كوردایەتی بە فیلمی كارتۆن!

عەتا کەریم
13.09.2019

زمانی كوردی بەتایبەت ئەوەی لە زۆربەی میدیا و راگەیاندنەوە دەیبیستین، بەتایبەتی كەناڵە ئاسمانییەكان و هەروەها رادیۆ و رۆژنامەكانیش، هێندە خراپە، دەتوانرێت بە كارەساتی زمان ناوی بهێنرێت، سەرباریش ئەم دۆخە خراپە رووی لە وەرگێڕان و كتێبیش كردووە، بەو پێیەی لەبواری رۆژنامەگەریی و میدیادا سەروكارمان هەیە، ئەم خەراباتی زمان و رێزمانی كوردییە دەبینین و دەبیستین.

مامۆستا عومەر مارف بەرزنجی ئەدیب و رووناكبیرم لە یەكێك لە كتێبخانەكانی سلێمانی بینی و دوای هەواڵپرسیی، یەكسەر بە گلەیی و گازندەی تێكدانی زمانی كوردی و بەكارهێنانی زمانی بێگانە بابەتی وتوێژی كردەوە، چەندجارێك وتی: «ئەستۆنیژ!! هەی نەخوێندەوار ئەو وشەیە چییە تۆی كۆلكە خوێندەوار بۆ پۆز لە نووسیندا بەكاری دەهێنی!! ئەوجا ناوی رۆژنامەكەی هێنا و رووی تێكردمەوە !! ئەری تۆ (….) ئەمە ئەناسی!! وتم بەڵێ!! وتی: ئەمە كوێی تەواوكردووە، یەعنی بەس بۆ ئەوەی بڵێن ئینگلیزی ئەزانێ، ئەبێ ئەستۆنیژ لەجێی سەرسوڕمانی كوردی بەكاربهێنی!!، قەینا ئەو! ئەی باشە نابێت لەو رۆژنامەیە ئەم وشەیە بگۆڕدرێت بۆ كوردی!!، چۆن شتی وا ئەبێ وەڵا كوفرە كوفر، بەجگەرەكەی جگەرەیەكی دیكەی داگیرساند و وتی: زیاتر لە 50 ساڵە مامۆستای زمانی ئینگلیزیم، باوەڕت هەبێ شەرم دەكەم وشەی بێگانە لە بەرهەم و وتارەكانمدا بەكاربهێنم، كاكیشم لە هەرچوار دێڕێكدا ئەستۆنیژم بۆ بەكار ئەهێنێ!. قوڕ بەسەر زمانی كوردی بەدەست ئەمانەوە!!، دیارە كاكی نووسەر هێندەی بەو وشەیە سەرودڵی ئەدیب و رووناكبیرێكی وەك عومەر بەرزنجی گرتبوو، نەچووبووە سەر ئامانجی وتار و زانیارییەكانییەوە!.

هێشتا كەف و كوڵی راپەڕینی ئاداری 1991 دانەمركابۆوە لە باشووری كوردستان، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بڕیاری دا كەناڵێكی تەلەفزیۆنی بەزمانی كوردی بەگەڕبخات، وابڵاوبۆوە كە فیلم كارتۆنیش بەزمانی كوردی ئەبێت، ئەوەبوو كەناڵەكە دەستی بە پەخش كرد و فیلم كارتۆنی دۆبڵاژكراوی كوردیشی پیشاندا، ئەم هەنگاوە وایكرد باوك و منداڵ و باپیر و ئەوانی دیكەش لەماڵەكاندا بەدیار فیلم كارتۆنی كوردییەوە دابنیشن، گەورەكانیش لە منداڵەكان تامەزرۆتربوون، ئەمە لە ماڵی ئێمە وابوو گەورە و بچووك بەو كەمە كارەبایەی هەبوو ئەو دەرفەتە كەمەی بینینمان لەدەست نەدەدا!!، هۆكاریش تەنیا ئەوەبوو، كە زمانی شیرینی كوردی هێندە پیرۆز بوو، هەروەها ئەو هەنگاوەشمان بە خەباتی زۆر گەورە دەبینی، بەجۆرێك هەنگاوی دەوڵەتی كوردیمان لەو فیلم كارتۆن و كەناڵە كوردییەوە بەنزیك دەبینی! پاشان دەرچوواندنی یەكەمین رۆژنامەی كوردی دوای راپەڕین، تینێكی دیكەی ئامانج و هیوا بوو، كە رۆژنامەی كوردستانی نوێ وەك یەكەمین رۆژنامەی كوردی دوای راپەڕین دەرچوو، دەوڵەتی كوردیمان بە نزیكتر دەبینی، ئێستا 28 ساڵە ئەزموون و حكومەتی كوردیمان هەیە، بەڵام بەجۆرێكە دوژمن ئیرەیی پێ نابات، خۆی بەخۆی دەكات!!.

ئەم رۆژنامە و كەناڵە، مشتومڕی زۆری لە تەواوی ناوەندە سیاسیی و رووناكبیریی و كۆمەڵایەتییەكانیش بە بەردەوامی دەهێنایە ئاراوە، بەڵام ئێستا سەرباری ئەم هەمو كەناڵ و رۆژنامە و سایت و پێگە رەسمییانە، زۆترین كات و دەردەشەكان بۆ سەركۆنە و گفتۆگۆ لەسەر خراپی، شێواندنی زمان و كلتوور ، هەروەها شەڕەدەنوكی سیاسیی ، قوڕمیشی دەستی پشتەوە، بەگژداكردنی ئەو لایەنەی دیكە، شاردنەوە و پیاهەڵدانی كەس و فیسار، دەخرێنەكار، بەجۆرێك كەناڵ و میدیای نوێ هەیە، ئۆپەراسیۆنی دوژمنی و پێشێلكاری سەروەریی و سنوور و خاكی هەرێم بە ئاسایی و شەرعی دەزانێ و دەیشەرعێنێ!. كوردایەتیی لای ئەو جۆرانە ئاوایە!

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations