هه‌رێم له‌به‌رده‌م قه‌یرانێكى دیكه‌دایه‌

سەرتیپ قەشقەیی
15.09.2019

له‌گه‌ڵ ده‌ستبه‌كاربوونى كابینه‌ى نوێ هه‌مووان بۆچوونیان وابوو، كه‌ كابینه‌ى نوێ له‌ ماوه‌یه‌كى كورتدا كێشه‌كانى له‌گه‌ڵ به‌غدا چاره‌سه‌ر ده‌كات، به‌ تایبه‌ت ئه‌وه‌ى په‌یوه‌ندى به‌ بودجه‌و نه‌وته‌وه‌ هه‌یه‌و جارێكى دیكه‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌سه‌ر موچه‌و بودجه‌ى هه‌رێم دروست نابێته‌وه‌.

له‌و چه‌ند ڕۆژه‌ى ڕابردوو، حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان شێوازى مامه‌ڵه‌و گفتووگۆو قسه‌كانى له‌باره‌ى دانوستاندنه‌كانى له‌گه‌ڵ به‌غدا گۆڕیوه‌و خۆى وه‌كو "مه‌زڵوملێكراو " نیشانده‌دات، به‌پێى ئه‌و مه‌رجه‌ پێشوه‌ختانه‌ى كه‌ بۆ دانوستاندن له‌گه‌ڵ به‌غدا دایناوه‌ (ئه‌گه‌ر تاكتیكى دانوستاندن نه‌بێت)،جارێكى دیكه‌ هه‌ردوولا ڕووبه‌رووى قه‌یرانێكى دیكه‌ى سیاسى و ئابوورى و دارایى ده‌بنه‌وه‌.

حكومه‌ت له‌ماوه‌ى دوو هه‌فته‌ى ڕابردوو، دوو كۆبوونه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانى كورد له‌ به‌غداو په‌رله‌مانى كوردستان ئه‌نجامداوه‌، به‌پێى ئه‌و داتاو زانیاری و ستراتیژو به‌رنامانه‌ى بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ به‌غدا خراونه‌ته‌ ڕوو، پێناچێت گه‌یشتنه‌ ڕێككه‌وتن له‌گه‌ڵ به‌غدا ئاسان بێت.

هه‌رێم ڕۆژانه‌ تواناى به‌رهه‌مهێنانى 550 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتى هه‌یه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ته‌واوى شایسته‌ داراییه‌كانیش له‌ به‌غداوه‌ بنێردرێت نه‌وت ڕاده‌ست ناكه‌ن

حكومه‌تى هه‌رێم له‌ ته‌واوى ئه‌و كۆبوونه‌وانه‌ى له‌م چه‌ند ڕۆژه‌ى ئه‌نجامیداوه‌، خۆى وه‌كو مه‌زڵوملێكراو نیشانداوه‌و به‌ڕوونى ئاماژه‌یان به‌وه‌كردووه‌، كه‌ به‌ ته‌واوى ڕاده‌ستكردنى نه‌وتى هه‌رێم به‌غدا كارێكى ئه‌سته‌مه‌و ئه‌و بڕه‌شى كه‌ ده‌یانه‌وێ بیده‌ن به‌ به‌غدا، پێویسته‌ له‌به‌رامبه‌ردا به‌غدا ته‌واوى شایشته‌ داراییه‌كان بدات به‌ هه‌رێم.

هه‌رێم ده‌یه‌وێ رێككه‌وتنێكى سێ ساڵه‌ ئه‌نجامبدات له‌سه‌ر پرسه‌كانى ( نه‌وت و بودجه‌و خاك) به‌بێ ئه‌وه‌ى هیچ ستراتیژو روئیاو به‌رنامه‌یه‌كى ڕوونى بۆ ئه‌مه‌ هه‌بێت، یاخود كارتێكى فشارى هه‌بێت، ئه‌م جۆره‌ له‌ مامه‌ڵه‌كردنه‌ ئێستاى هه‌رێمى به‌ بۆچوونى زۆرێك له‌ شاره‌زایان قه‌یرانێكى دیكه‌ به‌رۆكى هه‌رێم ده‌گرێت و خه‌ڵكیش له‌وباره‌یه‌وه‌ ترسیان هه‌یه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌ى هه‌فته‌ى ڕابردووى حكومه‌ت له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانى كوردستان و نوێنه‌رانى كورد له‌ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، به‌رپرسانى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان باسیانله‌وه‌كردووه‌، كه‌ هه‌رێم ڕۆژانه‌ تواناى به‌رهه‌مهێنانى 550 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتى هه‌یه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ته‌واوى شایسته‌ داراییه‌كانیش له‌ به‌غداوه‌ بنێردرێت نه‌وت ڕاده‌ست ناكه‌ن.

په‌رله‌مانتارانى هه‌رێم و به‌غدا دواى كۆبوونه‌وه‌كه‌یان، به‌پێى خوێندنه‌وه‌ى خۆیان ره‌شبینن به‌و دۆخه‌، له‌ دواین كۆبوونه‌وه‌ى مه‌سعود بارزانى و على باپیریش هه‌مان قسه‌كراوه‌، بارزانى به‌ ڕوونى باسیله‌وه‌كردووه‌، كه‌ ده‌بێ موچه‌و بودجه‌ى كورد به‌ ته‌واوى بدرێت ئینجا به‌شێك له‌ نه‌وت ڕاده‌ست ده‌كه‌ن.

هه‌رێمى كوردستان له‌ 25ى حوزه‌یرانه‌وه‌ لیژنه‌ى بۆ دانوستاندن له‌گه‌ڵ به‌غدا دروستكردووه‌و تازه‌ به‌ تازه‌ ده‌یه‌وێ شاند بنیرێت بۆ گفتووگۆكردن له‌سه‌ر پرسى بودجه‌و نه‌وت، له‌ هه‌مانكاتیشدا به‌غداش جۆرێك له‌ ساردى پێوه‌دیاره‌ له‌ دانوستاندن له‌ماوه‌ى ئه‌و دوو مانگه‌دا هیچ ده‌ستپێشخه‌رییه‌كى ئه‌وتۆى نه‌كردوه‌.

به‌ستنه‌وه‌ى خاك به‌ كێشه‌ى بودجه‌ هێنده‌ى دیكه‌ رێككه‌وتن دواده‌خات، چونكه‌ كورد به‌هۆى هه‌ڵه‌ى خۆیه‌وه‌ بوو، كه‌ ته‌واوى ناوچه‌ جێناكۆكه‌كانى ڕاده‌ستى به‌غدا كرد، تازه‌ش قسه‌كردن به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌ بۆ ئه‌و شوێنانه‌و هه‌مواركردنى یاسایى هه‌ڵبژاردنى پارێزگاكان وا ئاسانى نابێت

حكومه‌ته‌كه‌ى عادل عبدالمهدى فشارێكى زۆرى ناوخۆیى و ده‌ره‌كى له‌سه‌ره‌ تاوه‌كو ئه‌وه‌ى ئه‌مساڵ له‌ هه‌رێمى قبوڵیكرد ساڵێكى دیكه‌ قبوڵى نه‌كات، له‌ولاشه‌وه‌ هۆكاره‌ ناوخۆیى و ده‌ره‌كییه‌كان ئاماژه‌ن بۆئه‌وه‌ى، كه‌ دووباره‌ بڕینه‌وه‌ى موچه‌ى كوردستان هه‌روا ئاسان نییه‌و كاریگه‌رى ده‌بێت له‌سه‌ر سه‌قامگیرى عێراق، ناكرێت جارێكى دیكه‌ كورد په‌راوێزبخرێت، هه‌رچه‌نده ئه‌سته‌میشه‌ نه‌هاتنه‌ پێشه‌وه‌و سازشنه‌كردنى كوردیش وا به‌ ئاسانى له‌ لایه‌ن به‌غداوه‌ قبوڵناكرێت.

ئه‌گه‌رچى هه‌رێمى كوردستان كێشه‌كانى خۆى به‌سه‌ر سێ ته‌وه‌ر دابه‌شكردووه‌ كه‌ نه‌وت و بودجه‌و خاكه‌، به‌ڵام به‌ستنه‌وه‌ى خاك به‌ كێشه‌ى بودجه‌ هێنده‌ى دیكه‌ رێككه‌وتن دواده‌خات، چونكه‌ كورد به‌هۆى هه‌ڵه‌ى خۆیه‌وه‌ بوو، كه‌ ته‌واوى ناوچه‌ جێناكۆكه‌كانى ڕاده‌ستى به‌غدا كرد، تازه‌ش قسه‌كردن به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌ بۆ ئه‌و شوێنانه‌و هه‌مواركردنى یاسایى هه‌ڵبژاردنى پارێزگاكان وا ئاسانى نابێت، چونكه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ى به‌غدا له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ له‌ قۆناغى هێرشكردنه‌و كوردیش له‌ به‌رگریكردن.

حكومه‌تى هه‌رێم ڕۆژانه‌ به‌شێوه‌یه‌كى ناڕاسته‌وخۆ په‌یام بۆ به‌غدا ده‌نێرێت، كه‌ بڕى 80 ملیار دۆلار قه‌رزاره‌، پێویسته‌ به‌غدا پابه‌ند بێت به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ى ئه‌و قه‌رزه‌، یاخود لانیكه‌م پێویسته‌ به‌غدا ڕازیبێت به‌ ناردنى شایسته‌داراییه‌كانى هه‌رێم و چاوپۆشیكردن له‌ هه‌نارده‌كردنى نه‌وتى هه‌رێم و نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ى داهاته‌ نه‌وتى و نا نه‌وتییه‌كان بۆ به‌غدا، ڕوونیشه‌ به‌غدا ئه‌و داواكاریه‌ قبوڵ ناكات.

هێشتا دۆخى هه‌رێمى كوردستان ئاسایى نه‌بۆته‌وه‌و لێكه‌وته‌كانى قه‌یرانى دارایى به‌سه‌ره‌وه‌ مایه‌و بازاریش به‌ ته‌واوى داته‌پیوه‌و ترس و دڵه‌ڕاوكێش هه‌روه‌ك خۆیه‌تى، بۆ تێپه‌ڕاندنى ئه‌و قه‌یرانه‌و دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ دروستكردنى قه‌یرانێكى دیكه‌، له‌سه‌ر ده‌ستى حكومه‌تى نوێدایه‌و پێویسته‌ چاوه‌ڕێ بكه‌ین، تاوه‌كو بزانین چۆن مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ كێشه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كان ده‌كات و جارێكى دیكه‌ فه‌رمانبه‌ران تووشى چاره‌كه‌ موچه‌ نابنه‌وه‌.

زیاتری نوسەر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations