ئارامکۆ...لەرزۆککردنەوەى کۆى ئارامییەکان

شەماڵ ئەحمەد
17.09.2019


گروپی (أنصار الله) حوسییەکانى ناو کەناڵەکانى ڕاگەیاندن، بەرپرسیارێتى خۆیان لەو هێرشانە ڕاگەیاند کەلە ڕۆژى شەممەى ڕابردوو کرایە سەر دامەزراوەکانى (ئارامکۆ)، ئەو دامەزراوەیەى کە ڕۆژانە ١٠ ملیۆن بەرمیل نەوت دەخاتە بازاڕەوە، گەورەترین بەرهەمهێنەرى نەوتى جیهان، کەوتە بەر هێرشى فڕۆکە درۆنەکانى حوسییەکان، وتەبێژى هاوپەیمانى عەرەبی لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەواندا ڕایگەیاند کە " ئەو هێرشە تەنیا هێرش نییە بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەکانى سعودیە، بەڵکو هێرشە بۆ سەر تەواوى کەرتى وزە لە جیهاندا" هەوڵێکى نەزۆک بۆ بەستنەوەى ئاسایشی وزەى سعودیە بە ئاسایشی وزەى جیهانەوە، چونکە پێشتر ترامپ لە کۆشکە سپییەکەوە ڕایگەیاند کە ئێمە (واتە ئەمریکا) بە کەمبوونەوەى بەرهەمى نەوتى سعودیە زیانمان بەرناکەوێت، بەڵکو ئێمە ئامادەین بۆ کردنەوەى عەمبارى ستراتیجى نەوتى ئەمەریکا بۆ پڕکردنەوەى کەمهێنانەکانى وزە لە جیهاندا.

ئەمریکا پاش نزیکەى نیو سەدە سوودى لە عەمبارەکانى نەوت وەرگرت، ئەو بیرۆکەیەیەى کە پاش هە ڵپەساردنى فرۆشتنى نەوت بە ئەمریکا هات لە حەفتاکانى سەدەى ڕابردوودا چونکە ئەمریکا پشتگیرى تەواوى وڵاتى ئیسرائیلی کرد لە ململانێی لەگەڵ وڵاتانى عەرەبیدا. گومان لەوەدا نییە کە جگە لە دەرئەنجامى بەرزبوونەوەى نرخى نەوت و سوودى بۆ هەندێک لە وڵاتان، زیانى بۆ هەندێکى دیکە، چەند ڕاستییەکى دیکە لەو هێرشە دەردەکەوێت وەکو:

یەک: ئەمریکا ئاسایشی سعودیە بە ئاسایشی خۆى نازانێت، بەڵکو گورگان خواردووى دەکات، بە تایبەتى کە ڕێی تێناچێت ترامپ بڵێت ئێمە دەزانین مووشەکەکان یان درۆنەکان لەکۆێوە هاتوون بەڵام هیچ ئاگادارکردنەوەیەکى پێشوەختە نەدات بە سعودیە یان هەڵوێستى نەبێت بۆ بەرگرتن لەو هێرشە.

دوو: سیستەمى بەرگرى سعودیە لەگەڵ ئەو هەموو تێچووەى کە بەردەوام خەرجى دەکات نەیتوانیوە بەر بگرێت بەو هێرشە، ئەمە یان ماناى ئەوە دەگەیەنێت کە سیستەمى بەرگرى سعودیە تۆکمە و کارا نییە، بە تایبەتى کە سیستەمەکە سیستەمێکى ئەمریکى و ڕۆژئاواییە، یان ئەوەتا سعودیە ناتوانێت سوود لەو سیستەمە وەربگرێت چونکە تواناى مرۆیی پێویستى نییە و لەهەردوو بوارەکەدا پرسیارى زۆر دەوروژێنێت.


سێ: وتەبێژى هاوپەیمانى سەربازى عەرەبی لە لێدوانەکەیدا دەڵێت کە ئێمە دەتوانین بەرەنگارى مەترسییە تیرۆریستییەکان ببینەوە وبەرگرى لە خۆمان بکەین، بەڵام بۆ نەیتوانى بەرگرى لە بەئامانجگرتنى ١٩ ئامانج بگرێت، ئەمەش لەداهاتوودا گەلى سعودیە پرسیار لەخۆیان دەکەن و ئەوان دەتوانن وەڵامى بدەنەوە.
کێشەکە لیرەدا ئەوەیە کەبەردەوام ئێران بەو ڕووداوانە تۆمەتبار دەکرێت، بەڵام ئێران چ سوودێک دەبینێت لەوەى کەبە ئاشکرا و بێ پەردە هێرش بکاتە سەر سعودیە؟

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations