تێكۆشەرە دێرینەكان یەكتری دەخۆن

موعتەسەم نەجمەدین
05.09.2019

قوڵبیونەوەی ناكۆكیەكان و زەقبونەوەی قەیرانە سیاسیەكان و فەراوانبوونی كەلەبەری نێوان سەركردایەتی یەكێتی و كادر و ئەندامانی، پەیوەندیەكان و رێسای رێكخستنەكانی بە شێوەیەك تێكداوە گرژی و ناكۆكیەكانی گەیاندوەتە ئاستی لێكترازان و پێكهەڵبژان.

لە پێناو مانەوە لە پۆست و پلە حزبیەكان و پارێزگاریكردن لە بەرژەوەندیە تایبەتەكانیان بەشێكی زۆر لە تێكۆشەرە دێرینەكان (سەركردایەتی ئەمرۆی یەكێتی) لە ئەمرۆدا كەوتونەتە یەكتر شكاندن و یەكتر خواردن. لەم كردەوە و دیاردەیەدا كار بگاتە ئەوەی سەركردەیەكی یەكێتی متمانەی بە كادر و حزبێكی نەیار زیاتر بێت لە هەڤاڵانی خۆی، ئەمە  كارەساتێكی رێكخراوەییە و تەواوی شیرازەی حزب دەخاتە بەردەم مەترسی هەڵوەشانەوەو تێكدانەوە. تێكچونی پەیوەندیەكان بگاتە ئاستی یەكتر شكاندن و یەكتر سرینەوە تا ئاستی ئێسك شكاندن لە پێناو مانەوەدا دیاردەیەكی ترسناكی ئەمرۆی قەیرانی یەكێتیە. چاڵ هەڵكەندن بۆ یەكتر و ملشكاندن و ئابرووبردنی یەكتر تا كار دەگاتە ئاستی تیرۆری سیاسی و جەستەی ئەو ئاراستەیەیە، كە لە ئەمرۆدا یەكێتی بەگشتی بەرەو ئایندەیەكی ترسناك و دژوار دەبات. لە راستیدا ئەم دیاردەیە تەنیا بۆ كادر و ئەندامانی یەكێتی نابێتە كارەسات و تێكۆشەرە دێرینەكان باجی سەرەكی و گەورەی نادەن، بەڵكو بۆ تەواوی میللەتی كورد دەبێتە نەهامەتی و بەربەست لە بەردەم گەشەكردنی مرۆی و سیاسی و ئابوری و كەلتوریشدا. رەوشێك، كە هیچ مانایەكیان بۆ هاوخەباتی و هاورێیەتی و دیسپلینی حزبایەتی نەهێشتوەتەوە. بەم دۆخ و رەوش و عەقڵیەتەوە یەكێتی ئەگەر كۆنگرە ببەستێت چی دەدورێتەوە، ئەگەر نەیبەستێت چ چارەنوسێكی دەبێت؟. 

كۆنگرە و سەركردایەتی 


تەركیبەی رێكخراوەی یەكێتی لە لوتكەوە بۆ خوارەوە دابەشبوونە بە سەر چەند باڵ و تەكەتولێك، لەم رەوشەدا ئەوەی كارەساتەكە دژوارتر دەكات هەر یەك لەم باڵانە خاوەنی موڵك و سامان و داهات و هێز و جەماوەری حزبایەتی تایبەتی خۆیەتی، بگرە لە بواری پەیوەندی سیاسیشەوە هەر باڵێك پەیوەندی و ولای سیاسی خۆی لە ئاستی لۆكاڵی و هەندێكجار هەرێمایەتیش  بێ گوێدانە بریار و ستراتیجی حزبەكەی دادەرێژێت. لە كرۆكدا هەر باڵێك وەك حزبێكی سەربەخۆ  كار دەكات. هەر یەكە لەم باڵانە پێیوایە راستی و هەقیقەت و ماف لای خۆیەتی و ئەوانیتر دەبێت ملكەچی ئیرادەی ئەم بن. تەواوی ئەم ململانێ و ركەبەرایەتیە تەنیا بەشێكی كێشەكەیە، بەواتە تەنیا باس لەو شەڕ و ناكۆكیانە دەكەین، كە لە نێوان خودی تێكۆشەرە دێرینەكان خۆیاندا هەیە، كێشە و گرفتی نێوان كادران و سەركردایەتی، خەڵك و حزب، حزب و میللەت  باسێكیترە و بۆ دەرفەتێكیتر هەڵیدەگرین.

بۆ رەتكردنی ئەم دۆخە بەو شێوەیەی هەندێك سەركردایەتی دەیانەوێت، وەك پێشەكی چەندین پرۆژە و پێشنیاری سەیرو سەمارە دەخرێتە بازاری سیاسی و گۆرەپانی دانوستانەكانی نێوان خۆیانەوە. هەموو ئاوات و خەونی تێكۆشەرە دێرینەكان ئەوانەی ئەمرۆ دەسەڵاتی حزبایەتیان قۆرخكردوە، تەنیا مانەوەیە لە ناو بازنەی دەسەڵاتی حزبایەتی و پارێزگاریكردن لە بەرژەوەندیە تایبەتەكانیان و هەوڵی زیاترە بۆ كۆكردنەوە سامان و جێگیركردنی كورەكانیان لە پلە و پۆستە باڵاكاندا، ئەم رەوشە وایكردوە زۆربەی كادران ئەو باوەرەیان لا بچەسپێت، كە هەموو دانشتنێكی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی لە كرۆكدا یان بۆ دابەشكردنی بەرژەوەندی و سامانە لە نێوان خۆیاندا یان بۆ دابەشكردنی پلە و پۆستە بۆ كورەكانیان، لە بەرامبەر ئەمانیشدا گروپێكیتر، كە لە كادرە باڵا دەسترۆیشتوەكانن، خەون بە گەیشتن بە دەسەڵات و پلە باڵاكانی حزبەوە دەبینن، بەشێك لەم كادرانە ئەوباوەرەیان لای چەسپیوە، كە ئەم سەركردایەتیە چیتر مافی مانەوەیان لە دەسەڵاتی حزبایەتیدا نیە و پێویستە گۆرەپانەكە بۆ ئەمان چۆڵكەن.   

ئەم بەرەیە هیواخوازن یەكێتی نەمێنێت و بە بەربەستی بەردەم فراوانبوونی دەسەڵاتی خۆیانی دەزانن و هاوكات چەند لایەنێكیتریش خواستی ئەوەیان هەیە ببنە جێگرەوەی یەكێتی، ئەمە جگە لەوەی هەندێك لایەنی بچوك تا ئەمرۆ لە سەر سوتماكی ناكۆكیەكانی رابردویان هیواخوازن یەكێتی بەرەو هەڵدێر و كۆتای بچێت

لە ئەمرۆدا گۆرەپانی ململانێی سیاسی یەكێتی لە بارە گشتیەكەیدا لە دوو هیوادا چڕ دەبێتەوە، بەرەیەكی نەیار، كە هیواو دنیابینی ئەوەی هەیە، چیتر ئەم رێكخراوە نەبێتەوە بە هێزێكی سەرەكی سیاسی و سەربازی، پێیوایە خۆری لە ئاوابووندایە و پێگەی لە ناو كۆمەڵگای كوردیدا بەرەو لاوازی و نەمان دەچێت. ئەم بەرەیە هیواخوازن یەكێتی نەمێنێت و بە بەربەستی بەردەم فراوانبوونی دەسەڵاتی خۆیانی دەزانن و هاوكات چەند لایەنێكیتریش خواستی ئەوەیان هەیە ببنە جێگرەوەی یەكێتی، ئەمە جگە لەوەی هەندێك لایەنی بچوك تا ئەمرۆ لە سەر سوتماكی ناكۆكیەكانی رابردویان هیواخوازن یەكێتی بەرەو هەڵدێر و كۆتای بچێت. لە بەرامبەر ئەم بەرەیەدا، بەرەیەكیتر هەیە هەرچەندە لە ئەمرۆدا دەنگیان زۆر بە كزی دەبیسترێت، بەڵام بە واقعی دنیابینی و هیوایەكیتریان هەیە، ئەمانە بە گشتی پێیانواییە مانەوەی یەكێتی بەهێز و سەنگەوە تەنیا زامنی جێگیری سیاسی و هاوسەنگی و پایەی فرە حزبی و هیوای ئایندەیەكی دیموكراسیە بۆ كوردستان، ئەوەی مایەی نیگەرانیە ئەم دوو هیوایە لە ناو خودی یەكێتیەكان خۆیشیاندا بوونی هەیە، بەواتە هیوای توانەوەی یەكێتی لەناو ریزەكانی یەكێتیدا لە سەرەوە تا خوارەوە كارەساتە گەورەكە دەخوڵقێنێت؟

كاتێك چەندین تێكۆشەری دێرین هیوای توانەوەی یەكێتیان هەبێت تەنیا بۆ ئەوەی ئەو سامان و موڵك وماڵەی لە سێبەری یەكێتیدا كۆیكردوەتەوە بۆ خۆیانی ببەن و كەس نەبێت لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بكات، ئەمە جگە لە سەدان و بگرە هەزاران كادر، كە پێیانوایە لە سێبەری ئەم سەركردایەتیە و ئاراستەی كاری دەسەڵاتی باڵای حزب، ئایندە و چارەنوسی ئەمان باش نابێت. دەرئەنجام ئەمانە دەكرێنە قوربانی شەڕی تەكەتول و باڵباڵێنەو بەرژەوەندیە تایبەتەكان، بۆیە بەشێك لەم توێژەیش نائومێدی وایلێكردوە هیوا بەوە بخوازێت تەر و وشك پێكەوە بسوتێت و یەكێتی بەرو هەڵدێر و توانەوە بچێت. 

لەم دەمەدا بۆ یەكلاكردنەوەی ئایندە و چارەنوسی یەكێتی زۆرترین قسە و باسەكان لە سەر ئەنجامدان یان ئەنجامنەدانی كۆنگرەیە. زۆربەی كادرانی باڵای یەكێتی پێیانوایە پێویستە گۆڕانكاری بنەرەتی بەرجەستە ببێت، ئەمەیش لە واقعدا سەرەتای بەرجەستەبوونی تەنیا بە كۆنگرە دەخوڵقێت. زۆرێك لە كادران دەرئەنجامی نیگەرانیەكانیان لە دۆخی ناوخۆی ئەمرۆی یەكێتی و ئەو بارە ناتەندروستەی تێیكەوتوە و توشی ئیفلیجی سیاسی و رێكخراوەی كردوە، ئاواتەخوازن گۆڕانكاری بنەرەتی لە تەواوی جومگەكانی یەكێتیدا رووبدات. لێرەدا ئەوەی نیگەرانیەكان زیاتر دەكات ئەوەیە ئەم توێژە هیچ قسەیەكی روون و یەكلاكەرەوەیان  لە سەر ئاراستەی گۆڕانكاریەكان نیە، بەواتە كەس ناپرسێت چ جۆرە گۆڕانكاریەك پێویستە، تەنیا بەرجەستەبوونی گۆڕانكاری بەس نیە، بەلام نائومێدی وایكردوە بەشێك لە كادران ئاواتەخوازبن بە خوڵقاندنی گۆڕانكاری ئەگەر خراپیش بێت. پرسیارە سەرەكیەكە لەم باسەدا ئەوەیە: یەكێتی پێویستی بە چ جۆرە كۆنگرەیەكە و چ جۆرە كۆنگرەیەك زەمینەی ئەنجامدانی هەیە؟

كۆنگرەیەكی تەوافقی كە دەرئەنجام تەنیا شەرعیەت بەم دۆخە ناجێگیر و هەڵپەسراوە بدات یان كۆنگرەیەكی بێتەوافق و تەندروست، كە ببێتە بناغەی درەكردن و رزگاركردنی یەكێتی لەم دۆخ و قەیرانەی تێیكەوتوە

كۆنگرەیەكی تەوافقی كە دەرئەنجام تەنیا شەرعیەت بەم دۆخە ناجێگیر و هەڵپەسراوە بدات یان كۆنگرەیەكی بێتەوافق و تەندروست، كە ببێتە بناغەی درەكردن و رزگاركردنی یەكێتی لەم دۆخ و قەیرانەی تێیكەوتوە. بارودۆخ و زەمینەی سیاسی یەكێتی بۆ چ جۆرە كۆنگرەیەك لە بارە و دەگونجێت، كۆنگرەی تەواوفقی یان بێ تەوافق، تا ئەمرۆ زۆربەی ئەو كادر و سەركردەكانەی لایەنگری تەوافقن بە شەرماوە باسی پێویستی ئەنجامدانی كۆنگرەیەكی تەوافقی دەكەن، بەڵام خەون و هیوا و ئاواتیان تەنیا لای ئەنجامنەدانی كۆنگرەیە یان ئەزعەف و لئیمان ئەگەر كۆنگرەیش بكرێت دەبێت تەوافقی بێت. لە ناو یەكێتیدا كێ بە راستی كۆنگرەیەكی بێ تەوافقی دەوێت و كێ پێیوایە تەنیا بە تەوافق دەبێت كۆنگرە ببەسترێت؟. ئەنجامدانی كۆنگرە بەم واقعە قەیراناویەوە چ دەرئەنجامێكی دەبێت؟ یەكێتی بەرەو رەتكردنی ئەم قەیرانە دەبات یان دابەشبوون و ئینشقاقێكیتر، یاخود وەك ئەوەی بەرەیەكی نەیار هیوای بۆ دەخوازن دەبێتە كۆنگرەی كۆتای و مەرگی یەكێتی بە فەرمی تیایدا رادەگەیەندرێت.

من بۆخۆم پێموایە تەنیا رێگا بۆ رزگاربوون و بوژانەوەو گەرانەوەی شكۆ بۆ یەكێتی، ئەوەیە كۆنگرەیەكی تەندروست و دیموكراسیانە بە بێ تەوافق و دور لە دەستتێوەردان ئەنجام بدات. ئەم كۆنگرەیە، كە زامنی مانەوەی یەكێتیە دەبێتە ئەو چەترەی لە ئایندەدا هەموان دەپارێزێت تێكۆشەر و سەركردەكانیش لە سێبەریدا بە ئاسودەی و رێزەوە ژیانی خۆیان دەگوزەرێنن. بەواتە لەم دەمەدا و لەم قۆناغی پەرینەوەدا پێویستە تێكۆشەرە دێرینەكان دەستبەرداری سیاسەت و بەرنامەی یەكتر سرینەوەو خۆ خواردن بن. پێویستە بریارێكی بوێر و راستگۆیانە بدەن رزگاركردنی یەكێتی لەم گێژاوە بكەنە ستراتیج و لە سەروی بەرژەوەندیە تایبەتەكانیانەوە داینەن، ئەگەر نا ئەم گێژاوە پێش هەموو كەس ئەوان و بەرژەوەندیەكانیان تەفرو تونا دەكات، پێویستە تێكۆشەرە دێرینەكان سود لە وانەكانی مێژوو ببینن و ئایندە و چارەنوسی دەیان دیكتاتۆر و زۆردار و گەندەڵ بێننەوە بەرچاوی خۆیان و عەقڵ و وێژدانیان بكەنە دادوەر و بریارێكی راست و بوێر بدەن. 

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations