حکومەتێکی ئیفلیج بەڕێوەیە

ئەحمەد میرە
17.07.2019

کورد دەڵێت: (مانگەشەو سەر لە ئێوارە دیارە). ئەم پەندە پێوەرێکی گرنگە بۆ هەڵسەنگاندن و تێگەیشتن لە کابینەى نۆهەمی حکومەتى هەرێمی کوردستان. ئەم کابینەیە بە ناچاریی و زۆرەملێ و پینەوپەڕۆ و پێکەوەلکاندن دروستبووە، تاکە کابینەیە، کە هەر سێ جەمسەرى سەرەکیی پێکهێنانى لێیناڕازین و بە بەرهەمی دەستەگەریی و یاڵباڵێنی ناو حیزبەکانی دەزانن. تەنانەت باڵی نێچیرڤان بارزانیی لەناو پارتییدا پەڕوباڵ و دەندووکی کراوە، هەر لە ئێستاوە نوسەر و میدیا نزیکەکانى نێچیرڤان بارزانیی ڕاستەوخۆو ناڕاستەوخۆ لە کابینە ئیفلیجەکەى مەسرورى ئامۆزاى دەخوێنن، پێیانوەهایە، کە پێکهاتەکەى لەسەر بنەمایەکی نایەکسان و نادادپەروەر دامەزراوە. تەنها باڵێکی پارتیی لێی سوودمەندە.

تەنانەت هەندێک ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی زۆر بە ڕوونیی لێدوانى توند بەرانبەر پێکهاتەى ئەم کابینەیە دەردەبڕن، بە کابینەیەکی لاواز و نەخۆشی دادەنێن، بە بەرهەمی ڕێکەوتنی دەستەو تاقم و باڵە سیاسییەکانى لەقەڵەمدەدەن.

ناڕەزایەتییەکانى یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەم کابینە ئیفلیجە لە ناڕەزایەتییەکانى پارتیی زۆرترن، بەڕوونیی باڵە بەهێزەکەى ناو یەکێتیی بە پلان بێت، یاخود پیلان، شوێندەستیان بەم کابینەیەوە زۆر کەم دیارە. ئەگەر جاران بڵەکان داواى پۆست و مافی خۆیان لەم حیزبە کردبێت، ئێستا مەڵبەند و دەڤەرەکان داواى مافە کارگێڕیی و کەسییەکانى خۆیان دەکەن. تەنانەت هەندێک ئەندامی سەرکردایەتیی ئەم حیزبە زۆر بە ڕوونیی لێدوانى توند بەرانبەر پێکهاتەى ئەم کابینەیە دەردەبڕن، بە کابینەیەکی لاواز و نەخۆشی دادەنێن، بە بەرهەمی ڕێکەوتنی دەستەو تاقم و باڵە سیاسییەکانى لەقەڵەمدەدەن. هەر بۆیە بۆ یەکێتیی زۆر ئاسان دەبێت لە کابینەى پێشووتر بە ڕوونیی پێیەکی گەورەى لەناو ئۆپۆزیسیۆندا بێت و پێیەکی لاوازیشی لە کابینەکەى مەسرووردا، بەتایبەتی کاتێک ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت، کە ئەو باڵەى میدیاى یەکێتیی بەدەستەوەیە، بەشێکی کاریگەرو سەرەکیی پێکهێنانى کابینەى نۆهەم نین.

گۆڕان بە هەموو باڵ و دەستەکانیەوە بەشێک نییە لە کابینەى نۆهەم و لە هەموو ساتێکدا ئەگەرى تەقینەوەى سیاسیی گەورە لە ڕێکەوتنى نێوان پارتیی و گۆڕان لە ئارادایە


هەرچی بزوتنەوەى گۆڕانیشە، سەرەڕاى ناڕەزایەتییە بەردەوام زۆرەکانى هەڵسوڕاوەکانى، بەڵام خانەى ڕاپەڕاندن و ڕێکخەرى گشتیی ئەو حیزبە نەچوونە ژێربارى ئەو پێوەرە تەندروست و گونجاوانەى، کە جەماوەرى حیزبەکەى بۆی پێشنیازکردبوون، بەوەى پێویستە کاندیدەکان لەسەر بنەماى لێزانین و تەکنۆکرات بن. ئەم حیزبە هەر لە ڕێوە تەواوى باڵە ناڕازییەکەى بێبەشکردووە لە بەشداریپێکردنیان لە کابینەى نۆهەمدا، تەنانەت لەناو باڵە ڕازییەکەیشدا هەست بە جیاوازییەکی گەورە دەکرێت، چونکە بە پێچەوانەى کابینەى پێشووەوەو، هیچ گەنجێک، یاخود هیچ کەسێک لەدەرەوەى ڕەوتى کۆنە یەکێتییەکان پۆستی وزاریی وەرنەگرتووە، ئەم دۆخەیش بۆ حیزبێکی وەکو گۆڕان هێجگار مەترسیدارەو ئاماژەکان بەرەو ئەوەمان دەبەن، کە بەم نزیکانە ڕەوتێکی تری ناڕازیی لەناو گۆڕاندا سەرهەڵبدات. واتا دەتوانین بڵێین؛ گۆڕانیش بە هەموو باڵ و دەستەکانیەوە بەشێک نییە لە کابینەى نۆهەم و لە هەموو ساتێکدا ئەگەرى تەقینەوەى سیاسیی گەورە لە ڕێکەوتنى نێوان پارتیی و گۆڕان لە ئارادایە.

هەرچەندە لە وتارێکی  پێشووتردا ئەوەمان خستبووەڕوو، کە بۆ ئەوەى کابینەیەکی سەرکەوتوو دروستبکرێت، پێویستە حیزبەکان کام دەموچاوە سیاسییانە بنێرنە حکومەتەوە، بەڵام وەک هەمیشە حیزبی سیاسیی هیچ جۆرە ڕاوێژ و ڕێنماییەک قبوڵناکات، تەنها بەپێی ئەو پێوەرانە کاردەکات، کە دەبنە هۆى پاراستنى بەرژەوەندیی باڵ و دەستەکان لە ناو حیزب و حکومەتدا.

مێژووى پێکهێنانى کابینە یەک لەدواى یەکەکانى حکومەتى هەرێمی کوردستان پڕیەتی لە پۆخڵەواتى سیاسیی و کادری بێئەزموون و گەندەڵکار و لاواز، بەڵام ئەم مۆدێلی پێکهێنانى کابینەیە، بە هەموو پێوەرەکان لە تەواوى کابینەکانى تر وێرانتر و ئیفلیجترە، ئەوەمان پێدەڵێت؛ ئەم کابینەیە تەنها بریتیدەبێت لە دیوەخانێکی خێڵەکیی بۆ بەجێگەیاندنى ئەو مەرامە سیاسییانەى، کە پیاوە سیاسییەکان لێیانداوادەکەن


مێژووى پێکهێنانى کابینە یەک لەدواى یەکەکانى حکومەتى هەرێمی کوردستان پڕیەتی لە پۆخڵەواتى سیاسیی و کادری بێئەزموون و گەندەڵکار و لاواز، بەڵام ئەم مۆدێلی پێکهێنانى کابینەیە، بە هەموو پێوەرەکان لە تەواوى کابینەکانى تر وێرانتر و ئیفلیجترە، ئەوەمان پێدەڵێت؛ ئەم کابینەیە تەنها بریتیدەبێت لە دیوەخانێکی خێڵەکیی بۆ بەجێگەیاندنى ئەو مەرامە سیاسییانەى، کە پیاوە سیاسییەکان لێیانداوادەکەن. ئەگەر کابینەکانى پێشوو کارەکتەرەکانیان هیی هەر سێ سەرکردەى پارتیی و یەکێتیی و گۆڕان بووبن، ئەوە ئەندامانى ئەم کابینەیە هیی سەرۆک باڵ و یاندە سیاسییەکانى ناو هەر سێ حیزبی سەرەکیی پێکهێنانى حکومەتن.

زیاتری نوسەر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations