چەند بروسکە سەرنجێك لەسەر ئەنجوومەنی پارێزگای هەڵەبجە

هادی حەمەرەشید
30.08.2019

کۆبوونەوەی دوێنێی لایەنە سیاسییەکانی هەڵەبجە لەمەڕ پرسی (دەستبەکاربوون) یان پێکهێنانی ئەنجوومەنی پارێزگای شارەکە، نیەتەکان هەرچی بن(کە حەتمەن زۆربەیان باش و جدیین) بەڵام بارودۆخەکە جۆرێکیترە و حەقە خاڵی کۆتایی دابنرێت.

تێناگەم ئەم لایەنانە لەسەرچی کۆبوونەوە؟! سەدان پێشنیار و هەزاران کاتژمێر قسەکردن لای ئەوان بێت، ئیتر چارەسەرکردنی یەك خاڵ لەناو کۆبوونەوەی لۆکاڵییدا نیە.
بەگشتیی سێ خاڵ گرنگە:

یەکەم/ ئەنجوومەنی پارێزگای هەڵەبجە، نە خێری کەسە و نە قابیلی موزایەدەیە، بەیاسا لەپەرلەمانەوە ڕێکخراوە، (قوباد تاڵەبانی) کراوە بەسەرۆکی لیژنەی دروستکردنی پارێزگاکە(بە ئەنجوومەنیشەوە) کۆمەڵێك وەزیر و ڕاوێژکار لە کابینەی پێشوو کراون بەئەندام لە لیژنەکەدا، ماوەکەیان تەواو بوو، یەك کابینەی ڕەبەق تاکە کۆبوونەوەیەکیان نەکرد!
کەواتە لەبری ۵۵ کۆبوونەوەی لایەنەکانی هەڵەبجە، بە یەك دوو کۆبوونەوەی ئەو لیژنە باڵایە هەموو شتێك حەسم ئەبوو کە نەکرا!

دووەم/ لەبنەڕەتدا(سەبارەت بە ئەنجوومەن) هەموو تاوانەکان لەئەستۆی ئەم لیژنەیەشدا نیە، بەڵکو دەسەڵاتی کوردیی زۆر دژ بە لامەرکەزیەت و شەوانەڕۆژیی کار بۆ سەنتراڵیزەکردنی دەسەڵات ئەدات، لە ۱۵ پارێزگای عێراقدا ئەنجوومەنەکان زۆرینەی دەسەڵاتی پارێزگای لایە و ئاراستەی سیاسەتی پارێزگاکە ئەکەن، تەنانەت ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوك توانیویەتی زۆربەی پڕۆسە سیاسییەکە لە کەرکوکدا ڕاگرێت.

لێرە بەموئامەرە یاسای بریمەر وەلانرا و یاسای ژمارە ۳ی پارێزگاکانیان لەبری ئەو لەپەرلەمان تێپەڕاند، هێشتا ئەوەشیان جێبەجێ نەکرد و ئەنجوومەنەکانیان پشتگوێ خست!

لە ئێستاشدا کە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ۱ی نیسانی ۲٠۲٠ی وەك ڕۆژی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دیاری کردووە، پەرلەمانی کوردستان بە پێچەوانەوە هەمواری نوێی یاساکەی کردووە، دوای سێ مانگ درێژکردنەوە و کەوتنە بۆشایی یاسایی و دوای چەندین یاداشتی خودی ئەنجوومەنەکانیش هێشتا ئەوەیان کرد!
بەزمانی حاڵ نایانەوێت ئەنجوومەن هەبێت!

سێیەم/ ئەنجوومەنی پارێزگای هەڵەبجە، لەنەبوونی هیچ هەڵبژاردنێکی نزیك لەبەردەم لایەنەکاندا، ئەنجامی هەڵبژاردنی ۳٠ی نیسانی۲٠۱٤ کرا بە پێوەر بۆ دابەشکردنی کورسییەکانی، بەڵام چونکە نە حکومەت و نەحیزبەکانیش جدیی نەبوون لەپرسەکەدا، دوو هەڵبژاردن دوای ئەو ئەنجامە دوورە کراوە، هەڵبژاردنی ۱۲ی ئایاری۲٠۱۸ ی ئەنجوومەنی نوێنەران و هەڵبژاردنی۳٠ی ئەیلولی۲٠۱۸ی پەرلەمانی کوردستان، ئەکرا هەڵبژاردنێکی هەڵاوێراو(إستثناء)ی ئەنجوومەنیشی لە هەڵەبجە هاوپێچ بکرایە، بەڵام ئەوەش نەکرا!

ئێستا هیوادارم (وەك ئەوترێت) گرێکان کرابنەوە و بەستەڵەکی ناکۆکییەکان توابنەوە، تا سەرباری هەر سەرنجێك لەسەر بەرخوردی هەرێم ئەنجوومەن هەر هەبێت.
بەڵام ئایا بەڕاستی وایە؟!!

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations