لەسەیدلنائیبەوە بۆ سەیدلبارزانی

ئەحمەد میرە
01.10.2019

هیچ چشتێک لەوە ڕونتر نیە، کە سیاسەتی سەربەخۆیی ئابوریی ماڵی هەموو تاکێکی کوردی وێرانکرد، گیرفانى تاک بە تاکی خەڵکی هەژاری هێنایە سەر ساجی عەلی، ماڵی سپیی بۆ ڕۆژی ڕەشیش فریای موچەخۆرانی هەرێم نەکەوت، تەنانەت گیاندارە بێ ئاوەزەکانیش دەزانن، کە ئەوەى ناونراوە سیاسەتی سەربەخۆیی ئابوریی ماڵوێرانییەو کارێکە، کە هەر کەس بیکات، وەک ئەوە وایە بە ڕۆژی نیوەڕۆ دز بهێنیتە سەر ماڵی خۆت و دواتر بڵێیت دزیم لێکراوە. کاتێک سیاسەتمەدارێکی هۆشمەند لەوە تێدەگات، کە هەنگاوەکانى دەبنە هۆکارى نەگبەتیی بۆ گەلەکەى، بێ دودڵیی جاڕی پەشیمانبوونەوە لێدەدات، بەڵام بۆ سیاسەتمەدارى کورد، کاتێک گەلۆریی لێبووەتە هەقیقەت، درێژە بە سیاسەتى وێرانکردنى ماڵی خەڵکەکەى دەدات. ئەم سیاسەتی سەربەخۆیی ئابورییە بۆ ماڵی بارزانیی خێر و نیعمەتە، بۆ ماڵی خەڵکی ڕەشوڕوتیش شەڕ و نیقمەتە. گەلۆرەکانى سەربەخۆیی ئابوریی لە هەرێمی کوردستاندا لە ئێمە باشتر دەزانن، کە کارێکی گەوجانەان کردووەو درێژەدان بەم گەوجێتیی سیاسییە زۆر بە ئاسانیی دەمانباتەوە سەر بیابانی وشک و برسێتیی، بەڵام لەبەرئەوەى خێر لەم کردەى قاچاخچێتیی و برسێتییە دەبینن، بەردەوام درێژەیپێدەدەن. 

سەربەخۆیی نەوت و ئابوریی هەرێم لە سایەى گەلۆریی سیاسییەوە چیی بۆ موچەخۆرانی هەرێم لێسەوزبوو؟! چارەکە موچەو ماڵ فرۆشتن و سەرهەڵگرتن و گەڕانەوە بۆ ژێر دەوار و لەیەکهەڵوەشانەوەى خێزانەکان و خۆدزینەوە لە بۆنەو جەژنەکان

دەمەوێت نمونەیەک بهێنمەوە؛ ڕژێمی بەعس بە دیاریکراویی سەدام حسێنی دیکتاتۆر، کە ئەو کاتە جێگری سەرۆک بوو، لە فەرهەنگی بەعسییاندا نازناوی سەید لنائیبى هەبوو، (47) ساڵ بەر لە ئێستا بڕیاری خۆماڵیکردنى نەوتی عێراقی دا، کۆمپانیاکانى بەریتانیاى ناچار بە مایەپووچبوون کرد و بیرەنەوتەکانى خستە ژێر ڕکێفی خۆیەوە، بەڵام لەبەرئەوەى ئەو هەنگاوەى بەعسییەکان لەسەر بنەماى ستراتیژێکی ئابوریی نەخشە_بۆداڕێژراو بوو، پاڵپشت بوو بە فەلسەفەى دەوڵەتداریی سەرەڕای دژایەتیی بەهێز و مەزنی خۆرئاواو کۆمپانیاکانى، بەڵام سەرکەوتوو بوو. ئەوەى دواى خۆماڵیکردنى نەوت لە عێراقدا ڕویدا، بوژانەوەیەکی ئابوریی گەورەى لێکەوتەوە، تا ئەو ڕادەیەی بەهاى دۆلارى ئەمریکیی بەرانبەر بە دینارى عێراقیی هاڕەیکرد و بەهاى تاکە دینارێکی عێراقیی بۆ سێ هێندەى بەهاى دۆلارێکی ئەمریکیی بەرزبووەوە. موچەخۆێکی ئەو دەمە بە (30) دینارى ئەو کاتە بەئەوپەڕی ڕەحەتیی ماڵومنداڵی بەخێودەکرد و گەشتی وڵاتانیشی دەکرد. کەم موچەخۆری ئەوێ ڕۆژێ هەیە، ئەگەر بۆ خۆشییش بووبێت گەشتێکی وڵاتانى ئەوروپاى ڕۆژهەڵات، شەرمشێخ، بەیروت و دەریاى مردووى نەکردبێت. ئێستایش ئەلبومی وێنەى یادگارییەکانیان هیی بەشی زۆریان وێنەى شەقامەکانى بوخاریست و عەممان و شارع حەمرای بەیروتن.

بۆچی ئامۆزاکان کەمێک ناخوێننەوە و (47) ساڵ بگەڕێنەوە بۆ دواوە و چاوێک بە هەنگاوەکانى سەیدلنائیبی دیکتاتۆردا بخشێننەوە، هەتا لەوە تێبگەن، کە سەربەخۆیی ئابوریی چۆن دەکرێت و بە کێ دەکرێت

بەڵام سەربەخۆیی نەوت و ئابوریی هەرێم لە سایەى گەلۆریی سیاسییەوە چیی بۆ موچەخۆرانی هەرێم لێسەوزبوو؟! چارەکە موچەو ماڵ فرۆشتن و سەرهەڵگرتن و گەڕانەوە بۆ ژێر دەوار و لەیەکهەڵوەشانەوەى خێزانەکان و خۆدزینەوە لە بۆنەو جەژنەکان. سفرەى ماڵانی بێ خواردنى خۆش کرد و دەغیلەى منداڵەکانى هەڵتەکاند و سەدان ماڵی خوشک و براکانى کرد بە چشتێکی نامۆ و نەگونجاو. ئێستایش پاش ئەو هەموو نەهامەتییانەى، کە دیمانن، دەستەڵاتی ئامۆزاکان دەیانەوێت درێژە بە سیاسەتی گەلۆریی سەربەخۆیی ئابوریی بدەن، چونکە ئەمەى ئامۆزاکان نە بنەماى ستراتیژیی ئابوریی هەیە، نە لەگەڵ هیچ میتۆدێکی فەلسەفەى حوکمڕانیدا وێکدێتەوە، تەنها و تەنها بەشێکە لەو ئاوەزمەندییە قاچاخەى، کە بڕواى تەواوى بە قاچاخچێتیی هەیە بۆ پڕکردنى گیرفانی منداڵەکانى بنەماڵە. بۆیە ئەگەر بێت و ئامۆزاکان لە کەلی شەیتان نەیەنە خوارەوەو بەردەوام بن لە بەرهەمهێنانى گەوجێتیی بە ناوى سەربەخۆیی ئابورییەوە، ئەوە هیچ گومانى تێدا نییە لە چلەى زستاندا چارەکە موچەو بێ_نەوتیی و هەموو نەهامەتییەکانى تر بێ ئەوەى لە دەرگا بدەن، دێنە ژوورەوە.

دەمەوێت ئەوە بپرسم؛ بۆچی ئامۆزاکان کەمێک ناخوێننەوە و (47) ساڵ بگەڕێنەوە بۆ دواوە و چاوێک بە هەنگاوەکانى سەیدلنائیبی دیکتاتۆردا بخشێننەوە، هەتا لەوە تێبگەن، کە سەربەخۆیی ئابوریی چۆن دەکرێت و بە کێ دەکرێت؟!

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations