گۆڕان، لوتبەرزترین حیزب!

هادی حەمەرەشید
27.07.2019

گۆڕان بە نیەتی تێپەڕاندنی تایپی یەکێتی و پارتی لە سیاسەتکردندا یەکەمین هەنگاوی هەڵگرت، بەڵام دوای دە ساڵ لەو مێژووە هێشتا چەندین فرسەخ بەدوای ئەواندا بە ئاستەم جەستەی خۆی پێهەڵئەگیرێت!

پارتی پاش ئەو هەمووە دزێوییەی کە لەناو سیاسەتدا چاندی، کەچی بۆ بچووکترین کادیریان کە دەستلەکار ئەکێشێتەوە دەیان وەفد و تەدارەك ڕێك ئەخەن تا پارتی وەك پارتی لەگۆڕەپانەکەدا بمێنێتەوە، پاش مەرگی مەلامستەفا و پێکهێنانی سەرکردایەتی کاتی(قيادة مؤقتة) سامی عەبدولڕەحمان یەکێك بوو لە ئەندامانی ئەو سەرکردایەتیە کاتییە، لەگەڵ چەند کەسێکیتردا (نوری شاوەیس، عارف تەیفور، جەوهەر نامیق، کەریم سنجاری) نەیانویست مل بۆ بەخێزانییکردنی پارتی بدەن و دژ بە دوو کوڕەکەی مەلا مستەفا(ئیدریس ومەسعود) وەستانەوە، لە ئەنجامی ئەو ململانێیەدا، هەستان بە جیاکردنەوەی باڵێك لە پارتی، ڕەنگە ڕاستتربێت بڵێین پارتییان لەدەستی ماڵی بارزانی دەرهێنا و لە ناوەکەیەوە(پارتی گەلی دیموکراتی کوردستان) بە ماڵی بارزانیان وت: پارتی موڵکی گەلە نەك ئێوە.

لەو ساتە بەدواوە، پارتی و پارتی گەل بەتوندیی لەیەکتریاندا، تەنانەت شەڕی فیزیکیی کەوتە نێوانیان.

پارتی پاش ئەو هەمووە دزێوییەی کە لەناو سیاسەتدا چاندی، کەچی بۆ بچووکترین کادیریان کە دەست لەکار ئەکێشێتەوە دەیان وەفد و تەدارەك ڕێك ئەخەن تا پارتی وەك پارتی لەگۆڕەپانەکەدا بمێنێتەوە

سەرکەوتوو بوون لەو پڕۆسەیەدا یان نا، بەڵام پارتی بەرخوردی زۆر سەیری لەگەڵ ئەمانەدا کرد، پاش ۱٤ ساڵ دابڕانی پڕ لە ڕووداو و جەرەیان، لە ساتی دەسەڵات و پاش ڕاپەڕین یەك بە یەکیانی لە پێگەی گرنگدا دانا، (جەوهەر نامیق)ـی کرد بە سەرۆکی پەرلەمان، کە یەکەم بەرزترین دەسەڵات بوو بەر پارتی کەوت!

پاش ۳۱ی ئاب پارتی کابینەی وزاریی پێکهێنا، یەکەم سەرۆك وەزیر(ڕۆژ نوری شاوەیس) بوو،سامی عەبدوڕڕەحمان و کەریم سنجاری و عارف تەیفور هەرگیز لەدەسەڵات و پێگەی پارتی دوور نەکەوتوونەتەوە.

چیرۆکی مەلا بەختیار و ئاڵای شۆڕشیش لای هەموومان ڕوونە، پاش هەشت ساڵ لە جیاکردنەوەی حیزب و پێکدادان لەگەڵ یەکێتیدا، مەلا بەختیار و عیماد ئەحمەد و شێخ عەلی و سالار عەزیز و هاوڕێکانیان پێگەی هەستیار و گرنگی حکومیی و حیزبییان لەیەکێتیدا وەرگرت!

د.بەرهەم و ستافەکەی وازیان لەیەکێتی هێنا و هاوپەیمانیان دروست کرد، هێشتا پرسەی تێکشکانی هاوپەیمانیی تەواو نەبوو بوو، یەکێتی د.بەرهەمی کرد بە سەرۆك کۆمار و بەشێکی زۆریش لەهاودیدانی کران بە وەزیر و گزیر!

جیاواز لە پۆست و پێگەی بەرجەستەکراو، گرنگە کە یەکێتی و پارتی خەون و خولیایان گێڕانەوەی ئەم بەشە بووە لە جەستەیان بۆ ناو ئامێزی خۆیان.

ئەمە بۆ گۆڕان پێچەوانەیە، ئەم بزووتنەوەیە کە هیوا و ئومێدی سەدان هەزار خەڵکی دڵسۆز و بەشەرەف بووە، لەو دە ساڵەی تەمەنی کە ڕابورد، گروپێك نۆ ساڵ و یانزە مانگە خوازیاری بە بیابانکردنی ئەم حیزبەن تا تەنیا خۆیان بمێننەوە!

سەرنج بدەن; لەو پێنج کەسەی کە یەکەم هەنگاوی دروستکردنی کۆمپانیای (وشە)یان هەڵگرت، (ڕەحمەتیی کاك نەوشیروان، قادری حاجی عەلی، مولازم عومەر، حەمەتۆفیق ڕەحیم، سالار عەزیز) تەنیا حەمەتۆفیق ماوە کە لە گردەکە بێت و نەبووە بە پرسیار لەلای جڵەولەدەستانی گۆڕان ئەمە بۆ؟!
بۆچی دیزاینەرانی ئەم کارە تەنگیان پێهەڵچنرێت و بێزاربکرێن؟!

جیاواز لە پۆست و پێگەی بەرجەستەکراو، گرنگە کە یەکێتی و پارتی خەون و خولیایان گێڕانەوەی ئەم بەشە بووە لە جەستەیان بۆ ناو ئامێزی خۆیان

سەدان پیاوی تێکۆشەر کە لەپاش کاك نەوشیروان هەیبەتی ئەوان گۆڕانی هێشتەوە، نیگەران کراون و زۆر بێمنەتانە و تەحقیرانە باس لە ڕۆڵیان ئەکرێت لەمێژووی ئەو چەند ساڵەدا!

دەیان سەرکردەی سەنگینی وەك ئاسۆ عەلی لە ساڵانی سەرەتادا بێزارکرا و تا ئێستاش نەبووە بە هیچ حیزبێك و خۆی نەفرۆشتووە، کەسێك نیە بڵێ با یادێك لەهەڵوێستەکانی ئەو جوامێرە بکەین؟!

سەدان عەقڵی ئەکادیمیی دانسقەی وەك د.شاهۆ و د.زانا و د.جەعفەر...لەو گردە دەرونیان ماندوو کرا، دوای گۆڕان بە ئۆفەری فریودەرانەی هیچ لایەك نەخەڵەتان و گۆڕانیش بە یەك ووشە پێی نەوتن سوپاس پێئەزانین و ئێوە گەوهەرن پێویستە بێنەوە و کاربکەن!

دەیان پەرلەمانتاری خاوەن کەسایەتی نوێنەرایەتی گۆڕانیان کرد، پەیام و کارنامەی گۆڕانیان بردە ناو خەڵکەوە، خولەکەیان تەواو بوو گۆڕان نەهات بچووکترین بواریان بۆ بڕەخسێنێت، کۆمەڵێك دەموچاو خۆیان کردووە بە خانەخوێ و ئەڵێی بەقەولی باو گۆڕان تاپۆی ئەوانە!

لەپاش مەترسی تەوریسی سیاسیی، لوتبەرزیی و بەبچووك سەیرکردنی ڕۆڵ و تێکۆشانی دڵسۆزان لەلایەن گۆڕانەوە، خۆرەی گیانی ئەم بزاڤەیە

سەدان ڕۆژنامەنووسی بەهەڵوێست چەندین ئۆفەری چەوریان ڕەدکردەوە، کەچی گۆڕان میدیاکەی ڕادەستی چەند کەسێك کردووە کە لەقۆناغی سكهەڵگوشیندا گۆڕانیان جێهێشت و خۆیان فرۆشت بە ڕووداو و نێچیرڤان بارزانی، چەندین ڕۆژنامەنووس ئەناسم موچەی چەند مانگیان لای میدیای گۆڕان و کۆمپانیای وشەیە و عیزەتی نەفسیان ڕێگایان نادات لەسەری بدوێن و ئامادەش نین بە دەستەوارە قەبەکانی جێگایتر ڕازی بن، کەچی گۆڕان تادێت لوتبەرزانەتر لێیان ئەڕوانێت!

لەیادی دە ساڵەی سەرهەڵدانی گۆڕاندا، لەپاش مەترسی تەوریسی سیاسیی، لوتبەرزیی و بەبچووك سەیرکردنی ڕۆڵ و تێکۆشانی دڵسۆزان لەلایەن گۆڕانەوە، خۆرەی گیانی ئەم بزاڤەیە، کەی جڵەولەدەستانی بەئاگاهاتن، ئەوا مێژوو بە گەورەیی ناویان تۆمار ئەکات.

ناڕەوایە دەنگدەر و پشتیوانانی گۆڕان کەسیتر تۆمەتبار بکەن بە هەوڵی پەرتەوازەیی و ماڵجیایی، چونکە سەرانی گۆڕان هێندەی پارتی و یەکێتیش ئەمەکیان بۆ هاوڕێکانیان نیە!

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations