عەقڵ لەكوێی (مەلا هەڵۆ)دایە؟

ماجد خەلیل
14.08.2019

ئەوە تەنها تۆڕە تێرۆراوی و هەراش و هەرزەكان نین، كە رەواج و رەونەق دەدەنە مۆدیل و میتۆد و مینبەرەكانی مەرگ. نەخێر بەشێك لە مەلا زاڵ و زەلیلەكانی ناو تۆڕە جاسوسییەكان، بەشێ لە مەلا پینەو پەڕۆكانی سیاسەتی قێزەونو قین لەرۆشنگەریی، بەشێ لە پیرباڵ گوتەنی(موچە حیز)كانی كایەی كۆمەڵایەتی كوردیی. لە جەژنی قوربانی و گەردەن ئازادیدا (بەحساب)، بەربونەتە كیژۆڵەیەكی گۆرانی بێژ، كیژێك بەحسابی خۆی كاری كلیپێكی نوێی گۆرانی گەیاندووە، كیژێك بەجلێكی كوردانەو بە ئاوازێكی شیرین و شاد، بە سەمایەكی میهرەبان و مۆركێكی نوێوە، لە سەهۆڵەكەی سلێمانیدا چەند خولەكێ خەونێكی خۆی راڤە دەكات. لەم دیمەنە دڵنشینەدا دنیا بەڕواڵەت دڵی گوشرا! وەلێ لەناخەوە زیاد لەجارێ بەدڵ تەماشا كرا. ئەمە سوێندی بێ مەلا هەڵۆ هههه چەندانجار بەزاڕۆكانی وتووە بیخەنەوەسەری با تفێكی بكەم! تفەكانی گواستەوە بۆ ئاسمانی خۆی، گواستنیەوە بۆ میمبەرو مزگەوت، گواستنییەوە بۆ ناوچەكەریەتی و میزاجی مردو ڕەنگی خۆی. مەلا هەڵۆ، وەك ئەو مەلایانەی كە تەمای حۆری و حیكایەتی كەواعیبەن وەئەترابا تاویان دەدا، وەك ئەو مەلایانەی چاویان جگە جەستەی ژن و حەیزی ژن و كەنیزەكی كچ و لیباس و لەمسی ژن هیچیتر نابینێ. چاوێكی داعشی، عەقڵێكی بازاڕی سەمەرقەندو بوخارایی!، كە بەدڵی پیس و دەرونێكی كەپت و كەئیبەوە شۆڕدەبنەوە بۆ هەموو هەناسەیەكی هێزە كۆمەڵایەتییەكە.

ئەم كلیپە بۆتە بنێشتەخۆشەی سەر زاری زەهراویان. بەداخەوە بۆ شاری رۆشنبیری، چۆن جمەی دێ لەو مەئمومانەی لە پشت سەری هەڵۆوە یەس یەم دەكەن، بەداخەوە بۆ شاری رۆشنبیریی واقیان لە وڕێنەی واعیزێكی وا سوڕماوە. بەداخەوە بۆ دەسەڵاتێك كە یابویەكی یەعكراوی وەك ئەم ئافاتە ناكێشێتە دادگا. 

ئەم ئافاتە ناكرێ پشتیوانی نەبێ، لەلایەكەوە دەسەڵاتە پاشاگەردانەكە، رەنگە پادشای كۆڵانێ پاڵی پێوەبنێ تا بەچەپ و بەڕاسا حەشری هەموو هەناسەیەكی ئازاد بكا، لەلایەكی ترەوە فەرهەنگە كوردییەكە مرۆڤی وا پێشخۆی دەخاو دەیكاتە دەمڕاستی شین و شیوەنی. بەڵێ دەبینین چۆن چنگەكانی ماچدەكرێن، دەزانین چۆن زەكات و زەرفی پارەی بۆدەبرێ، دەپرسین چۆن زەواج و تەڵاقی بەدەستەو دەبینین چۆن ئایینی كردووەتە چەكێك و هەقوناهەق فیشەكەكانی دەنێ بەسەر دڵی ئازادی و ژن و ئەخلاقەوە. سەیرنییە كەلتورێك بێسارانی و سەیدی و میرزا عەبدولقادر و مەولەوی و مودەریس و زەڵمی پێگەیاندبێ، ئەم كۆركۆرەی شوێنی شابازان وەزعی بۆبدا؟ سەیرنییە فێهاتویەكی فیكری داعشیی فەزیحە بە فەلسەفەی پیرشالیار بكا؟ سەیرنییە عەقڵێكی قڵیشاوی لماوی، هەڵشاخێ بە عیرفان و عەشقی یارسانی هەوراماندا؟ شەرم و شورەیی نییە لە پایتەختی رۆشنبیریدا قەدری كوردبوون قەمبوری وەها قارسی بكا؟ 

ئێمەدەزانین ئیرەییان بە ئیمان و ئیرادەو ئەسراری سەركەوتنی هەورامان، ئێمە دەزانین بەخالەتیان بە خەیرو خەباتی خاوێنی هەورامان، دوچاری جەڵدەی جنێوی كردوون.

ماریا كیژێكە كارێكی كردووە، لەڕووی تەكنیك و هونەرو ئاوازو دیزاین و تەقلیدو تۆنەوە پڕپڕە لەرەخنە. ئەوەكاری هونەر دۆستانە رەخنە بگرن. كارێكە لە دوڕۆژدا زیاد لە ملیۆنێ بینەری هەبووە، كەواتە دەبێ هەڵسەنگێنرێ. بەڵام هەڵسەنگاندنەكان، بوون بە سوكایەتی بە ژن، كیژێكی هەورامی، لەزاری مەلایەكەوە وەك دەڵ و قەحبە ناوبرا! رەخنەكان بوون بە تانەدان لە هەورامان، بوون بە سوكایەتی بەسیناریۆ و شێواندنی وشەو وێناكان. هەزارانجار شێركراو لە ماڵە تاریكەكانی شاردا دەنگی قاقای شەهوەت بەرز دەبوویەوە. بەڵێ ئەم هێزەی رەواجدەدا بەم بەزمو بالۆرەی بەڕبەڕییەتە، چنگی مێشكیان پڕە لە بەردی ڕەجم، ئەوان بۆیان بلوێ ژیان بەردباران دەكەن. مەلا هەڵۆ لێگەڕێن ماریا دەكاتە دوعاو زیندە بەردڕێژی دەكا. 

ئەم دیمەنانە دەردێكی كوشندەیە، دەردێكە دەبێ وەك چۆن ئەوروپا پاپاكانی تەمبێ كرد، لێرەیش دەبێ تەمبێ بكرێن. ئێوە دەزانن ئەم هەڵایە، چەندە هێزی ئەژنۆی هونەر وشك دەكات؟ دەزانن هەزاران خەونی ئازادی كیژان لە ژانی لەدایك بووندەخا؟ دەزانن زانكۆكانمان دەكاتە زبڵدانی پەچەو عەبا! و دەیكاتە دنیای دڵپیسی و كایەی كەپتیی. دەزانن رەواجدەداتە لەشفرۆشی و كاری نائەخلاقی؟

ئێوە دەزانن ئەو سعودییەیەی كەئێوە خاكی دەكەنەكلی چاوتان و ئاوی بە مسقاڵ دەخۆنەوە، چ كەناڵێكی تایبەت بە ڕەقسی شەوانەی تێدایە؟ دەزانن لە نەجدو حیجازدا پۆلیس فریاناكەوێ چۆن یانەكانی لەشفرۆشی داخا؟ دەزانن لەو توركیایەی كە دەستەكانی كابرا بۆ پاراستی ئابورییەكەی هەمیشە لەئاسمانن! چ شەوانێ لە ئەزمیردا دەگوزەرێ؟ ئایا سلێمانی لە كوێی جیهاندایە؟ ئەی عەقڵ لە كوێی مەلا هەڵۆدایە؟ هەورامانی سەربەرز لە كوێی ئەم گەڕەلاوژێیەی گورگەكانی جەستەی ژندایە؟ هەورامانی ژیرلێ و مەرێی هەزاران ساڵ پێش ئێستا، لەكوێی ئەم تۆتالیتاریزمەی سەدەی بیست و یەكی سلێمانیدایە؟ هەورامانی بازوی بەهێزی شۆڕشی كورد، لەكوێی خیانەت و خەتای هونەرو پێشكەوتن و سیاسەتی دزراوی ئێستادایە؟

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations