ڕامانێ لە خواستەکانی رەوەندی کوردی؛ کوردانی رۆژهەڵات لە داوی گەمەی پارتیدا

ماجد خەلیل
17.07.2019

میکانیزمی میدیاکانی سەر بەپارتی، ململانێ سیاسییە ناوخۆییەکەی هەرێمی باشوری کوردستانی گواستووەتەوە بۆ دەرێ. چەند ساڵێکە ئەم هەراو هەوڵە هەستی پێدەکرێت. ناردنی پەیامی بچوککردنەوەی پارتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، لەکەدارکردن و لێژکردنی رێگەکانی خەبات و لێدان لە کەسایەتییەکاریگەرەکان.  پارتی دیموکراتی کوردستان، بەجدی و بەبەرنامە رایەڵە نەتەوەییەکە دەپسێنێ، نایەوێ ناسنامەی کوردبوونی ئەزموونی هەرێمی کوردستان وەک کورد بناسرێ، بڵکو وەک بارزانی و وەک پارتی، کار لەسەر داماڵینی ناسنامە نەتەوەییەکە دەکات. ئەم هەوڵەی پارتی بۆ چەند مەبەست و مەرامێکە کە بەچەند خاڵێ دەیانخەینەروو، هاوکات باکگراوندی مێژویشی لەپشتە. چوون لە شۆڕشی ئەیلولدا، بارزانی وەکو سیمبوڵێک وێنەو وێردی نەتەوایەتی خزابوویە پارچەکانی کوردستانەوە.

بۆ ئەم مەبەستە هەر هێزێکی سەربەخۆی گوتارەکوردییەکە گەر بوونی هەبوایە، دەبوو بە ئیعازو ئیمانی بارزانی بجوڵێتەوە، بۆ ئەم مەبەستە لەباکوری کوردستاندا فایەق بوجاک لە ناوەندی شەستەکاندا پارتی دیموکراتی کوردستانی تورکیای لەسەر شێوەو شکڵی پارتی دروستکرد، ئەم پارتە کۆک بوو لەگەڵ مەهامی ئەو کاتەی دەزگای میتی تورکیدا، چون وەک پارتی، ئەویش راستڕەوی خێڵەکی و فیوداڵی بوو، زیاتر تاوی ناوچەگەرییەتی و نیپۆتیزم بەسەریدا زاڵبوو، ئەوە لەکاتێکدابوو گروپی چلونۆکان لە پەنجاو نۆدا هەستابوون بە دامەزراندنی رێکخستنێکی مەیلەو چەپگەرای پێشکەوتووی شۆڕشگێڕ. بۆیە میت گەرەکی بوو جوڵانەوەی کورد بوونی خۆی لەدەستی کۆنەپەرستانی کوردا لە دەست نەدا. وەختێ فایەق رەوتە چەپڕەوییەکەی تێدا زاڵ بوو، هتر زوو تیرۆر کرا، دوواتریش کە دکتۆر شڤان بوو بە رەقەمێکی دیار لەناو شۆڕشی باکورداو ملی بۆ بەرزانی نەدەدا، ئەوەبوو تاوانی کوشتنی دکتۆر سەعید ئاڵچی، کە نەتەوەییەکی سەرۆکی پارتی باکور بوو، خرایە گەردنی و دادگای شۆڕشی ئەیلول، هەستا بە کوشتنەوەی دکتۆر شڤان.

لە زۆنی یەکێتیدا هەناسەیەکی ئازادیان هەڵمژیوە، ئێستایش لە زڕگوێزو کۆیەدا هەر یەکێتی داڵدەی داون

لە باکوردا چیرۆکە خوێناوییەکە دەست پێدەکات، بۆیە کە چەپەکان ئاڕاستەی جیا لە میتۆدی بارزانی دەگرن، بەتایبەت لە دووای نسکۆی حەفتاو پێنج، پارتی دژایەتییان دەکات و قیادەی مووەقەتە لە حەفتاو هەشتدا کوردە خێڵەکییەکانی باکور هاندەدا دژی چەپەکان بن و هەروەها بەکاریشیان دێنێ تا دژی یەکێتی نیشتیمانی و پارتە نوێییەکانی پاش نسکۆ ببنەوەو لێرەوە رووداوی هەکاری دەخوڵقێ. لە رۆژهەڵاتیشدا چیرۆکەکە کۆنترەو تراژیدیترە، کوشتی سولەیمانی موعینی و مەلا ئاوارەو دابەشکردنی حزبی دیموکرات بە ئێستایشەوە بەشێکە لەو پلانەی کە هەم نایەوێ خەباتی پارچەکان سەربەخۆ بێ، هەمیش نایەوێ پێشکەوتووبێ. بۆیە لە ئێستادا پارتی بە پوڵ و پارە، بە میدیاو میکانیزمی دیپلۆماسی لەگەڵ وڵاتانی هەرێمیدا بۆ ئەم مەبەستانەی خوارەوە کار دەکات:

یەکەم: رەوەندی کوردی وا تێگەیەنراوە کە جگە لە پارتی هەموو هێزە کوردییەکان، لەوانە یەکێتی، بەربەستی بەردەم سەربەخۆیی کوردستانن، لەکاتێکدا نە پارتی رچەمشکێنی دەرچوونە لە ئۆتۆنۆمی، نە پارتی سەرداری خەباتی شۆڕشی نوێ و نە پارتی داڕێژەری پرسی سەربەخۆبوونە، چوون ئەو پێداگرییەیەی توانەوەلەناو کەلتوری سیاسی و ئەزمونی سەردەمی سەدام و پاش سەدام، داینەمۆکەی پارتی بووە،ریفراندۆمیش گەمەیەکی گڕوگاڵاوی بوو،نەک ستراتیژو سیاسەت، سیناریۆ بوو نەک سیحری بوون بەدەوڵەت، بۆیە ئەم چاو بەستییەی کوردانی رۆژهەڵات، بۆ زاڵبوونە بەو گرێ سایکۆلۆژییەی پارتیدا کە نازانن چۆن شکستی رادەستکردنی کەرکوک پینەکەن. 

دووەم: لە رووی مێژووییەوە یەکێتی بە فعلی لە سەنگەرێکدا شانبەشانی کۆمەڵە و دیموکرات دژ بە ئۆردوی ئێران جەنگاوە. بارەگاکانیان لە شاخ جودا نەبوون، لە پێش راپەڕیندا لە هاوار ودەرەتفێدا و لە کێلە شیندا تێکڕای پارتەکان بە پشتیوانی یەکێتی مابوونەوە. لە دوای راپەڕینیشدا هەر لە زۆنی یەکێتیدا هەناسەیەکی ئازادیان هەڵمژیوە، ئێستایش لە زڕگوێزو کۆیەدا هەر یەکێتی داڵدەی داون. لەغیابی یەکێتیدا ئەو خەباتەی ئەوان بەم ئاستە بۆی نەدەچووە سەر، یەکێتی لە بواری سیاسی و رۆشنبیری ومادی و میراتی شۆڕشگێڕیدا ئەوانی بە برابەش زانیوە نەک پارتی. 

لەبەرامبەر ئیعدامی لاوانی کورد لە رۆژهەڵات و کوشتنی لاوانی کوردی سەرسنور و بەهاناوەچونی کوردی رۆژهەڵات و زەمینە بۆ خەباتی سیاسی پارتەکانی هەموو پارچەکان و تەنانەت دانانی پرسە و بۆنە و چلەی شەهیدەکانیان تەنها لەزۆنی دەسەڵاتی یەکێتیدا ئازادی و ئارامی هەیە

سێهەم: پارتی دەیەوێ جوڵانەوەی پارچەکانی تر لە ژێر دەستی خۆیدا بێ، بەڵام یەکێتی باوەڕی بەفرەیی و ئازادی خەباتی سیاسی و رەوایەتی رێبازی کوردانەی کوردانەی ئەوان هەیەو پارتە رۆژهەڵاتییەکان و باکوریەکانو خورئاواییەکان باش لەم راستییە تێگەیشتوون.

چوارەم: پارتی لەرووی میدیاییەوە کاردەکات بۆ سەوزبوونی تۆوی رق و دووبەرەکی، هەوڵدەدات خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان دڕدۆنگ بکا لە کەسایەتی و کێبڕکێ دیموکراتییەکەی باشوور، دەیەوێ وایان تێگەیەنێ کە خۆیان سەرداری بەرخودانەکەن، کاردەکات بۆ دروستکردنی گروپی لاوان تا لە تاراوگەدا گێچەڵ بگێڕن بە هەر بەرپرس و کەسایەتییەکی کوردی دەرەوەی خۆیان، لە کۆڕو کۆبوونەوەو چالاکییەکانی دەرەوە، وردکە هەرزەو کەسانی شەقام بە پارەو گرەوی چەند دۆلارێ بەردەداتە هەر رەمزێکی کوردی دەرەوەی خۆیان. ئەم مۆدیلە مۆدیلێکی نوێیە، لە کۆڕەکاندا هانیان دەدا فیکەو هوڕکەن و رێ لە ماشینەکانیان بگرن، ئەم کەلتورە نالۆژیکییە، ئەم زڕانی شۆرەت و گاڵتەجاڕییەی نێو تۆڕی کۆمەڵایەتی، گشتی بەبەرنامەو بە فیتی فەلسەفە خێڵەکییەکەیە. بۆیە ئەو نمونانەی ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان تێکڕا بەرنامەی پارتین و پارتی کاریان لەسەر دەکات.

پێنجەم: لەبەرامبەر ئیعدامی لاوانی کورد لە رۆژهەڵات و کوشتنی لاوانی کوردی سەرسنور و بەهاناوەچونی کوردی رۆژهەڵات و زەمینە بۆ خەباتی سیاسی پارتەکانی هەموو پارچەکان و تەنانەت دانانی پرسە و بۆنە و چلەی شەهیدەکانیان تەنها لەزۆنی دەسەڵاتی یەکێتیدا ئازادی و ئارامی هەیە. بۆیە پێویستە بەراورد بکرێ،پێویستە هەڵوێستەکان لە مەحەک بدرێن،پێویستە کارەکان بەچاوێکەوە ببینرێن، جا دەزانرێت، کێیە رایەڵەی نەتەوەیی دەپارێزێ و کێیە دەستی وا بە حەبلی کوردبوونەوەو کێیشە ناسنامەیەکی بە تۆپزی دەتاشێ و یاری بە یادەوەری شۆڕشی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دەکات، کێیە بووەتە پردی گرێدانی شۆڕش و کێیشە بە تانک و بۆمب و بۆردومان ئەو پردە بەسەر ئاوایی و ئازادی و بەروبومی ساڵەهای کوردبوندا دادەتەپێنێ.

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations