ئیتر قسە مەكە، تكایە!

سه‌ردار عه‌بدوڵا
30.07.2019

ماوەیەكە كۆمەڵە هاوڕێیەكی خۆشەویست كەوتونەتە نوسین و بڵاوكردنەوەی هەندێك بابەت كە باس لە كێشەكانی بزوتنەوەی گۆڕان دەكات. هەڵبەتە قسەكردن، رەخنەگرتن، وتنی راستییەكان، مافی هەر كەسێكە.. بەڵام دەبێ لەپێشدا ئەوە ساغ بكەینەوە كە ئایا بۆ قسە دەكەین، بە چ مەبەستێك قسە دەكەین؟ لێرەشەوە ئەم بۆچونە موتەوازیعانەم‌ تەنها ڕوو لە یەك هاوڕێی ئازیز ناكەن، كە دڵنیام چەندی خۆشدەوێم، دڵنیاشە كە چەندم خۆشدەوێ، بەڵكو بۆ هەمو هاوڕێ ئازیزەكانمە كە كاری سیاسییان كردوە و دەكەن، بەشێك بون لە بزوتنەوەی گۆڕان، لە پۆست و پایەی بەرز و كاریگەردا بون.

وەك وتمان با لەپێشدا ئەوە ساغ بكەینەوە كە بە چ مەبەستێك قسە دەكەین. ئایا چۆن دەتوانین مەبەستمان لە پشت وتنی قسەیەكەوە دیاریی بكەین؟ هەڵبەتە دەبێ بزانین قسەیەك كەی دەیكەین؟ لەكوێی دەكەین؟ بە چ وەسیلەیەك دەیگەیەنین؟ لێرەوە لایەنێكی دیكەی یەكجار گرنگی ئەم مەسەلەیە دەخەمەڕو، كە باڵاترە لە مەسەلەی ناسینی مەبەست و غەرەزی پشت قسەیەك، ئەویش ئەوەیە كە زۆر جار باشترین پێشنیار و پرۆژە سەر ناگرن ، چونكە لە كاتی خۆیدا و لەشوێنی گونجاوی خۆیدا و بەو وەسیلەیە ناگەینرێن كە ببێتە مایەی وەرگرتنیان، بەڵكو ئامانجێكی پێچەوانەش دەپێكێ.

لەو سۆنگەیەی سەرەوە، داوا لە هەمو ئەو هاوڕێ ئازیزانە دەكەم كە ماوەیەكە بەردەوامن لەم نوسینانە، دیقەت بفەرمون لەو پرسیارانەی سەرەوە: ئایا بۆ لەم كاتەدا ئەم قسانە دەكەن؟ لە چ شوێنێكی دەكەن؟ بۆ لە میدیا و فەیسبوك دەیكەن؟ لە دواییشدا دەتانەوێ بەم كارە چ مەبەستێك بپێكن؟

ئەم دۆخەی ئێستای بزوتنەوەی گۆڕان، خۆی هۆ نیە، بەڵكو دەرەنجامە. دەرەنجامی كەڵەكەبونی سیاسەتی هەڵە و بەتایبەتیش نەفەسی شەعبەوییە لە گوتار و رەفتاردا

هەڵبەتە گومان لەكەس ناكەم، مافیش بەخۆم نادەم كە بوختان بۆ كەس بكەم، بڕواشم بەو فەرمودەیەی حەزرەتی مەسیح هەیە كە دەڵێ  "دوژمنەكاینشت خۆشبوێ". ئەمە چ جای ئەوەی ئێوە هاوڕێ و برای خۆشەویستمن. هاوكاتیش ئەوەی رێگریی ڕەهام لێدەكات ئەمجۆرە كارانە بكەم، تێگەیشتن و بڕوای بێ پێچوپەنا و مەبدەئیانەی خۆمە بۆ سیاسەت كە بەمجۆرەی پێناسە دەكەم و دەیان جاریش رامگەیاندوە كە "سیاسەت لەسەر هەردو پایەی ئەخلاق و عەقڵ وەستاوە، هەمو سیاسییەكیش دەبێ هەڵگری هەر سێ خەسڵەتە سەرەكییەكەی بێت، كە بریتین لە: راستگۆیی، ئازایەتی، خۆشەویستی".

ئەم دۆخەی ئێستای بزوتنەوەی گۆڕان، خۆی هۆ نیە، بەڵكو دەرەنجامە. دەرەنجامی كەڵەكەبونی سیاسەتی هەڵە و بەتایبەتیش نەفەسی شەعبەوییە لە گوتار و رەفتاردا. لێرەدا بە پێویستی دەزانم ئەو وتەیەشم وەبیرتان بێنمەوە، كە دەمگوت "شەعبەویەت لە گەندەڵی ترسناكترە". كە ئەو گوتار و رەفتارە شەعبەوییە سەردەمانێك شەقڵی سەرەكی زۆر لە هاوڕێیان بو، بەشێك لە ئێوەی بەڕێزیش، نەك هەر مومارەسەتان دەكرد، بگرە وەك سیمبولی ئەو قۆناغە هەمو شتێكیان قۆرخ كردبو. بەشێك بون لە پەلاماردان و تاوانباركردنی عەقلانییەت و بەمجۆرەش بون بەهۆی داڕشتن و پیادەكردنی دەیان سیاسەت و بڕیاری هەڵە، كە بەداخەوە بەشێكیان هەڵەی ستراتیژی بون.

ئەو كاتەی پێویست بو قسە بكەن، و تەنها لە ناو ئۆرگانەكانی بزوتنەوەكەدا، یان بە دۆستانە و شێوازی حیزبییانە لەگەڵ هاوڕێكانتاندا قسە بكەن، نەك هەر نەتانكرد، بەڵكو بەشێكتان ئەو دۆخەی دەقۆستەوە بۆ ئەوەی لەو رێگەیەوە خۆی بەرێتە پێشەوە. هەندێكتان بون بە بەشێك لە پرۆسەی ترسناكی سەركوتكردن و بێدەنگكردنی ئەو دەنگانەی دەگمەنانەی، مومارەسەی پرۆسەی رەخنەیەكی عەقلانی كە بەشێوازی ئوسوڵی و ئەخلاقی حیزبی دور لە هەڵڵای شەعبەویانەی سەر میدیا و فەیسبوكیان دەكرد.

ئەگەر ئەو كاتە دور لە گوتاری شەعبەوی فەیسبوك و بە شێوازە حیزبی و ئەخلاقییەكەی قسەتان بكردایە، دڵنیا بن كە ئێستا بزوتنەوەكە بەم حاڵە نەدەگیشت و بەشێكی جەماوەرە ئازا و ڕاستگۆ و خۆنەویستەكەی زویر نەدەبو

ئەگەر ئەو كاتە دور لە گوتاری شەعبەوی فەیسبوك و بە شێوازە حیزبی و ئەخلاقییەكەی قسەتان بكردایە، دڵنیا بن كە ئێستا بزوتنەوەكە بەم حاڵە نەدەگیشت و بەشێكی جەماوەرە ئازا و ڕاستگۆ و خۆنەویستەكەی زویر نەدەبو.. بەڵام ئەو كاتە نەك هەر قسەتان نەكرد، بگرە هەندێكتان بەشی سەرەكی پرۆسەی بە مێگەلكردنی گوتار و سیاسەتی شەعبەوی بون، لێرەشەوە ئێوە پشكی سەرەكیتان بەردەكەوێ ئەگەر لێپرسینەوەیەكی بابەتی و ئەخلاقی مومكین بێت.. ئەم دۆخەی ئێستا بزوتنەوەكە و كوردستان و تێكچونی كارەساتاویی بنەما و سروشتی سیاسەتیش لەم نیشتمانەدا، ئێوە ڕۆڵی گەورەتان تێدا هەبوە.

لە دواییشدا بە پێویستی دەزانم، دوا قسەم ئاراستەی خەڵكی كوردستان و بەتایبەتیش جەماوەر و دەنگدەرانی ئازا و دڵسۆز و خۆنەویستی بزوتنەوەی گۆڕان بكەم.

ئازیزان، سەردەمانێك هەندێك لەم بەڕێزانە بەشێكی سەرەكی پرۆسەی چەواشەكردنتان بون، ئێوەش لەبەر پاكیی و پەرۆشیی و گەورەییتان، بڕواتان پێكردن، هەربۆیە ئێستا كە دۆخەكە بەمە گەیشتوە، جۆرێك لە شۆكتان توش بوە، كە ئەمە كارێكی باشە ئەگەر:

١- ببێتە مایەی پەندوەرگرتن.

٢- نەبێتە مایەی دوبارە شوێنكەوتنی هەڵایەكی تازەی شەعبەویانە كە دەیەوێ مێگەل ئاسا، وات لێبكات نەوێری تەنانەت بیر لە گوتارەكەشیان بكەیتەوە، ئەگینا لیستە ئامادەكەیان لە جنێو و بوختان و تەشهیر، وەك جبەخانەیەكی ترسناك لەسەر پێیە كە وێرانت بكات.

ناچارم بێژم، كە بەشێك لەم بەڕێزانەی ئێستا قسە دەكەن لە قۆناغی تردا هەڵوێستی خۆنەویستییان بە ئێوە فرۆشت و گوتیان: ئێمە لە فڵان پۆست و پرۆسەی وەدەستهێنانی پۆست دەكشێینەوە. بەداخەوە كە ڕاستییە تاڵەكە ئەوەیە كاتی خۆی (موقایەزە) یەكیان خرایە پێش، كە ئەگەر ئێستا بكشێیتەوە، دواتر فڵانە پۆستت دەدینێ، ئەمانەش یەك و دوان نین، بگرە زۆرن.

هەندێك لەم ئازیزانە دەیانەوێ دیسانەوە چەواشەتان بكەنەوە، بەوەی كه پرۆسەیەكی جیاكاریی دور لە راستیی مومارەسە دەكەن، بە هەوڵدانی پاككردنەوە و بە فریشتە ناساندنی هەندێك ناو و كەسی پێشتر لە بزوتنەوەكەتاندا بون

لەمەش خراپتر، هەندێك لەم ئازیزانە دەیانەوێ دیسانەوە چەواشەتان بكەنەوە، بەوەی كه پرۆسەیەكی جیاكاریی دور لە راستیی مومارەسە دەكەن، بە هەوڵدانی پاككردنەوە و بە فریشتە ناساندنی هەندێك ناو و كەسی پێشتر لە بزوتنەوەكەتاندا بون.. تكایە ئازیزان، رێگەیان مەدەنێ جارێكی تر چەواشەتان بكەنەوە.. لێرەدا ئەو پێوەرەشم دوبارە وەبیر ئەو هاوڕێ ئازیزە قسەكەرانە دێنمەوە كە "نائەخلاقیترین كاری سیاسییەك ئەوەیە كە خەڵك چەواشە بكات، چونكە ئەو خەڵكە‌ متمانەی بەنرخی خۆی پێ بەخشیوە".

ئازیزان، ئەو خەڵكە لەبەر گێلیی نیە متمانەی پێ بەخشیون و بڕوای پێكردون، بەڵكو لەبەر گەورەیی و راستگۆیی و میهرەبانییەتی.. چۆن دڵتان هات چەواشەیان بكەن.. داخۆ ئاخر چۆن دڵتان دێ ئێستاش لەبەر بەرژەوەندی شەخسی هەوڵی چەواشەكردنەوەی بدەنەوە؟ 

دەگەڕێمەوە سەر پرسیارەكانم سەبارەت بە مەبەستی قسە‌كردن و دەڵێم:

ئازیزان، ئەگەر مەبەستتان چاككردنی كێشە و گرفت و رێگرتن لەم دۆخە بوایە، ئەو كاتە قسەتان دەكرد كە پێویست بیكەن، بە شێوازی ئوسوڵی حیزبی و لە ناو ئۆرگانەكاندا قسەتان دەكرد، روبەڕو و دۆستانە قسەتان دەكرد، نەك لەسەر فەیسبوك.. بەڵام كە ئێستا پاش گەیشتنی بزوتنەوەكەتان بەم دۆخە قسە دەكەن، دور لە ئوسوڵی حیزبی قسە دەكەن، لەسەر میدیا و فەیسبوك قسە دەكەن، هەڵبەتە دەكرێ هەر مەبەستێكی دیكەتان هەبێ جگە لە چاكسازیی.. ئەم قسەكردنەی ئێستاتان، هێندەی ئەو بێدەنگیی و تەنانەت بێدەنگكردنەی‌ جارانتان، خراپ و ترسناكە.

لێرەوە بەوپەڕی پەرۆشییم بۆ نیشتمان و هاونیشتمانانی سەربەرزی وڵاتەكەمان، زۆر دۆستانە بە یەك بە یەكتان دەڵێم:

هاوڕێی ئازیزم،

ئیتر قسە مەكە، تكایە!

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations