برادۆستیەکان لە دۆسیەی هۆقەبازدا، تەڵە یان تۆڵە؟!

هونەر تۆفیق
27.07.2019

برادۆستیەکان هۆزێکی کوردی نیشتەجێ ی سنوری نێوان عێراق -ئێران - تورکیان. ڕۆڵی دیاریان لە مێژووی کوردستاندا هەبووە. شەڕی قەڵای دمدم کە قەڵای برادۆستیەکان بووە لەگەڵ سەفەویەکاندا ناوبانگێکی مێژوویی تایبەتی لەناو کوردەکاندا هەیە . لە شۆڕشەکانی سمکۆی شکاک و شەمزینیەکاندا بەشداری بەرچاویان هەبووە. لەپاش ناکۆکیەکی چەندین ساڵەیان لەگەڵ بارزانیەکاندا ، لە شۆڕشی ئەیلولدا پشتیوانی مەلا مستەفابوون. لە حکومەتەکانی عێراقدا لە سەردەمی شانشینەوە تا کۆمارەکەی سەدام حسێن توشی بەریەککەوتن و ڕێکەوتن بوون . میر مەحمودخانی برادۆستی ئەندامی پارلەمانی شانشینی عێراق بووە. لە پەنجاکانی سەدەی ڕابردوودا مەحمود بەگ پارێزگاری هەولێربوو . لە سەردەمی جەنگی عێراق - ئێراندا ، گوندەکانی برادۆست ڕاگوێزراوە بۆ سیدەکان و دەوروبەری هەولێر. ماڵی میری برادۆستیەکان میر سەلام کەریم خانی برادۆست لەهەولێر نیشتەجێن . جگە لە سەرپەرشتی هۆزەکەیان، کاری بازرگانیەکی گەورە دەکەن لە هەرێمی کوردستاندا. 

گرتنی برای میری برادۆستیەکان پێشهاتێکی ئاڵۆز و تۆڵە یان تەڵە ئاسایە بۆ هۆزی برادۆستیەکان کە ناوچەکەیان لەلایەن سوپای تورکیاوە داگیرکراوە

ناوچەی برادۆستی برادۆستیەکان لە ناوەڕاستی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردووەوە بەهۆی هەڵکەوتەی لە سێ گۆشەی نێوان عێراق - تورکیا - ئێراندا بۆتە ناوچەی بەریەک کەوتنی سەربازی سوپای تورکیا و گەریلاکانی پەکەکە. لەبەر ئەوەش هەرێمی کوردستان کەمترین ئاوەدانی لەوناوچەیەدا کردووە.

لەماوەی ساڵی ڕابردوودا زۆربەی هێرشەکانی تورکیا بۆسەر ناوچەی برادۆست بووە. نێو ماڵی برادۆستیەکان کە پێکهاتوون لە بنەماڵەی لۆلانیەکان و سەرپەرشتی خانەقا و کاروباری ئاینی برادۆستیەکان دەکەن، هەروەها بنەماڵەی خانەکان کە سەرپەرشتی سیاسی هۆزەکەیان دەکەن. لۆلانیەکان دژ بە بوونی پەکەکەن لەناوچەکەیاندا و هێزێکیان ڕاگەیاند کە ڕێگری لەبوونی پەکەکە بکات لەو دەڤەرەدا. بەڵام زۆرینەی برادۆستیەکان دژ بەبوونی سوپای تورکیان لە ناوچەکەیاندا و پێیان وایە تورکیا گوند و زەوی و زارەکەیانی داگیرکردووە. 
لە سەرەتای ئەمساڵدا ٢٠١٩ لەپاش بۆردمانەکانی تورکیا، لە شیلادزە و دێرەلوک گەنجان هێرشیان کردە سەر بنکە سەربازیەکانی تورکیا و سوتانیان.

لە سەرەتای حوزەیرانی ئەمساڵدا ٢٠١٩، کەتیبەی برادۆست لەلایەن چەند گەنجێکی نەناسراوەوە ڕاگەیاندرا و بڵاویانکردەوە کە دەست لە جاسوس و هاوکارەکانی سوپای تورکیا ناپارێزن و هەڕەشەی کوشتنیان لێکردن. 

گۆڕانکاری ڕیشەیی بەسەر پەیوەندی دۆستایەتی نێوان هۆزی بارزانی و برادۆستیەکاندا دێنێت

ئەو ڕووداوانە لە دۆسیەکەی هۆقەبازدا ڕەهەندێکی تری هەیە کە وەک ڕاگەیەندرا برای میری برادۆستیەکان (میر سەلام خان) سدقی کەریم خانی برادۆستی دەستگیرکراوە بە تۆمەتی تێوەگلان لە کوشتنی جێگری کونسڵی تورکیا لەهەولێر. 

گرتنی برای میری برادۆستیەکان پێشهاتێکی ئاڵۆز و تۆڵە یان تەڵە ئاسایە بۆ هۆزی برادۆستیەکان کە ناوچەکەیان لەلایەن سوپای تورکیاوە داگیرکراوە. گۆڕانکاری ڕیشەیی بەسەر پەیوەندی دۆستایەتی نێوان هۆزی بارزانی و برادۆستیەکاندا دێنێت.

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations