بارەگای بارزانی چی یە ؟

هونەر تۆفیق
05.09.2019

هەڵەیە پێمان وابێت بارەگای بارزانی پێگەیەکی سیاسی داتاشراوی نوێ و نامۆیە بە دەستەڵاتی سیاسی لەهەرێمی کوردستاندا .
بارەگای بارزانی پۆستێکی شەرعیەت پێدراوە لەلایەن پارلەمانی کوردستانەوە و پێکهاتووە لە ئەنجومەنێکی سیاسی باڵا لەلایەن مەسعود بارزانیەوە سەرۆکایەتی دەکرێت.

ڕۆژی ٧ ی حوزەیرانی ٢٠١٧ لە سەڵاحەدین نوێنەری پارتە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان لەبارەگای بارزانی کۆبوونەوە . چەند بڕیارێکیان دەرکرد:

یەکێک لە بڕیارەکان ئەوەبوو ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم دروست بکەن و مەسعود بارزانی ببێت بەسەرۆکی ئەنجومەنەکە . هەر لەو کۆبوونەوەیەدا بڕیاردرا لەپاش دوو ساڵ لە داخستنی پارلەمان ، لەپێناو شەرعیەت وەرگرتن بۆ ئەنجومەنەکە ، پارلەمان کارابکرێتەوە. لە ١٤ ی ئەیلولدا پارلەمان کۆبوونەوە و شەرعیەتیاندا بە ئەنجومەنەکەی بارەگای بارزانی و رۆژی ٢٥ ی ئەیلولیشیان وەک رۆژی ڕیفراندۆم پەسەند کرد.

لەپاش فەشەلی ڕیفراندۆمەکە ، ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم لە بارەگای بارزانی کۆبوونەوە و بڕیاریاندا ناوی ئەنجومەنەکە بە ئیزافە و پێوەلکاندنی عێراقەوە بگۆڕن بۆ سەرکردایەتی سیاسی کوردستان - عێراق.

لەپاش فەشەلی ڕیفراندۆمەکە ، ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم لە بارەگای بارزانی کۆبوونەوە و بڕیاریاندا ناوی ئەنجومەنەکە بە ئیزافە و پێوەلکاندنی عێراقەوە بگۆڕن بۆ سەرکردایەتی سیاسی کوردستان - عێراق

هەفتەیەک لەپاش ئەو ناوگۆڕینە. ئەنجومەنەکە لەبارەگای بارزانی لە ١١ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ دا کۆبوونەوە، بڕیاریاندا جارێکی تر ناوی ئەنجومەنەکە بگۆڕن بۆ ئەنجومەنی باڵای سیاسی کوردستان و تا ئێستا بەهەمان ناوەوە ماوەتەوە.

مەسعود بارزانی کە لەیەک کاتدا دوو بەرپرسیارێتی هەبوو، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای سیاسی کوردستان (بارەگای بارزانی) و سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش بوو . لە ١ی نۆڤەمبەری ٢٠١٧ ، وازی لە پۆستی سەرۆکایەتی هەرێم هێنا لەبەر ئەوەی ماوەی چەند ساڵێک بوو ویلایەتەکەی بەسەرچوو بوو. بەڵام لە پۆستەکەی تریان (ئەنجومەنی باڵای سیاسی کوردستان) لەبارەگاکەی خۆی مایەوە و تائێستاکەش بەردەوامە لە ڕاپەراندنی ئیش و کارە سیاسیەکانی ئەنجومەنەکەدا.

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations