زانیارییە نەوتراوەكان دەربارەی ڕوداوی تەقەكردنەكەی هەولێر

ئاران غەفوور
18.07.2019

لە ڕوداوێكی دەگمەن و كەم وێنەدا لە یەكێك لە پێشكەوتوترین ڕێستۆڕانتەكانی شاری هەولێردا، سێ كەس كوژران كە جێگری سەركونسوڵی توركیا گرنگترین كەس بوو، لێرەدا زانیارییە دوبارەكان نانوسمەوە.

شڵەژانی میدیای پارتی

لە دوای ڕوداوەكە میدیاكانی پارتی شڵەژاوییەكی تەواویان پێوە دیار بوو و هەر یەك لە میدیاكان بە جۆرێكی جیاواز زانیاریان بڵاو دەكردەوە، لە كۆتایدا و لە ڕاگەیەندراوەكانی پارتیدا (سەرۆكایەتی هەرێم، سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران، ئاسایشی هەولێر) ویستیان وای نیشان بدەن كە كارمەندێكی ئاسایی كونسوڵخانەی توركیا كوژراوە، بەڵام كەسی كوژراو (مستەفا بەگ) كە جێگری سەركونسڵ بووە دیپلۆماتكارێكی بەهێزی توركیا بووە و وەك دەڵێن ئەو سەركونسوڵی ڕاستەقینە بووە و عەڕابی وەرگرتنی پشكی توركومانەكان بووە لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمدا.

ڕاگەیاندراوەكان
لە ڕاگەیەندراوی ئاسایشی هەولێردا (كە سەر بە باڵی مەسرور بارزانییە)، ڕوداوەكە تەنها بە ڕوداوێكی تەقەكردن ناو دەبات، بەڵام ڕاگەیەندراوەكەی سەرۆكایەتی ڕوداوەكە بە تاوانكاری ناو دەبات، جگە لە جیاوازی و دژبەیەكی لە پێناسەكردنی ڕوداوەكەدا، چۆن دەگونجێت ئاسایشی پایتەختی هەرێمی كوردستان، ئەم ڕوداوە گەورەیە تەنها بە ڕوداوێكی تەقەكردن ناو ببات؟

شوێنی ڕوداوەكە (ڕێستۆرانتەكە)

وەك دیارە ئەم ڕێستۆرانتە (ڕێستۆرانتی هۆقەباز) یەكیكە لە تایبەتترین ڕێستۆرانتە گران بەهاكان، زۆركەس وا دەزانێت ڕێستۆرانتێكی ئاسایی بووە، بەڵام ڕێستۆرانتەكە بە جۆرێكە كاتێك دەچیتە ژورەوە بە بەردەم پێنج كامێرای (فول ئێچ دی)دا تێدەپەڕیت، جگە لەوەش هەموو سوچێكی ڕێستۆرانتەكە كامێرای ئاشكرایە كە بە چاو دەبیندرێت و هیچ جوڵەیەك نییە كە تۆمار نەكرابێت.

هەروەها چونە دەرەوەی ڕێستۆرانتەكە دەرگایەكی ئۆتۆماتیكی تایبەتە، كە لە دەرچوندا پسوڵەی پارە وەرگرتنت لێ وەردەگیرێت، پاش دڵنیا بونەوە لە دروستی پسوڵەكە كارمەندەكە ئاماژە بە كارمەندێكی دیكە دەدات تاكو دەرگای دەرچون بكرێتەوە تاكو سەیارە بە دەرگاكەدا تێبپەڕێت.

ئەوەی جێی گومانە، پاراستنی پارتی دەستی بەسەر دۆسیەكەدا گرتووە و پۆلیس و ئاسایشی لە دۆسیەكە دورخستووەتەوە، هەروەها تەواوی تۆماری كامێراكان لای پاراستنە و ڕێگە بە بینینی نادرێت، ئەوەی دوبارە گومانەكان دەكات بە یەقین كە ئەمە كارێكی سادە نەبووە، دەرگای دەرچون كراوە بووە، واتە لە كاتی ڕوداوەكەدا كارمەندێك دەستی بە دوگمەی كرانەوەدا ناوە، تاوەكو سێ لاندكرۆزەر (وەنەوشە)ی درعی جامڕەش بە دەرگای دەرچوندا تێبپەڕێت، هەروەها دەرگای دەرچون هیچ نیشانەیەكی شكاندنی پێوە دیار نییە.

داخستنی ڕێگاكانی هەولێر

لە دوای ڕوداوەكە سەرجەم ڕێگاكانی چون و هاتن لە هەولێر داخران، بەڵام چەندین سەرچاوەی ئاگادار ئەوە پشتڕاست دەكەنەوە كە ڕێگای چون و هاتنی هەولێر_مەسیف كراوە بووە، ئەمەش ئەوە ئاشكرا دەكات كە بابەتەكە پەیوەندی تەواوی بە بارزانییەكانەوە هەیە.

قوربانییەكان زیاترن لەوەی كە باس دەكرێت

ئاماری قوربانییەكان زیاترە لەوەی كە باس دەكرێت، جگە لە ژمارەی كوژراوەكان، دوو كارمەندی دیكەی ڕێستۆرانتەكە بریندارن كە یەكێكیان كچێكی ٢٠ ساڵە، لە ڕێستۆرانتەكە دەنگی شەڕە تەقە بیستراوە، واتە دوای هاتنە دەرەوەی تۆمەتبارەكان پاسەوانەكانی كوسوڵخانەی توركیا تەقەیان لە پاسەوانەكانی مەتین بارزانی كردووە، پاسەوانێكی مەتین بارزانی بریندار بووە، هەروەها پاسەوانێكی كونسوڵخانەی توركیاش بریندار بووە.

بۆچی تەقەكرا و كێ تەقەی كرد؟

گروپی كۆمپانیاكانی سەڵاحەدیین، كە مەتین بارزانی سەرپەرشتی دەكات و ڕاستەوخۆ خاوەندارییەكەی بۆ نێچیرڤان بارزانی دەگەڕێتەوە، هەروەها مەتین بارزانی كوڕی دلۆڤان بارزانی برای نێچیرڤانە، لەسەر فرۆشتنی نەوتی عەین زالە لە ماوەی پێشودا لەگەڵ جەماعەتی مەسرور بارزانی بووە بە كێشەیان، هەندێك دەڵێن (موستەفا بەگ) بۆ سوڵحی نێوانیان هاتووە و هەندێكی دیكە دەڵێن خۆیشی پشكی هەیە لە بازرگانی نەوتی ئەو كێڵگەیەدا.

لە پاش ئەوە گفتوگۆكان نەگەشتون بە ئەنجام مەتین بارزانی تەقە دەكات، كاتێك دەبینێت موستەفا بەگ بەردەكەوێت دەشڵەژێت و هەڕەمەكی تەقە دەكات، بۆیە ئەو كەسانەی تریش كوژراو و بریندار بوون، درەنگانێكی ئەمشەو مەتین بارزانی ڕونكردەوەی داوە، ڕەتی ناكاتەوە كە لە ڕێستۆرانتەكە بووە، تەنها ڕەتی ئەوە دەكاتەوە كە ئەو تاوانبار بێت.

گەمەی توركیا

میتی توركی بە هاوبەشی لەگەڵ باڵی نێچیرڤان بارزانیدا ئەم بابەتە بۆ دژایەتی مەسرور بارزانی بەكاردەهێنن و پێش ڕوداوەكەش ئاگاداری بەشێك لەم بابەتە بوون، لە دوای ئەوەی مەسرور بارزانی سەردانی بەغدادی كرد و ئاشكرای كرد كە بەرنامەكەی ڕوو لە بەغداد و پشت لە توركیایە، توركیا بەمە توڕە دەبێت و بە هاوبەشی نێچیرڤان بارزانی دەستی بە جێبەجێ كردنی پەل و پۆ كردنی مەسرور بارزانی كردووە.

لە كۆتایدا، بابەتە هیچ پەیوەندیەكی بە پەكەكە و ڕوداوێكی تیرۆریستی یان هەڕەمەكیەوە نییە، بابەتەكە تەواو كێبڕكێی نێوان مەسرور بارزانی و نێچیرڤان بارزانییە، ئێستا باڵ باڵێنی نێوان مەسرور نێچیرڤان ناشاردرێتەوە و بەم جۆرە كێبڕكێی یەكدی دەكەن، هەروەها توركیاش دەستی كردووە بە جێبەجێكردنی پلانی لێدان لە مەسرور بارزانی بەهۆی ئەو سیاسەتەی جێبەجێی دەكات.

زیاتری نوسەر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations