چاکسازی یان تەسفیە حیساب؟

بەدران محێدین
21.08.2019

شەپۆل فاخیر مێرگە سۆری لە کتێبی زمانی تاوان ھاتە قسە، دەلێت؛ بنەمالەی بارزانی ھەستیان بەو مەترسیە کردبوو کە کەسێکی پاک و شۆرشگێر لە دەڤەری بادینان ھەیە و لە ناو سۆرانیەکان زۆر خۆشەویستە لە ناوچەی سلێمانی و گەرمیان بە تایبەتی، خودی مەلا مستەفا ھەموو ھەولێکی دا تا  فاخیر لە پارتی نزیک بکاتەوە، تەنانەت ھەندێک جار دەیگووت فاخیر یەکێکە لە کورەکانم، ئەو کاتەی فاخیر مێرگەسۆری لە گەرمیان دەبێت و ئیدریسی کورە گەورەی مەلا مستەفا بەسەردان دەچێت بۆ ئەو ناوچەیە، لەوێ رێز و خۆشەویستی خەلک دەبینێت بۆ فاخیر کە ھەمان رێز و خۆشەویستی بۆ ئەو نیە، لە دوای گەڕانەی لەو ناوچەیە لە ماوەیەکی زۆر کەم برایەکی فاخیر لە ھەولێر بە دەستی پاراستن دەکوژرێت، دواتر برایەکی فاخیر تۆلەی برایەکەی دەکاتەوە، بنەمالەی بارزانی بەناوی چاکسازی و یاسایی شۆرش تەواوی بنەمالەی فاخیر مێرگەسۆری ون دەکەن تا ئەو کاتەش کەس نازانێت گۆڕیان لە کوێی ئەو کوردستانەیە.

ئێمەومانان لەوە دلنیاین چاکسازیەکەی مسرور بارزانی تا کوێ پڕ دەکات، بەڵام باشترە پێش حەدەس نەکەوین و چاوەڕێ بین بزانین ئەو چاکسازیەش ھەمان چاکسازی کۆنگرەی ١٣ ی حزبەکەیانە دژی نێچیرڤان بارزانییە، کوردەوارت ووتەنی؛ ئێمە دەزانین کەر لە کوێ کەوتووە و کوندە لە کوێ دڕاوە، ئەو چاکسازی و تەسفیە حیسابیە تا کاتی کۆنگرەی پارتی بەردەوام دەبێت، نێچیرڤان بارزانیش دەبێت بە گەڵای پایز ئەو کات رەنگە ھەر خۆی و کوڕەکەی بمێنەوە.

ئەو قسانەی سەرەوە ھیچی رەشبینی و دژ بوون بە چاکسازی نیە، تەنیا درک  کردنە بە حەقیقەت، ئەگەرنا چاکسازی بەو شێوەیە نیە سەرۆکی حکومەتۆکەکەی ئێمە دەستی داوەتێ، چاکسازی وەک پاکردنەوەی پایەی قاندرمە وایە، دەبێت لەسەرەوە بۆ خوارەوەبێت، با سەرۆکی حکومەت لە خۆیەوە دەست پێبکات، تەنیا ئەو مووچەیە بگەرێنتەوە کە زیاتر لە سالێک مووچەی شەش ھەزار کارمەندی ئاسایش مانگانە بەناوی مووچە بۆ کەرکوک دەچوو کەچی کەمتر لە پێنج ھەزار کارمەند ئامادەی دەوام بوون، باسی بیرە نەوت و کۆمپانیا و بەتەن دۆلار و کەنالی شەخسی ناکەم، ئەو ھاش وھوشەی میدیاکەی خۆیان بەناوی چاکسازی ڵای ئێمە وەک دەنگی کۆپتەرە، باشتر لە خۆتان دەتان ناسین، وەک رەفیق پشدەری لە کتێنی کوردە دوژمنی خۆت بناسی ووتەنی؛ ئێوە ھەندە پیسن تا ئەبەد پاک نابنەوە.

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations