میدیاکان، لەبەر هەتاوەوە بۆ سێبەر!

هادی حەمەرەشید
28.09.2019

ڕاپۆرتی ڕەوشی ئازادیی ڕۆژنامەنووسیی لە هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی۲٠۱۸، ناونیشانی ڕاپۆرتەکە و چەند تایتڵێکی سەرەکی بەسە بۆ تێگەیشتن لە دۆخی میدیا کە ئەڵێ:

ـ میدیای "سێبەر" دیمەنەکەی پاوانکردووە.

ـ تارمایی پارەی سیاسی و هەواڵی درۆ باڵی بەسەر میدیای کوردستانییدا کێشاوە.

ـ میدیای ئازاد لە پاشەکشەدایە

ڕەنگە ساڵی ۲٠۱۹ ساڵی چڕکردنەوەی ئەو سێبەرە بێت، میدیای کوردی لە قەیرانی قوڵدایە، شتێك نەماوە ناوی دڵسۆزیی و مەبدەئـ و کۆمەڵێك چەمکی دەیەی ڕابردوو بێت، کێ بە جانتا بلۆکە دۆلاری پێ بێت ئەوا توانای دامەزراندن و ئیدارەدانی میدیای هەیە، کێ ئەمەی نیە، با لەشکرێك میدیاکاری دڵسۆز و دەروێشئاسای هەبێت، جەبری زەمانە بەرەو تۆڕ و دەزگا میدیاییە گەورەکان کێشیان ئەکات و ئەفسونی پارە و پێگە هەمیشە زاڵ بووە بەسەر بەهاکانی میدیاکاراندا!

شیوەن و خۆڕنینەوەی عاشورائاسای ڕەشوڕووت و دەروێشە خەڵەفاوەکانی خوارەوە بۆ هەردوو میدیای #کوردسات و #کەی_ئێن_ئێن لەداماوییانەوە سەرچاوەی گرتووە، پرسەنامە و بروسکەی ماتەمینی کادیرە چاوچنۆکە ناوەندییەکانیش هیچ نیە جگە لە نان بەقەرزدان، بەرتیلدانە بۆ هێشتنەوەی ناوەکانیان لە شۆرت لیستی وەرگرتنی غەنیمە و پۆست بەخشینەوەدا!

لەهەردوو بارەکەدا حیزبی کوردیی زۆر وریایە، بە یەك سولف ماشینی جەماوەری ناهۆشیار هەڵئەکەن، کوردسات شیوەن و گریانی بۆچیە؟ وا نزیك بە ۲٠ساڵە قوتی خەڵکی کوردستان ئەکرێت بە سووتەمەنی کارکردن بۆی، کێ ئەتوانێت مەنگۆلترین و بیرکۆڵترین مرۆڤ لە دنیادا بهێنێتە ئەو باوەڕەی کە یەکێتی و هەر یەکێك لە بەرپرسە ملیاردێرەکانیان(بەدۆلار) نەتوانن ئیدارەی ئەو کەناڵانە بدەن؟!!

کوردسات خاوەنی ژێرخانێکی پتەو و بەهێزە; لەڕووی بینا و ئێکسەسوارەوە لەئاستی میدیا و ئاژانسە جیهانییەکاندایە، زۆربەی کارمەند و بەرپرسەکانی خانەنشینن بە پلەی بەرزی سەربازیی، یەکێتی و ئیدارەی گشتیی ناتوانن دەستبەرداری ئەم میدیایە ببن، مەگەر بەدیلی گرنگتریان بۆی هەبێت، کە ئەگەری دووەم تا ڕادەیەك دوورە و بە کەشی شێواو و شپرزەی ئێستای یەکێتی ناخوات!

هەرچی کەی ئێن ئێنە، دەمێکە کەساس و کەلەلایە، دڵسۆزان و دامەزرینەرانی نزای خێری بۆ ئەکەن کە لەوە زەلیلتر نەیبینن!

#کاك_نەوشیروان یادی بەخێر، لەگەڵ چەند دڵسۆزێکی خاوەن فیکر و ڕوئیادا هەر کاتێك هەستیان بە بێزراوی گوتارەکەی بکردایە لەگەڵ پسۆڕان گفتوگۆیان ئەکرد و ڕێنماییان ئەکردن کە پێویستە گوتارە میدیاییەکەی ڕێك بخرێت و پیاداچوونەوە بکرێت، هەر بە سروشتی خۆیشی پیاوێك بوو کە توانای دروست کردنی ڕووداوی هەبوو، بۆیە ناو بەناو بابەتی دروست ئەکرد کە میدیاکانی کۆمپانیای وشەش بە زیندوێتی بهێڵێتەوە، کەی ئێن ئێن بوو بوو بە میدیایەکی جەماوەریی، پڕ بینەرترین و بە بەرنامەترین و ڕچەشکێنی ستایلی هەواڵ بوو، بەڵام بە جدیی ئێستا کێ ئاراستەی ئەم تەلەفزیۆنە بکات؟!
کێ ماوە جگە لە بارزانیی توانای سازاندنی حەدەسی هەبێت؟!

لەسەروەختی کاك نەوشیروان خۆیدا بیر لە ڕاگرتنی کەی ئێن ئێن کرایەوە، بەڵام جیاواز لەم گۆشەنیگایەی ئێستا، بۆ ئەوەی هەستی کردبوو ئەو میدیایە ئەرکی خۆی تەواو کردووە و ئەوەی لە رێگای تەلەفزیۆنێکی وەك #ئێن_ئاڕ_تی ـیەوە گۆڕان ئەتوانێت بیکات و پەیامەکەی بگەیەنێت، هەرگیز بە کەی ئێن ئێن ناکرێت، بەڵام دواجار مایەوە!

لەڕۆژانی سەرەتای وەفاتی ئەو زاتەدا کوڕەکانی بۆ دەرخستنی خاوەندارێتی خۆیان بەسەریدا، شادەماری میدیاکەیان پاوان کرد بۆ "خاڵ"ـیان کە بەرپرسی کارگێڕییە و کردیان بە خەزنەدار، لەوێشەوە دەستیان بە تەسفیەی دەنگە نەیارەکانیان کرد، لەو ساتە بەدواوە وەك تەلەفزیۆنی ماڵەوەی خۆیان بەرخوردیان لەگەڵ کردووە.

لەکاردانەوەی سەرکردە و خەڵکی ناڕازیی گۆڕاندا هەڕەشەی بڕینی بودجەی ئەو کەناڵەیان کرد، کاتێك ئەوانیش بە ڕاشکاوی پێیان ڕاگەیاندن کە بێ منەتن و بفەرموون بە خێر و سەدەقەی دڵسۆزان و ڕیکلام ناهێڵن ئەو پرۆژەیە بکەوێت، ئیتر باسی ئەو ئۆپشنە گۆڕا بەوەی کە موڵکی خۆیانە و هەر خۆیان ئازادن لە شێوازی ئیدارەدانی!

ئێستا کە کۆتاییان بەو پەخشە هێنا و لە "زەمەن"ـەوە بەبێ شاردنەوە ئەڵێن پڕۆژەی دیکەیان بەدەستەوەیە، بە بەردێك چەند چۆلەکەیەك ئەکوژن:
۱ـ میدیاکە بە تەواوی لەدەستی گۆڕان دەرئەهێنن و کۆتایی بە مەعمەعەی "خاوەندارێتی" ئەهێنن!
۲ـ هەمان بینا و کەلوپەل و ئۆفیس و ستۆدیۆیان بۆ ئەگەڕێتەوە، کە ئەگەر کەی ئێن ئێنیان بۆ گۆڕان جێبهێشتایە، ئەوا بەو ئاسانیە دەستیان بە بینا و پێداویستی نەئەگەیشت(با باس لە گۆڕینی ئامێر و هەندێ لە پێداویستیش بکرێت)!
۳ـ لە هەموو گرنگتر دەستبەرداری ئەو گوتارە توندەی کەی ئێن ئێن ئەبن و هاوتەریب لەگەڵ میدیای سێبەری پارتیدا خۆیان بار ئەهێنن و ڕاسەوخۆتر پشتگیری دیسکۆرسی ئێستای حکومەت ئەکەن!

پارتی ماوەیەکی زۆرە تاڕادەیەك خۆی لە خەرجی بێ سوودی میدیای حیزبیی دەرباز کردووە، گروپێك لە میدیای سێبەر بەڵام پڕ خەرجتری سەرپێ خستووە، دیارترین سیمای ئەم میدیایانە شەخسیین، بۆیە لەکابینەی پێشوودا زۆرترین ڕۆڵ و بوار بە تۆڕی میدیایی #ڕووداو درا بوو، ئێستا نەك ئەمە وانیە، بگرە مەترسی لەسەر کەناڵەکەش هەیە، بۆیە بەبڕوای هەندێك لە چاودێران کردنەوەی نووسینگەی ڕووداو لە سلێمانی بەو قەبارەیە، بۆ دۆزینەوەی ئەلتەرناتیڤە لەکاتی هەر دەست درێژییەکدا!

بۆیە هەتاوی گەرمی سلێمانی و ڕووداوە گەرمەکانی پێویستی بە "سێبەر"ی گونجاوە بۆ شیکار و شرۆڤەکردنی دۆخەکە، جانتا دۆلارەکانیش لای ئەو خێزانە سیاسییانەن کە بەردەرگاکانیان جمەی دێت لە میدیاکار و مەنیجەری دەربار!

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations