پرسی کەرکوک لە نێو گێژنەی روداوەکاندا

ئەحمەد رەفیق
23.08.2019

ترەمپ و حەشد و داعش


دوای روداوی بە ئامانج گرتنی بنکە و جبەخانەکانی حەشدی شەعبی لە عیراق کە سەرکردە عەسکەری و ئەمنییەکانیی حکومەتیی فیدڕاڵ و لە ناویشیاندا سەرۆک و جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی بە ئاشکرا دەستیی تۆمەت بۆ ئیسرائیل و ئەمریکا درێژ دەکەن! ئەمەش سەرەتای گۆڕانکارییەکی خێراو چۆنایەتییە کە لە ناوچەکە و عیراقدا رو دەدات. دوای ئەم روداوە پێشهاتێکی تر رویدا لەم رۆژانەدا دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی وڵاتە یەکگرتوەکانیی ئەمریکا لە پرێس کۆنفڕانسێکدا و لە وەڵامی پرسیارێکدا رایگەیاند: " لێرە بە دوا، دەبێ عیراق و ئەفغانستان، خۆیان روبەڕوی داعش ببنەوە و چاوەڕێی هاوکاریی ئێمە نەکەن" ئەم دەربڕینە لە دوێنێوە لەسەر ئاستیی هەردو دەوڵەت (عیراق و ئەفغانستان) کۆمەڵێک مشتومڕی جیاجیای لێکەوتوەتەوە و هەر یەکەیان لێکدانەوەی شرۆڤەی جیا بۆ ئەو لێدوانەی ترەمپ دەکەن.

ئەمریکا-عیراق-کورد


ئەو راگەیاندنەی ترەمپ کە دەڵێ: (لە ئێستا بە دواوە دەبێ عیراق و ئەفغانستان خۆیان روبەڕوی داعش ببنەوە) ئەم دەربڕینە هەر شتێکی هاکەزایی نییە بەڵکو کۆمەڵێک رەهەند و واتا لە خۆی دەگرێ، بە پێی بەدواداچونەکانم بۆ میدیا و ناوەندەکانیی توێژینەوە، لەسەر ئاستیی عیراق دوو جۆر خوێندنەوەی جیا بۆ ئەم راگەیاندنەی ترەمپ دەکرێ؛ خوێندنەوەیەکی عەرەبی شیعەگەرایی و، ئەوەی دیکەیشیان خوێندنەوەیەکی کوردیی حزبیانە! کە تا ئێستا وەکو پێویست هیچ کامێک لە ناوەندە زانستیی و ئەکادیمییەکانی کوردستان گرنکیان بەو لێدوان و سیاسەتە تازەیەی ترەمپ نەداوە بەرامبەر بە عیراق و هەرێمی کوردستان و، وەکو خۆی نەیاتوانیوە لێکەوتەکانی شەن و کەو بکەن!.

ئەمریکا-بەعس-سوننە


هەر دوای بۆردمانکردنیی بنکە و جبەخانەکانیی حەشد و، دواتر لێدوانەکەی ترەمپ و هەروەها دوو رۆژ پێشتریش مایک بۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کاتێک وتی: "مەترسی گەڕانەوەی داعش لە سێ ساڵ پێشتا بەهێزتر دەبێ!" ئەم زنجیرە روداو و لێدوانانە بە سەر یەکەوە پێمان دەڵێن؛ گۆڕانکاری خێرا و جددیی بەڕێوەیە، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە ئاخۆ لە بەرژەوەندی کورددا دەشکێتەوە یاخود بە پێچەوانەوە؟! بە خوێندنەوەی خۆم ئەمریکا بە پشتیوانیی راستەوخۆی هاوپەیمانەکانیی گۆڕانکاری ریشەیی لە دەسەڵات و شێوازی حوکم لە عیراقدا دێنێتە کایەوە، پێش هەر شتێ کۆتایی بە هەژمونیی حەشدی شەعبی دەهێنێ، هەر هیچ نەبێ لانیکەم لە سوریا و، دواتر ناوچە سوننە نشینەکانی عیراق و هێڵی تەماسی نێوان کورد و سوننە واتا (ناوچە جێناکوکەکان) کۆتایی بە دەسەڵاتیی حەشدی شەعبی دەهێنێ بۆ ئەمەش هەوڵی دوبارە گێڕانەوەی سوننە دەدات بۆ ناوچەکە بەڵام بە هێزەوە! بە دوریشی نابینم بۆ ئەو مەبەستە دوبارە حزبی بەعس بهێنێتەوە گۆڕەپانەکە!

سەودا کردن بە کەرکوکەوە


ئێستا دیمەنەکانتان بۆ رون بوەوە کە ئەمریکا بە نیازی چییە و دەیەوێ چۆن و بە چیی رێگەیەک گۆڕانکاری لە عیراقدا بکات! هەروەها نابێ ئەوەشمان بیر بچێتەوە کە ماوەی دوو ساڵە بە چڕی ئەمریکا لەگەڵ بەعسییەکاندا لە گفتوگۆدایە و لەو چوارجێوەیەشدا کۆبونەوە و دانوستان لە نێوان ئەو دوو لایەنەدا بەڕێوە دەچێ..! بەپێی ئەو زانیارییانەی کە دزەیان کردوە حزبی بەعس بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستان لەگەڵ ئەمریکا جەختی لەسەر مەسەلەی کەرکوک کردوەتەوە، ئەڵبەت تا ئێستا هەڵوێستیی ئەمریکا لەو روەوە دیار نییە چۆنە بەڵام! گێژنەی روداوەکان پێمان دەڵێن؛ سەودایەک لە ئارادایە!

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations