یەکێتیی و گۆڕان لە گوێی گادا خەوتوون!

ئەحمەد میرە
31.08.2019

پیاوێکی گۆشەگیر

ئەو دەمەى ناوى مەسروور بارزانیی وەک کاندیدی سەرۆکی حکومەتى هەرێمی کوردستان پێشنیازکرا، لە چەند نوسینێکی جیاوازدا مەترسییەکانى ئەم پیاوەمان لەسەر ئایندەى سیاسیی حوکمڕانیی لە هەرێمی کوردستاندا خستەڕوو. مەترسیدارترینیان ئەوە بوو، کە حکومەتێکی هەواڵگریی ترسناک بەڕێوەیە و هۆکاری ئەو دۆخەیش تەنها سەرۆکی حکومەت خۆیەتی، چونکە لە مێژوودا ئەزموونى ئەم جۆرە حکومەتانە تەنها شکستى تەواوەتیی پرۆسەى دیموکراسیی لێکەوتووەتەوە. لەو ماوە کەمەدا، کە ئەو سەرۆکە گۆشەگیرە سەرۆکی کابینەیە، حکومەت لە جاران ئیفلیجتر و ناکاراترە.

ئەگەر لە کابینەکانى پێشوودا بە شێوەیەکی ڕۆتینییش بووبێت، بوار دراوە بە وەزیری حیزبە بەشدارەکان پلان و بەرنامەى خۆیان جێبەجێبکەن، بەڵام هەموو ئاماژەکان بۆ ئەوەن، کە ئەم پیاوە نەک ڕاوێژ لە ئەندامانى کابینەکەى وەرناگرێت

ئەگەر لە کابینەکانى پێشوودا بە شێوەیەکی ڕۆتینییش بووبێت، بوار دراوە بە وەزیری حیزبە بەشدارەکان پلان و بەرنامەى خۆیان جێبەجێبکەن، بەڵام هەموو ئاماژەکان بۆ ئەوەن، کە ئەم پیاوە نەک ڕاوێژ لە ئەندامانى کابینەکەى وەرناگرێت، تەنانەت ڕێگاى دیدار و پەیوەندیی تەلەفونییشیان پێنادات، هۆکارى ئەمەیش بۆ ئەو ترسە زۆرە دەگەڕێتەوە، کە تەواوى ژیانی سیاسیی سەرۆکی حکومەتى تەنیوە. هەرچەندە هەندێک چاودێری سیاسیی ڕاڤەى ئەم جۆرە مامەڵەیەی مەسروور بارزانیی بەو جۆرە دەکەن، کە سەرەتایەکی بەهێزە بۆ تێپەڕاندنى سیماکانى دووئیدارەیی لە هەرێمدا، بەڵام بە هەموو پێودانگەکان ئەم جۆرە مامەڵەیە بنەماکانى لە تاکڕەویی و ئەو حەزە هەواڵگرییانەوە سەرچاوەیانگرتووە، کە تەواوى ژیانی سیاسیی ئەم پیاوەیان داگیرکردووە.

نێچیرڤان و کابینەى نوێ


ململانێی نێوان دوو ئامۆزاکە دەرفەتی گەورەى بۆ هەردوو باڵەکەى ناو پارتیی ڕەخساندووە، کە کەسە نزیکەکانى خۆیان بە پۆستی وەزیریی لەناو حکومەت و سەرۆکایەتیی هەرێمدا دابنێن. لە فۆرمی دەرەوەدا کابینەى نۆهەم کەمترین جێپەنجەى نێچیرڤان بارزانیی پێوە دیارە، بۆ قەرەبوکردنەوەى ئەم حاڵەتەیش نێچیرڤان بارزانیی تەواوى دارودەستەکەى لە کابینەى پێشوودا بە پۆستی ڕاوێژکارى باڵا و گەورە و یاریدەدەرى سەرۆکی حکومەت دامەزراندووە، کە هەندێکیان پلەکەیان لە پلەى وەزیریی گەلێک گەورەترەو تەنانەت موچەکەیان سێ هێندەى وەزیرێکی حکومەت دەبێت. هەموو ئەو پۆستانەى نێچیرڤان بارزانیی بە دارودەستەکەى بەخشیون لە دەرەوەى پەیکەرى سەرۆکایەتیی هەرێمن و تەنها بۆ هێشتنەوەى قورسایی باڵەکەى خۆی لە دەستەڵاتدا ئەو پۆستانەى داتاشیون، ئەمە لە کاتێکدا چەندین پۆستی وەزیریی و سەرۆکی دەستە هەن، کە پشکی یەکێتیی و گۆڕانن، سەرۆکی حکومەت فەرمانی بۆ دەستبەکاربوونیان دەرنکردووەو تەنانەت تا ئێستایش سەرۆکی هەرێم مەرسومى هەرێمیی بۆ جێگرەکانى دەرنەکردووە.

دەکرێت نێچیرڤان و مەسروور وەڵامی ئەو پرسیارە بدەنەوە، کە موچە و نەسریەى ئەم پۆستە زیادە داتاشراوانە چەندەو لەکوێ دەدرێت؟ بۆیە دەکرێت بڵێین یەکێتیی و گۆڕان لە پێکهاتەى کابینەى نوێدا لەگوێی گادا خەوتوون

بەکورتیی دەتوانین بڵێین ئێستا هەرێمی کوردستان خاوەنی دوو کابینەى حکومەتە، کە هەردوو ئامۆزاى گەورە و بچووک بە پێی پاراستنى بەرژەوەندیی خۆیان لە نێوان خۆیاندا دابەشیانکردووە. لە دەستگاکانى ڕاگەیاندنیشەوە باس لەوە دەکەن، کە پرۆژەى چاکسازیی ئەنجامدەدەن و حکومەت لە گەندەڵیی ڕزگار دەکەن، بەڵام ئایا دەکرێت نێچیرڤان و مەسروور وەڵامی ئەو پرسیارە بدەنەوە، کە موچە و نەسریەى ئەم پۆستە زیادە داتاشراوانە چەندەو لەکوێ دەدرێت؟ بۆیە دەکرێت بڵێین یەکێتیی و گۆڕان لە پێکهاتەى کابینەى نوێدا لەگوێی گادا خەوتوون.


٣١ ى ئاب و ١٦ ى ئۆکتۆبەر


(23) ساڵە ٣١ ى ئاب ڕویداوەو پارتیی لە بەرهەمەکەى دەخوات، ئەگەر پاش ٢٣ ساڵ لەو خیانەتە بڕوانین، دەتوانین ئەوە بڵێین، کە ٣١ ى ئاب لە مێژووى پارتییدا گەورەترین دەستکەوت بووە بۆ ئەو حیزبە، تەنانەت خێروبێری خیانەتی ٣١ ى ئاب پارتیی لە حیزبێکی پەرتەوازەو شپرزەوە کردە حیزبی یەکهەم، هۆکارەکەیشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە پارتیی زۆر لێزانانە لە ڕووی سیاسیی و میدیایی و دیپلۆماسییەوە ئەو خیانەتە لە ناو نەخشەى سیاسیی هەرێمدا تەوزیف بکات، بەجۆرێک دواى کۆتاییهاتنى شەڕی ناوخۆ تا ئەم ساڵانەى دوایی میدیاى یەکێتیی نەیدەتوانى بە تەنها دێڕێکیش باس لەو خیانەتە  گەورەیە بکات، بەڵام لەبەرئەوەى دۆخی سیاسیی یەکێتیی لە ئێستادا شپرز و لاوازە، پارتیی بەئاسانیی توانیی ١٦ ى ئۆکتۆبەر وەک تاوانێکی سیاسیی بخاتە ئەستۆی یەکێتیی و سەرکردەکانیەوە، ئەمە لە کاتێکدا ئەوە ڕوونە، کە ١٦ ى ئۆکتۆبەر دەرهاویشتەى ئەو پیلانە هەرێمییە بوو، کە مەسعوود بارزانیی بە ناوى ڕیفراندۆمەوە دژی هەرێمی کوردستان سەرکردایەتییکرد و جێبەجێیکرد.

هەروەها پارتیی هەموو مەکینەى ڕاگەیاندنى خۆى خستە خزمەتى ئەو هەڵمەتەوە، کە 16 ى ئۆکتۆبەر وەک 31 ى ئاب وێنابکات و بە هیچ جۆرێکیش لەو بارەیەوە بۆ پێگەو پەیوەندییەکانى لەگەڵ نەیارەکەیدا نەکرد. بەکورتیی پارتیی بەوپەڕی شانازییەوە ٣١ ى ئابی لە خیانەتەوە لاى ئەندامانى خۆی کردە دەستکەوت، بەڵام یەکێتیی زۆر شەرمنانەو لاوازانە 16 ى ئۆکتۆبەرى لەسەر خۆی کرد بە ماڵ.

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations