هەرێم نەوت ڕادەستی بەغداد ناكات

ئارام هادی
01.10.2019

حكومەتی هەرێم دوودڵە لە ڕادەستكردنی نەوت بە بەغداد، چونكە هەرێم پێیوایە بەپێی نرخی ئێستای نەوت گەربێت و بەغداد بودجەش نەنێرێت دەتوانێت سەرجەم پێداویستییەكانی دابینبكات، بەڵام ئایا نرخی نەوت تاسەر بەم جۆرەی ئێستا دەمێنێتەوە؟ ئەمەش هەرێمی دوودڵكردوە لەدان و نەدانی نەوتەكەی بەبەغداد. 

هۆكارێكی تر ئەوەیە لایەنی كوردی پێیوایە، لەئێستادا عێراق گڵۆڵەی لە لێژیداە، بەهۆی پەیوەندیی شیعەكانی عێراق بە ئێرانەوە وادەكات كۆمەڵگای نێودەوڵەتیی لە عێراق نیگەران بن، هاوكات باری ناجێگیری كەنداوی عەرەبیی بەهۆی هەڕەشەكانی ئەمریكا لە ئێران و لە ئەگەری ڕوودانی جەنگیشدا قورسایی جەنگەكە دەكەوێتە گەروی هورموز، گەر ئەم جەنگەش ڕووبدات ئەوا عێراق لە كەنداوی عەرەبییەوە ناتوانێت دڵۆپێك نەوت بفرۆشێت، ئەمە مەترسیی لەسەر عێراقیش زیادكردوە و بەم دواییانە عێراق لەڕێگەی ئەردەنەوە نەوتی هەناردە كردوە و ئێستایش بەنیازە لەڕێگەی سوریاوە نەوت بگەیەنێتە شاری تەرابلوسی لوبنان، هەرێم پێشیوایە بەتەنها ئەردەن و لوبنان ناتوانن پێداویستییەكانی عێراق لە فرۆشی نەوت پڕبكەنەوە و لەداهاتوودا ئەگەر هەیە عێراق پێویستی بە هەرێم بێت تانەوتەكەی لە خاكەكەیەوە بنێرێتە توركیا. 

فشاری توركیاش لەسەر هەرێم هەیە، كە نەوت ڕادەستی بەغداد نەكات، كە بەواتای نەگەیشتنە بەڕێكەوتن لەسەر هەموو پرسە هەڵواسراوەكانی تری بەردەم هەولێر و بەغداد، توركیا باش دەزانێت لە نەگەیشتن بەڕێكەوتنی نێوان هەولێر و بەغدادیش هێندەی تر كێشەكانیان قووڵتردەبنەوە

لەلایەكی ترەوە فشاری توركیاش لەسەر هەرێم هەیە، كە نەوت ڕادەستی بەغداد نەكات، كە بەواتای نەگەیشتنە بەڕێكەوتن لەسەر هەموو پرسە هەڵواسراوەكانی تری بەردەم هەولێر و بەغداد، توركیا باش دەزانێت لە نەگەیشتن بەڕێكەوتنی نێوان هەولێر و بەغدادیش هێندەی تر كێشەكانیان قووڵتردەبنەوە و ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی فیدراڵیی (هەرێمی كوردستان) ی لێدەكرێت لەلایەن بەغدادەوە، ئەمەش ڕێگە بۆ توركیا خۆشتردەكات تا پیلانەكانی لە باشوری كوردستان جێبەجێبكات و بیگەڕێنێتەوە سەرنەخشەی خۆی بەپێی بەندەكانی ڕێكەوتننامەی (میساقی میللی).

ئەمە ئەوەش ناگەیەنێت، كە عێراق بێ‌ خەتابكات، ئەوانیش لایەنێكن لە نەگەیشتن بە ڕێكەوتن و تائێستا ماددەی 140 ی دەستووریان جێبەجێنەكردوە و هەوڵی سەقامگیرییان لە كەركوك و ناوچە دابڕاوەكان نەداوە، سەرباری ناكۆكییەكانی ناوماڵی كورد ئەوانیش ڕێگرن لە دانانی پارێزگارێكی كوردیی بۆ كەركوك. 

بۆ هەرێم بابەتەكە ئاڵۆزنیە و ئاسانە، بەڕێوەبردنی میللەتێك و حوكمڕانیی سیاسیی لەسەر ئەگەر و چاوەڕێكردنی گۆڕانكارییە نێودەوڵەتییەكان بەڕێوەناچێت، پێویستی بە لێكۆڵینەوەی ورد و بڕیاری ئەقڵانیە بە پشتبەستن بە دۆخی (سیاسیی، سەربازیی، ئابوری و  جوگرافی) ی ناوچەكە، ئەمە خوێندنەوەیەكی وردی دەوێت بۆ بڕیاردان نەك وەك ڕابوردوو لەسەر قسەی وەزیری سامانە سروشتییەكان، كە سابونی خستە ژێرپێی هەموو لایەنە سیاسییەكان و هەرێمی خستە دۆخێكەوە، كە تەنانەت نەیتوانی موچەی فەرمانبەرانی بدات. 

بەغدادیش سەرباری داواكردنی بڕی نەوتی دیاریكراو داوای گەڕاندنەوەی باج و داهاتی نەگەڕاوەی 15ساڵی ڕابوردوو لە هەرێم دەكات

سەرباری هاتوچۆی شاندەكانی هەرێم و بەغداد بۆ لای یەكتر بەمەبەستی گەیشتن بەڕێكەوتنێكی گشتگیر لەسەر پرسە هەڵواسراوەكانی نێوانیان، بەڵام هەرێم ئامادەنیە نەوت ڕادەستی بەغداد بكات، لەبەرانبەریشدا بەغداد ئامادەنیە بەبێ‌ ڕادەستكردنی بڕی نەوتی دیاریكراو بەشەبودجەی هەرێم بنێرێت، ئێستاش هەریەكە بیانو بەیەكتر دەگرن و هەرێم داوای بودجەی بڕاوی ساڵانی ڕابوردوو دەكات و بەغدادیش سەرباری داواكردنی بڕی نەوتی دیاریكراو داوای گەڕاندنەوەی باج و داهاتی نەگەڕاوەی 15ساڵی ڕابوردوو لە هەرێم دەكات.

هەرێمی كوردستان گەر مەبەستی بێت، كارتی دۆستایەتیی لەگەڵ عادل عبدالمهدی بەكاربهێنێت بۆ گەیشتن بەڕێكەوتن، ئەوا سەردەكەوێت، چونكە ئەم سەرۆك حكومەتەی ئێستای بەغداد لەبەشێك لەسەركردەكانی كورد زیاتر بۆ كورد دڵسۆزترە، گەرنا ئەوا ساڵی 2020 دەبێتە ساڵێكی پڕقەیرانی (سیاسیی،ئابوریی، جوگرافیی و سەربازیی) لەنێوان هەولێر و بەغداد و ئەگەری دەستوەردانی دەرەكییش هێندەی تر بەهێزدەكات.

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations