یەکێتی و ترس لەکۆنگرە

چیا هاوار
20.08.2019

ھەرکاتێک لەنێو یەکێتیدا باس لە بەستنی کۆنگرە ئەکرێت راستەوخۆ خەیاڵم ئەچێتەوە ساڵی ٢٠٠٨ کاتێک یەکێتی بەگەرم و گوڕی ئامادەکاری ئەکرد بۆ بەستنی کۆنگرەی سێھەمی خۆی، ئەوکاتە لە مەکتەبی راگەیاندن کارم ئەکرد، ئامادەکارییەکانی کۆنگرەش بەشێکی بەمەکتەبی راگەیاندن سپێردرابوو، بەتایبەت لە بواری راگەیاندندا، لەگەڵ چەند ھەڤاڵێکی دڵسۆز و ماندونەناس ئەرکی دەرکردنی پاشکۆی کۆنگرەمان پێ سپێردرا کە رۆژانی چوارشەممە لەگەڵ رۆژنامەی کوردستانی نوێدا دەرئەچوو، لەو پاشکۆیەدا کە نزیکەی ساڵێک دەرچوو، کۆمەڵێک بابەتی زۆر بەپێز و پڕ لە پێشنیار و زانیاری بڵاو کرایەوە. نامەوێ لێرەدا باسی وردەکارییەکانی بکەم بەڵام وا بڕیاربوو ئەو پاشکۆیە بۆ ماوەی مانگێک یان مانگ و نیوێک دەربچێ و بگەینە کۆنگرە لێ بەھۆی جیابوونەوەی باڵی ریفۆرم و کۆمەڵێک رێگری تری بەردەم کۆنگرە ئێمە نزیک بەساڵێک ئەو پاشکۆیەمان دەرکرد و کۆنگرەش ھەر نەکرا!.

لەوساوە پرسیارێکی جەوھەری لای من گەڵاڵە بوە کە باڵی ریفۆرم ماڵی خۆیان جیا کردەوە و رۆیشتن ئەی یەکێتی بۆ کۆنگرەی خۆی نەکرد لانی کەم بۆ رێکخستنەوەی نێوماڵی خۆی کە لایەک لە حزبەکەی لێی جیا بوبوەوە و دوو ساڵی تر چاوەڕوان بوو؟.

ئەو باسەی سەرەوەم لە کاتێکدایە کە باس و خواسی بەستنی کۆنگرەی چوارەم گەرم و گوڕە و ھەرچی کادری ناوەندی و خوارەوە پێداگرن لەسەر کۆنگرە و سەرکردەکانیشی بە رواڵەت لەگەڵ بەستنیدان و وەکوتریش نە بای دێت و نەباران!.

ئەڵبەتە من پێموایە چیتر شەمەندەفەری یەکێتی بەوھەموو کێشە و کەموکوڕیە رێناکات و پێویستی بە چارەسەرێکی بنەڕەتی کێشەکان ھەیە، بێگومان وەک چۆن شەمەندەفەرەکە پێویستە لە وێستگەیەکدا بوەستێ و چاکسازییەکانی بۆ ئەنجام بدرێت ئاواش یەکێتی پێویستی بەوەستان ھەیە کە وێستگەکەی کۆنگرەیە، چونکە ناکرێت چیتر بەدەم رێگاوە پینەوپەڕۆی جەستەی شەکەت و ھیلاکی یەکێتی بکەین، پێویستە لەوێستگە ئەساسیەکەیدا ورد ورد پشکنین و چارەسەری یەکجارەکی بۆ بکەین و ئینجا بیخەینەوە سەر سکە ئەسڵەکەی خۆی.

ئەوەی دیسانیشەوە لێرە بۆتەوە پرسیارێکی جەوھەری ھەمان پرسیاری یانزەساڵ لەمەوبەرە (ترس لە بەستنی کۆنگرە بۆ) بۆ ئەبێ سەرکردەکانی یەکێتی ھەوڵی خۆ دزینەوە لە کۆنگرە بدەن؟ ترسی ئەوان لە چیە؟ لە پێگە و لەمحەکدانیانە؟.

من پێموایە سەرکردەی دڵسۆز نابێ ترسی لە بەستنی کۆنگرە و پلنیۆم و کۆنفراس ھەبێت، بەڵکو پێویستە بۆ زیندوو راگرتنی رێبازەکەی، بۆ رێزگرتن لە مێژووی خۆی و حزبەکەی، بۆ بەرز راگرتنی رۆحی بیست ھەزار شەھیدەکەی، بۆ نواندنی وەفا بەرامبەر رێبەرەکەی و بۆ رێزگرتن لە تێکۆشەر و ئەندامانی حزبەکەی لەمپەر و رێگر نەبێت بۆ بەستنی کۆنگرە و نوێکردنەوە و بونیادنانەوەی ژێرخانێکی بەھێز بۆ حزبەکەی.

ئیتر با سەیرکەین و ببینین ئاخۆ مێژووی یانزەساڵ لەمەوبەرمان بۆ دووبارە ئەکەنەوە یان قۆڵی لێ ھەڵ ئەماڵن و بە بڕوابوون و نیەتێکی پاک ھەنگاوی جیدی ئەنێن بەرەو کۆنگرە و خۆیان رزگار ئەکەن لەو  ناڕەزایەتیەی کادران و ئەندامانی یەکێتی؟

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations