بەرواری گاڵتەجاڕی

عەزیز رەئوف
01.10.2019

یەکەم: پارلەمانتاران، ئێوە زۆر لەوە کۆڵەوارترن دەسکاری زمان بکەن. لێتان دەپرسم کامتان پسپۆڕیتان لە زمانی دایکدا هەیە و ڕیسێرچتان هەیە تا بەو جەرائەتەوە دەسکاری زمان بکەن؟ بەشەرێک نابینم لە ئێوە هونەری حوکمڕانی بزانێت و لەناو پارلەماندا بێت. هەر ئێستا موچەتان کەم بکەنەوە و موچەی مامۆستا زیادتر بێ لە هی پارلەمانتار، هەمووتان سبەی لەبەردەم وەزارەتی پەروەدە دەبینمەوە کە ڕاژەکەتان نەقڵ دەکەن و دەبنە مامۆستا، هەرچەندە بۆ مامۆستایش دەس نادەن چونکە مامۆستابوون هونەرە. تکا دەکەم دەسکاری یەک وشەی تر مەکەن چونکە ئەوەندە بێزراون خەڵک لە ڕقی ئێوە "ڕێکەوت" بەکار ناهێنێت. ئێوە بەم کردەیەتان دەتانەوێت لانی کەم خۆتان لەم هەموو کێشە و قەیرانەی کۆمەڵگە دوورخەنەوە.

دووەم: لەمەودوا پارلەمانتار دەتوانێ فراکسیۆنەکەی بگۆڕێ. ڕوونە تۆ دەتەوێ دەست بخەیتە نێو فراکسیۆنەکانی تر. سەرباری ئەوەی جیاوازی ڕیشەیی لەنێوانتاندا نیە ئەگەر کردەیەکی وا ڕووبدا گۆڕینی بەرژەوەندیە. ئەگەر فراکسیۆنەکان ئەوەندە خاوەن مەبدەئن، با بڕیاری وا دەرچێت و دەسەڵات نەتوانێت بیانکڕێت. بەڵام دڵنیام ئەم کردەیە لەبەرژەوەندی خەڵک نیە و نهێنیەک لە پشت ئەم بڕیارەوەیە.

سێیەم: داواتان لێدەکەم هەموو شت بکەن و بۆ بەرژەوەندی خۆتان و حزبتان چیتان دەوێ بیکەن و دڵنیاشم قسور ناکەن، بەڵام نەکەن تخونی نوسینەوەی دەستور بکەون، چونکە تاوانە عەقڵە گەورەکان دەستوری ئەمریکی و دەستورەکانی تری دنیا بنوسنەوە و ئێوەش لەم عەسرەدا خراپترین دەستور بۆ هەرێم بنوسنەوە کە دڵنیام دەبێتە بەڵای سەری هەموومان و دەبێتە خراپترین دەستوری دنیا.

دواجار دەڵێم: بەهەر پێوەرێک وەریبگرین ئەم خولەی پارلەمان خراپترین و گاڵتەجاڕترین خولە لە دنیای ئێمەدا.

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations