سی یەكانی زەوی, جەنگەڵەكانی ئەمازۆن دەسووتێن

بورهان شێخ رەوف
11.09.2019

ناوچەی بەرینی ئەمازۆنی ئیستیوائی گەورەترین جەنگەڵی باراناوی یە لە جیهاندا  كە  كە ڕووبەرەكەی نۆ وڵاتی ئەمریكای لاتین دەگرێتەوە ئەوانیش ( بەرازیل, بیرۆ, گیانا , بۆلیفیا , ئكوادۆر , سورینام , فەنزویلا , كۆلۆمبیا,گوینای فەرەنسی ) كە ژمارەیەكی ئێجگار زۆر دارو درەختی جۆراو جۆر و ڕووبارو ئاژەڵی وشكانی تێدایە,  كە لە وێنەیان نیە لە هیچ شوێنێكی دی لە جیهان .

مێژووی جەنگەڵەكانی ئەمازۆن دەگەڕێتەوە بۆ 55 ملیۆن ساڵ لەمەوبەر كە نیشتمان و جێ نشینگەی نزیكە 400 گەل لە دانیشتوانە ڕەسەنەكەی كیشوەری ئەمریكای لاتین بووە كە لە ساڵی 1500 زاینی دا ژمارەی دانیشتوانەكەی و هەموو خێڵەكانی لەو دارستانەدا نیشتەجێ‌ بوون لە 6 ملیۆن بۆ 9 ملیۆن كەس بوون و بەڵام لە ئێستادا ژمارەی دانیشتووانەكەی خۆی لە 250 هەزار كەس دەدات كە بە 170 زمانی جیاوازدەئاخافن ., باس لەوەش دەكرێت كە نزیكەی 50 خێڵی تێدا نیشتەجێن كە هیچ پەیوەندییەكانی بە جیهانی دەرەوە نی یە.

سێ‌ یەكی ڕووبەری جەنگەڵستانی ئەمازۆن دەكەوێتە وڵاتی بەرازیلەوە كە نیوەی ڕووبەری جەنگەڵستانی باراناوی جیهان پێكدەهێنێت كە ڕووبەرەكەی 6 ملیۆن 900 هەزار كیلۆمەتری چوارگۆشەیە واتە ئەم ڕووبەرە 48 جار لە ڕووبەری وڵاتێكی وەكو ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا گەروەترە هەروەها 40% ڕووبەری كیشوەری ئەمریكای باشوور پێكدەهێنێت  , و گەورەترین سەرچاوەی دابینكردنی ئۆكسجینە بۆ گۆی زەوی كە 20% پێكدەهێنێت هەر لەبەرئەوەشەی پێ‌ ی دەڵێن سی زەوی , لە هەمان كاتیشدا ساڵانە جیهان ڕزگار دەكات لە یەك تریلیۆن تەن كازی دووەم ئۆكسیدی كاربۆن بۆیە بە گرنگترین ناوچە دێتە ئەژماركردن بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی دیاردەی ((احتباس الحراری)).

ساڵانەی وەرزی وشكایی ئەم دارستانانە لە مانگەكانی تەمووزو ئابدا دەست پێدەكات و بۆیە ئاگر كەوتنەوەو گڕتێ‌ بەربوونی بە شێوەیەكی باو دەبینرێت بە تایبەتی لە مانگی ئەیلولدا هەروەكو ئاژانسی ناسای ئەمریكی ڕایگەیاندووە , بەڵام ئەوەی ئەمساڵ 2019 ڕوویداوە زۆر فراوانتر و بەربڵاوترە لە ساڵانی تر بە شێوەیەكی دروستكراولە لایەن خەڵكە نابەرپرس و جوتیارانی ئەو ناوچانەوە   بەهۆی هەندێك كاری نایاسایی بۆ ئەوەی دارەكان بسوتێنن و دواتر سوود لە شوێنەكەی ببینن بۆ بە خێوەكردنی ئاژەڵ و ڕەشە وڵاغ و ئاژەڵداری , چونكە ناوچەی ئەمازۆن شوێنێكی زۆر گونجاوو لەبارە بۆ بەخێو كردنی  ئاژەڵ و نزیكی 200 ملیۆن سەر لە جۆرەكانی ئاژەڵی تێدایە لە مەڕو مانگاو بزن و هەموو جۆرەكانی دی بۆیە سەرچاوەیەكی گرنگی هەموو جیهانە كە 25% بەرهەمی جیهان پێكدێنێت , بۆیە و هەر لەبەرئەوەشەو هەروەكو دەڵێن لێكۆڵینەوەكان 80% هۆكارەكانی ئەو ئاگر نانەوەو سووتاندنە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە جوتیارەكان دارستانەكان دەسووتێنن و دواتر شوێنەكەی بەكاردەهێنن بۆ بەخێو كردنی ئاژەڵ .

ئایا دەستەڵاتدارانی بەرازیل تێوەگلاون بە سووتاندنی جەنگەڵەكانی ئەمازۆن ؟

ڕێكخراوەكانی پارێزگاری لە ژینگە پەنجەی تۆمەت بۆ سەرۆكی بەرازیل (جائیر بۆلسونارۆ)  ڕادەكێشن كە گڵۆپی سەوزی داگیرسانبێت بۆ جوتیارەكان بۆ ئەوەی دارستانەكان بسووتێنن بۆ ئەو مەبەستەی لە سەرەوە ئاماژەم پێكرد , لە لایەكی تریشەوە سەرۆكی بەرازیل تۆمەت ئاڕاستەی ئەو ڕێكخراوانە دەكات دەڵێت ئەو ڕێكخراوانە ئەو كارەیان ئەنجامداوە لە دەستی ئەنقەست واتە ئاگریان بەرداوەتە دارستانەكان بۆئەوەی منی پێ تاوانبار بكەن .

جەنگەڵەكانی ئەمازۆن و گۆڕانی كەش و هەوا  

جەنگەڵەكانی ئەمازۆن و كەشوهەوای زەوی  پەیوەندیەكی توندیان بەیەكەوە هەیەكە لەیەك جیاناكرێنەوە چونكە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمای ساڵانە بە هۆی گۆڕانكاری لە ڕادەی باران بارین, لە لایەكی تریشەوە دارستانەكان ڕۆڵێكی گەورەیان هەیە لە كە كەمكردنەوەی دیاردەی گۆڕانكاری كەش و هەوا بە هۆی ئەوەی بڕێكی زۆر لە گازی دووەم ئۆكسیدی كاربۆن هەڵدەمژن وكە ئەمەش ڕۆڵێكی گرنگ دەبینێت لە بەرگرتن لە گۆڕانكاری كەش و ئاوهەوا و بۆیە لە حاڵەتی لە ناوچوونی ئەم جەنگەڵستانە گەورانەدا ئەم هۆكارە مەزنە نامێنێت بۆ بەرگری لە زەوی .

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations