیوایە خەڵكی لە پێناو ئارامی و مانەوەیاندا رازیدەبن ئەم توێژە لە دەسەڵات بمێننەوە.

بێسەروبەری یەكێكە لە سیما دیارەكانی قۆناغی پەرینەوە. لەم دۆخەدا ململانی و شەڕ و ركەبەرایەتیەكان لە نێوان دوو ئاراستەدایە، ئاراستەیەك كار بۆمانەوەی دۆخەكە وەك رابدوو دەكات و ئاراستەیەكیش كار لە سەر بونیادنانی نوێگەری و دامەزراندنی زەمینەی قۆناغێكی نوێ بۆ ئیدارە و بەرێوەبردن دەكات

بێسەروبەری یەكێكە لە سیما دیارەكانی قۆناغی پەرینەوە. لەم دۆخەدا ململانی و شەڕ و ركەبەرایەتیەكان لە نێوان دوو ئاراستەدایە، ئاراستەیەك كار بۆمانەوەی دۆخەكە وەك رابدوو دەكات و ئاراستەیەكیش كار لە سەر بونیادنانی نوێگەری و دامەزراندنی زەمینەی قۆناغێكی نوێ بۆ ئیدارە و بەرێوەبردن دەكات. لەم پرۆسەیەدا تەواوی كادران و روناكبیران و خەڵكی گشتی دابەش دەبن بەسەر ئەم دوو ئاراستەیەدا، بەڵام وەك هەڵوێست لە هەر ئاراستەیەكدا چەند بۆچون و دنیابینیەك هەیە. لێرەدا ئەوەی بۆ بەرەی كۆنینەخوازەكان پێویستە مورید و كۆیلەكانیانە، ئەوەیشی مەترسی و بەربەست بۆ مانەوەیان دەخوڵقێنێت و دەبێتە ماییە سەرئێشەو گرفت كادرانی بوێر و خاوەن مەعریفە و هەڵوێستن، بۆیە لە ئێستادا ئەم دوو گروپە نەك هەر رووبەرووی یەكتر بونەتەوە و زۆرجار شەڕ و ململانێكان وادەردەكەون، كە ئەوەی روودەدات شەڕی ئەمانە نەك سەركردە و تێكۆشەرە دێرینەكان، بەڵكو دەبێتە هۆی تێكدانی پەیوەندی نێوان كادران و درز دەخاتە ئاشتەوای و یەكتر قبوڵكردنیان لە لایەن یەكترەوە. بارەكە بەو ئاراستەیە دەروات گروپێك دەبنە پیاوی دەسەڵاتێكی زاڵم و تاك رەو گروپێكیش دەبنە بەرهەڵستكار و بەرگی شۆرشگێری و هەڵوێستی نیشتمانی و نەتەوەی لە بەر دەكەن. ترسی گەورە لەم جیابونەوەیە لەوە دایە، گۆڕانكاری بنەرەتی لە ماوەیەكی نزیكی داهاتودا نەخوڵقێت و ناكۆكی و ململانێكان بگاتە ئاستی ئێسك شكاندنی یەكتر.

كادرانی باڵا لە دوو ئاراستەی جیاوازدا

شیكاركردن و خوێندنەوەی واقعیانە بۆ تەركیبەی كادرانی باڵای یەكێتی لە ئەمرۆدا زۆر كارێكی ئەستمە، هۆی ئەمەش لە راستیدا ئەوەیە، كە ئەم تەركیبەیە دەرئەنجامی ناجێگیری بارودۆخی ناوخۆی یەكێتی زۆر ئاڵۆز و نارون بووە. لە بارە گشتیەكەیدا كادران دابەشبون بە سەر چەند ئاراستە و دنیابینیەكی جیاوازدا، بە شێوەیەكی گشتی بوون بە سێ بەشەوە. بەشی زۆرینەیان بێدەنگیان هەڵبژاردوە و لە ئەمرۆدا هیچ هەڵوێست و جوڵە  و قسەیەكی ئاشكراو و رونیان نیە، سەرخۆیان كز كردوە لە چاوەروانی دەركەوتنی سیمای كۆتای حزب و جێگیربوونی بارودۆخەكە لە سەر شكڵێك هەرچۆنێك بێت، بەواتە  خۆیان و حزبەكەیان داوەتە دەست قەدەر. لە راستیدا پەرگیری و خۆدورگرتن لە وتنی راستیەكان و هەڵوێستوەرگرتن لە بەرامبەر هەڵە و كردەوە ناتەندروستەكانی هەندێك سەركردە رێگایەكە بۆ خۆپارێزی لە تورەی بەرپرسان و تێكۆشەرە دێرینەكانی خاوەن بریار و دەسەڵات.  بەشی دووەم؛ گروپێك كادری خاوەن هەڵوێست و بوێرن، هەرچەندە ئەم گروپە بە قەبارە زۆر بچوكن و كەمینەن، بەڵام بەهۆی هەڵوێستی رەخنەگرانەویانەوە سیما و رەنگیان دیارە.

ئەم گروپە زۆربەیان باجی هەڵوێسەكانیان داوە و هەندێكیشیان لە چاوەروانی سزادان و باجی هەڵوێستەكانیاندا بەردەوامن لە رخنەگرتن و هەڵوێست وەرگرتن. مەترسیەكانی سەركردایەتی و دەسەڵاتەكانی باڵای حزب لەم گروپە وایكردوە زۆر بە جدی و بە بەرنامە كار لە سەر پەراوێزخستن و دوورخستنەوەیان لە ناوەندی دەسەڵات و بریار بكەن. ئەم هەڵوێستە تیغێكی دوو سەرەیە، لە لایەك  وایكردوە بێهیوایەك لە گۆڕانكاری و نوێبونەوە لە ناو سەرتاپای كادران و ئەندامانی حزبدا بەرجەستە ببێت، لە لایەكیتریش هاندانە بۆ سەدان كادری تر، كە هەڵوێستیان هەبێت، هاوكات كادرانی نارازی رۆژ بە رۆژ زیاتر رقئەستور و تورە دەكات. لە راستیدا لە ئەمرۆدا دۆخێك خوڵقاوە كادری خاوەن هەڵوێست و مەعریفە، ئەو كادرانەی بێسڵكردنەوە و بەبوێری راوبۆچەنەكانی خۆیان دەخەنەروو، لە باشترین حاڵەتدا پەراوێز دەخرێن و هیچ پێگە و پۆست و ئیمتیازێك نایانگرێتەوە، بە بەرنامەیش كار بۆ دەركردنیان لە ریزەكانی یەكێتی دەكرێت، ئەمەش هەندێك جار لە رێگای دروستكردنی تومەت و ناوزەراندنیان  دەبێت. بەشی سێیەم، كە كەمینەیەكی بچوكن، ئەمانە لە دەوروبەری بەرپرسانن و زۆربەیان رۆڵی چاوساغ و راوێژكار دەبینن. لە راستیدا ئەمە بەو مانایە نیە، كە بوترێت هەموو ئەوانەی لە دەوری بەرپرسانن كەسانی لەم جۆر و بەشەن، بەڵكو لەوانەی دەوری بەرپرسانیانیان داوە كەمینەیەكیان لە ئەمرۆدا رۆڵی زۆر خراپ دەبینن، لە پێناو بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان و رازیكردنی ئاغاكانیان كار لە سەر شێواندنی راستیەكان دەكەن. ئەم توێژە، كە من بە مورید و كۆیلە ناویان دەبەم توێژێكی دیاریكراون و رەنگ و سیمایان بەروونی دیارە، ئەمانە بەواقعی مورید و كۆیلەن، لە پرۆسەی راوێژ و رێنمایكردنی ئاغاكانیان رۆڵی شەیتانەكەی ئۆسكار وایڵد لە رۆمانی وێنەكەی دووریان گرای دەبینن. بۆ بەرژەوەندی ئاغاكانیان و سودمەندبوونی خۆیان ئامادەن هەموو كارێكی شێواندن و بەلابردنی راستیەكان بكەن، ئەم توێژە بە راستی بونەتە خۆركەی پرانسیپەكانی حزب و بەهاكانی دیموكراسی و پرانسیپە مرۆیەكان، بۆیە نەك تەنیا لە ئەمرۆدا وەك كەسانێكی ناپوت و ناشرین دەردەكەون و تەنانەت هەندێك جار  رووی ئاوەدانیشیان نیە و بەزۆری خۆیان لە شوێنە گشتیەكان و كۆر و كۆبونەوە جەماوەر و تایبەتەكانی روناكبیران بە دوور دەگرن، بگرە ئەمانە لە بەرامبەر مێژوو و نەوەكانی داهاتویش وەك كەسانی خراپ و خۆفرۆش باسیان دەكرێت. 

 ئەم توێژە لە لایەن ئاغا و شێخەكانیانیشەوە رێزیان لێناگیرێت، هەموو شتێكیان دەدرێتێ تەنیا رێز و حورمەت و خۆشەویستی نەبێت، چونكە ئەوان باش ئەمانە دەناسن و دەزانن ئەمانە دەڵاڵن و لە كوێ كاسبیەكەیان بڕشتی زیاتر بێت لەوێ دەگیرسێنەوە

ئەركی ئەم توێژە پینەوپەرۆكردنی هەڵەو چەوتیەكانی هەندێك بەرپرسە، هاوكات موبالەغەیەكی بێتام لە وەسفكردن و پێیاهەڵدان بۆ بەرپرسە باڵاكانی حزب دەكەن، ئەمانە و چەندین خوو و رەوشتی تری زۆر نابەجێ و ناتەندروست بوونەتە خاسیەت و ئەركی ئەم توێژە. ئەمانە لە بەرامبەر ئەم ئەركەدا بە بەردەوامی خەڵات دەكرێن، زۆرجار پۆستە باڵاكانی حكومەت و حزب بەم كەسانە پڕ دەكرێنەوە. لە باسكردنی ئەم توێژەدا زۆرجار دەكەوینە هەڵەوە، زۆربەمان پێمان وایە ئەمانە توێژێكی گەورەن، زۆرجار لە ناوەندەكان و ئۆرگانەكانی حزب و بازار و كۆبونەوە كۆمەڵایەتیەكان و دانشتنی تایبەتی كادران باسی ئەم توێژە دەكرێت و قەبارە و سەنگێكی زۆر زیاتر لە خۆیانیان پێدەدرێت. لێرەدا راستیەكیتر هەیە زۆر كەم ئێمەومانان پەی پێدەبەین، ئەم توێژە لە لایەن ئاغا و شێخەكانیانیشەوە رێزیان لێناگیرێت، هەموو شتێكیان دەدرێتێ تەنیا رێز و حورمەت و خۆشەویستی نەبێت، چونكە ئەوان باش ئەمانە دەناسن و دەزانن ئەمانە دەڵاڵن و لە كوێ كاسبیەكەیان بڕشتی زیاتر بێت لەوێ دەگیرسێنەوە.

 لە مەر ئەم توێژە زۆر قسەوباس و چیرۆك و نوكتەی سەیر و سەمەرە و پێكەنیناوی باس دەكرێت، بۆیە زۆرجار بە خرابترین و نابوتترین توێژ باسی لێوە دەكرێت. لە راستیدا لە قەڵەمدانی هەموو ئەو كادرانی لە دەروبەری بەرپرسانن بەم شێوەیە و كێش و پێوانەیان بەم گەز و كیلۆیە رەنگە غەدر و نائینسافی تیادا بێت، چونكە بە هەقەت زۆرن ئەو كادرانەی لە دەوروبەری بەرپرسانن و كەسانی روناكبیر و بە وێژدان و خاوەن هەڵوێستن و زۆرجار رۆڵی زۆر باش دەبینن لە چارەسەری گرفت و كێشە و رێگاگرتن لە بەلارێدا بردنی بەرپرسان، زۆرن ئەو كادرانەی راستەوخۆ و رووبەروو بە سەركردەكان دەڵێن: نەخێر ئەم بریار و هەڵوێستە راست نیە، لە هەقەتدا ئەم توێژە ئەگەر بەرواڵەتیش لە بەرپرسانەوە نزیكبن، بەڵام لە كرۆكدا جێگای متمانە و باوەری ئاغاكان نین. خوێندنەوە راستەكە ئەوەیە زۆربەی كادران و ئەندامان لەم دۆخ و گوزەرانە نارازین و ئەم سیاسەت و هەڵوێست و عەقڵیەتەیان بەدڵ نیە، بەڵام لەم توێژە قەبارە گەورەیە بەشێكی كەمیان بە ئاشكرا هەڵوێستی هەیە و قسەی دڵی خۆی و هاورێكانی دەكات. 

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations