لە كۆنگرەی 13 تا هۆقەباز

فەرمان سادق
28.07.2019

دەوترێ مێژوو خۆی دووبارە دەكاتەوە، بە دیوەكەی تر كاركردنی كارەكتەرەكانی ئێستایە لەسەر رووداو گەلێك لە رابردوو روویانداوە و ئەوان دەیانەوێت لە سەردەمێكی تر، بە فۆڕم و كەرەسەتەیەكی تر، كار بۆ دووبارە كردنەوەی بكەن.

زۆرجار ئەو هەوڵە شكست دەهێنێت، زۆرجاریش سەركەوتوو دەبێت كەواتە چانسەكە 50 بە 50یە. ئەوەی ئێستا لەناو پارتی دەگوزەرێ و دوای رووداوەكەی هۆقەبازو وەڵام و وەڵامدانەوەكان لایەنی كەم پەردەی لەسەر ئەوە هەڵماڵی كە باڵ باڵێن لەناو پارتی هەیە، ئەو باڵ باڵێنە ئەگەر رۆڵ بینینش بێت، وجودی هەیە، كە لە دیدی من روانگەی جیاوازی سیاسەت كردنە لە نێوان نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی.

ئەوەی نوێیە لە باڵ باڵێنی ناو پارتی!

باڵ باڵێنی ناو پارتی، روونتر بڵێم ناو بنەماڵەی بارزانی بڕیار بەدەست و حاكمی حزب، شتێكی نوێ نیە.

ئەوەی رێبوار كەریم لە دیمانەكەی دەنكی ئەمەریكا دەیڵێ، دوو دیوی ھەیە، یان بەشێكە لە سەرەتای شەڕی هەردوو باڵ یانیش قسەیەكە رێبوار بۆ داهاتووی خۆی كردی.

سروشتی هەموو دەسەڵاتێكی بنەماڵەیی، پڕیەتی لە ململانێی سەخت تا كودەتا بە هەردوو جۆری، نمونەی وەها لە ماوەی نزیكی رابردوو لە سعودیە روویدا، پێش ئەویش لە قەتەڕ..

راستە پارتی دیموكراتی كوردستان حزبێكی بڕیار مەركەزییە، مەكەزیەتەكە بۆ بنەماڵەیە بەرانبەر بەوانی تر.

كۆنگرەی ١٣.. خاڵی یەكلا كەرەوە بوو؟

بەهۆی سەرقاڵی نێچیرڤان بارزانی بە كاروباری حكومەت و تیمی خراپی دەوروبەری كە بەشی زۆریان تۆمەتی گەندەڵیان لەسەر هەیە، هاوكات نزیكی مەسرور بارزانی لە ناو حزب و بەهێزی دەزگای پاراستن، باڵانسی كۆنگرەی بەلای مەسرور برد.

لە هەشت ساڵی رابردوو، باڵی مەسرور ئیشی زۆری لەناو حزب كرد، ئەوە لای پارتییەكان و ئەوانەی چاودێری دۆخی ناوخۆی ئەو حزبە دەكەن روونە.

بنەماڵە یا ئەنجومەنی سەركردایەتی؟

هەمیشە لە پرسە چارەنووسسازەكاندا مەگەر بۆ دیكۆر ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی دەركەوت بێت، یان بۆ تەسدیقی بڕیاری بنەماڵەی بارزانی كۆ بووبێتەوە، ئەمەش لای پارتییەكان عەیبەك نیەو زۆرجار شانازی پێوە دەكەن!

دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، تەنیا یەكجار فازڵ میرانی سكرتێری حزب گوتی؛ نێچیرڤان بارزانی تاكە كاندیدمانە، ئیتر ئەویش و هیچ سەركردایەتیەكی پارتی ئەو قسەیەی دووبارە نەكردوە، بەڵكو دەیانوت ئەنجومەنی سەركردایەتی لە كۆبوونەوەی خۆیدا بڕیاری لەسەر دەدات!

ئەمە گۆڕانكارییەكی جەوهەری بوو لەناو پارتی، ئاخر هەمیشە بنەماڵە ئەو پرسەی بێ دەنگدانی سەركردایەتی یەكلا كردۆتەوە، بەڵام پێداگیری مەسرور بۆ بوونی بە سەرۆك وەزیران و پشتگیری باوكی سیناریۆی زیندوو كردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانی هێنایە پێشەوەو نێچیرڤان بارزانی كاندید كرا بۆ ئەو پۆشتەو لە سەركردایەتیی مەسرور كاندید كرا.

هۆقەباز و وتاری سەرۆكی حكومەت!

لە وتاری پەرلەماندا، مەسرور بارزانی وەك بڵێی پارتی ئۆپۆزسیۆن بووە لە دوای ٢٠٠٥ قسەی كرد، رایگەیاند ڕوویان لە بەغدایە و پشتیان لە توركیا.

تەنانەت لە كاندید بوونی مەسرور بارزانی، خودی ئەردۆگان زۆر نیگەران بوو، بەپێی هەندێك زانیاری تەلەفۆنی بۆ نێچیرڤان بارزانی كردووە.

حەقیقەتێك هەیە من پشتگیری لێ دەكەم، تا ئەو كاتەی هەرێمی كوردستان بەشێكە لە عێراق، دەبێ باشترین پەیوەندیمان لەگەڵ بەغدا هەبێ و كێشەكان لەسەر بنەمای یاساو دەستوور چارەسەر بكەین، ئەمە دەبێت ستراتیژ بێ نەك تەكتیك.

مەسرور بارزانی لە رووكەشدا ئەوە بەرنامەیەتی، ئەو بەرنامەیەش كێشەكی قوڵ بۆ توركیا دروست دەكات كە لە سەردەمی نێچیرڤان بارزانی وای لێهاتبوو حكومەت بێ پرسی ئەنقەرە بەیاننامەشی لەسەر تۆپبارانی سنوورەكانی دەرنەدەكرد!

ڕووداوەكەی هۆقەباز هێشتا دیوە نهێنییەكانی روون نەبوەتەوە، ئەگەر پەكەكە بكەری رووداوەكە بووە بۆ لە سەردەمی حوكمڕانی نێچیرڤان بارزانی وەها كردەوەیەكی نەكرد؟

من دڵنیام لەوەی كەناڵی پەیوەندی لەنێوان پەكەكە و توركیا هەیە، ئەگەر پەكەكە بكەری رووداوەكە بێت ئەوا ئەو كەناڵە رۆڵی سەرەكی بینیوەو ئامانجیش گوشارخستنە سەر كابینەكەی مەسرور بەغدادیە!

مەسعود بارزانی و شا سەلمان

لە رابردوود وێنایەكی وەها هەبوو كە تا مەسعود بارزانی لە ژیان مابێت، ململانێی دەسەڵات گرتنە دەست لە نێوان نێچیرڤان و مەسرور دروست نابێت. بەڵام رووداوەكانی پاش هۆقەباز، وێنایەكی تر نیشان دەدەن، پێدەچێ كۆپی پەیستی تەجروبەی سعودیە لێرە دووبارە ببێتەوە، كاتێك شا سەلمان بۆ خاتری هێنانە پێشەوەی محەمەدی كوڕی، محەمەد بن نایف بن عەبدولعەزیز ئال سعودی لابرد، رەنگە لە چوار ساڵی داهاتوو ئەوە روون بێتەوە كە چی روودەدات.

مەلا مستەفای بارزانی، وەك رووداوەكانی دوای گیان لە دەستدانی بەهۆی نەخۆشییەوە دەری دەخات پێ ناچێت لە هیچ شتێكی لەسەر شوێنگرتنەوەی خۆی بەجێهێشت بێت. ئیدریس بارزانی و مەسعود بارزانی دوو هەرە كوڕی دیاری بارزانین كە لەناو حزبدا دەسەڵاتی فراوانیان هەبوو، ئیدریس لە رووی تەمەنەوە لە مەسعود گەورەترەو ئەو لەناو حزب رۆڵی سەرەكی هەبوو، بەڵام مەسعود بارزانی ئەو دەم بەرپرسی یەكەمی دەزگای پاراستن بوو، دواتریش ئیدریس پۆستی سەرۆكی حزبی بۆ براكەی لە دوای باوكی جێهێشت، ئەگەرچی ئەوانەی لەو سەردەم لە سەركردایەتی نزیك بوون و دەگێڕنەوە، مەسعود بارزانی هیچ هەنگاو و بڕیارێكی بێ ئیدریس بارزانی هەڵ نەگرتووە.

دوای 2005 بە تایبەت، كاتێك نێچیرڤان بارزانی بوو بە سەرۆكی حكومەتی یەكگرتوو، دۆخێك هاتە پێشەوە كە حكومەت لە حزب بەهێزتر دەردەكەوت، بەتایبەت لای پارتی، ویستی هاتنە ناو حكومەت زۆر بەهێز بوو.

مەسرور بارزانی دوای گەڕانەوەی لە ئەمەریكا، دەزگای پاراستنی گرتە دەست، ئەمەش یەكەم هەنگاوی كۆپی پەیستی شوێنهەڵگرتنی باوكی بوو، وردە وردە بەهۆی رووداوگەلێكی ناوچەیەكی تەژی لە ململانێی سیاسی و شەڕی عەسكەری و شەڕی هەواڵگری، پێویست بوو دەزگای پاراستن بەهێزتر بكرێت وەك سروشتی هەر وڵاتێكی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە بڕیار بەدەستان گرنگی تایبەت بە دەزگای هەواڵگری و عەسكەری دەدەن.

ئێستا كە وێنایەكە وەها خۆی نمایش دەكات كە ئیتر مەسرور بارزانی رەقەم یەكی ناو پارتییە، باوەڕ ناكەم بێ بنەماو هۆكار بێت، یان ئەوەی روودەدات ویستی باوكە بۆ كوڕەكەی یانیش واقیعێكە خۆی فەڕز كردووە، ئەو دیوەش دەكرێت بەهەند وەرگیردرێت كە رۆڵ بینین بێت لەنێوان دوو ئامۆزایەكەو سەرقاڵ كردنی شەقامی كوردی و حزبەكانی تریش بە وەها دۆخێك.

ئەوەی ئاسایی و یاسایی و سیاسیی و تەندروستە، ئەوەیە، دەكرێت روانگەی مەسرور بارزانی تەواو پێچەوانەی روانگەی نێچیرڤان بارزانی بێت لە ئیدارەدانی حكومەت، ئەگەر كۆپی پەیست بوایە بە دیدی من هەڵەیەكی زەق بوو.

ئەوەیشی دەكرێت خوێندنەوەی دیدی هەر كەسێكی بۆ بكرێت ئەوەیە، دوای خۆی مەسعود بارزانی وەك ئیدریس بارزانی برای كلیلی حزب دەداتە نێچیرڤانی برازای یان وەك شا سەلمان دەیداتە كوڕەكەی؟

زیاتری نوسەر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations