گۆڕانکاریە مەزنەکان

هونەر تۆفیق
16.09.2019

هەندێ گۆڕانکاری هەیە لە ژیانی مرۆڤایەتیدا ، لە کردەی تاکە مرۆڤێکەوە دەستی پێکردووە ، بەڵام هەموو مرۆڤایەتی گۆڕیوە.

کریستۆف کۆلۆمبۆس هەر ئەوە نەبوو کە یەکەم جار ئەمریکای دۆزیبێتەوە ، بەڵکە کردەی کۆلۆمبۆس گۆڕانکاریەک بوو ژیانی ئابووری و سیاسی و تەندروستی مرۆڤایەتی گۆڕی . دەستەواژەی کۆلۆمبۆس چەینچ لە فیکریدا بۆ ئەو گۆڕانە سەرتاسەریە بەکاردێت کە بەهۆی کۆلۆمبۆسەوە بەسەر دنیاداهات . شێوازی خۆراکی مرۆڤایەتی لە برسێتیەوە گۆڕدرا بۆ تێری . بەهۆی ئاڵوگۆڕی خۆراک لە ئەمریکاوە بۆ ئاسیا و ئەوروپا و ئەفریقیا.

چاندنی پەتاتەی تازە دۆزراوە لە ئەمریکاوە بۆ کیشوەرەکانی تر یارمەتیەکی گەورەبوو بۆ چارەسەری برسیەتی لە مرۆڤایەتی و بەتایبەتی لە ئەوروپادا. لەئاستی کشتوکاڵدا شۆڕشێکی گەورە بەسەر بەرهەمهێنانی خۆراکدا هات کە تەمەنی مرۆڤایەتی درێژکردەوە بۆ زیاتر لە بیست ساڵی تەمەن.

کۆلۆمبۆس چەینچ گۆڕانکاری لە نەخشەی ئیمپراتۆرەکانی جیهاندا دروستکرد . هەرچەندە بەهۆی ئەو زێڕ و زیوە زۆرەی لە ئەمریکاوە دەهێنران بۆ ئیسپانیا . ئیسپانیەکان بۆ ماوەیەک لە مەملەکەتێکی بچوکەوە بوونە ئیمپراتۆریەکی جیهانگیر . بەڵام هەر لە ئەنجامی هەیمەنەی ئەوانەوە ، بەریتانیا و فەرەنسا وەک دوو دەوڵەتی ئیمپراتۆر پەیدابوون . لەسەدەی شانزەدا بەریتانیەکان ئیسپانەکانیشیان لە مەملەکەتی دەریاکان کردە دەرەوە و خۆیان دەستەڵاتیان گرت بەسەر ڕێڕەوی بازرگانی و دەریاکانی جیهاندا . شێوە و شێوازی سیاسی ئەم سەردەمەیان دیاریکرد کەپاشماوەی سیاسەت و پرۆتۆکۆلەکانی ئیمپراتۆری بەریتانی لە سیاسەتی نێودەوڵەتی و جیهانیدا تا ئێستەکەش بەردەوامە.

یەکێکی تر لەو هەوڵە تاکە کەسیانەی گۆڕانکاری بەسەر جیهاندا هێنا، قەشە مارتین لۆسەربوو. لۆسەر هەرخۆی بەتەنیا ڕووبەڕووی پاپای کاسۆلیکەکان بوویەوە . ئەو خاڵانەی لۆسەر بۆ ریفۆرمی سیاسی و ئایینی دیاریکردبوو ، بوونە بنەمای بووژانەوەی فیکری و سیاسی لە ئەوروپادا . دەرگای بۆ ڕێنیسانسی خۆرئاوا کردەوە ، سیاسەتی لە ئایین جوداکردەوە . کاریگەری ئەو ریفۆرمانەی لۆسەر لە کلێسای دەخواست ، لە زانست و کەلتووری ئەوروپیدا ئەو ئازادیەی بەرهەمهێنا کە ئەمڕۆ لە خۆرئاوادا بەرقەرارە.

لەو دوو نمونەیەوە تێدەگەین کە گۆڕانکاری فیکرەیە . فیکرەیەکی سەرچڵانەیە لە دۆخێکی قەتیسدا دەتوانێت دەرگای گەورە بۆ مرۆڤایەتی بکاتەوە . گۆڕانکاری پرۆسەیەک نیە بە مفاوەزاتی سیاسی و دروشمسازی بێتە دی ، بەڵکە گۆران هێزێکە بە حیزبەوە یان بەبێ حیزب ، تاکە کەسێکە یان کۆمەڵگە ، لەمێژوودا گۆڕانکاری دەکات و جیهان دەگۆڕێت .

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations