سەدامی لەكەركوك

به‌ختیار شاوه‌یس
14.07.2019

بەبەرچاوی هەموانەوە، بەبێ شەرم و بەبێ ترس لەبەردەم كامێراكان، ژنێك لەكەركوك هاواری كردو گوتی سەدامیم و بەعسیم.

ئەم ڕوداوە لەڕوكەشدا واسەیردەكرێت كە كاردانەوەیەكی عاتفیەو پێویست ناكات زۆر لەسەری بوترێت و باشترە اهمال بكرێت،  ئەم جۆرە لەبیركردنەوەو تێگەیشتنە لەخودی ڕووداوەكە ترسناكترە. چونكە ئەو بێشەرمیەی كەئەو ژنە كردی هەروەك زەنگێكی مەترسیدارە بۆ داهاتوی عیراقی نوێ و دەستكەوەتەكانی پڕۆسەسیاسیەكەی، هەروەها بێحورمەتیەكی لەڕادەبەر نائینسانیشە دەرهەق بەمێژووی عیراقی بەرلەساڵی ۲۰۰۳، دەرهەق بەكەسوكاری قوربانیانی عیراقیەكان لەبەسڕەوە بۆ كوردستان، بێحورمەتیە دەرهەق بە كەسوكاری ٥۰۰۰ پەپولەی خنكاوی هەڵەبجە و ۱۸۲ هەزار گۆڕ ونی ئەنفال و هەزاران لەسێدارەدراوی خوشك و براكانمان لەپارێزگاكانی ناوەڕاست و باشوور و بێڕێزیە بەرامبەر وشككرنی هۆڕاوەكان و ڕاپەرینی شەعبان و دەیان حاڵەتی تراژیدی تر. هەروەك ئەم ڕووداوە تەحەدایەكی گەورەی ئێمەیشە وەك نوێنەرانی گەل و پێمان دەڵێ ئەو دەستورەی كەئێوە كردوتانەتە بنەمای كاركردن و ئەو یاسایانەی كەنوێنەران دەریدەكەن بەڕۆژی نیوەڕۆ پێشێلدەكرێن و كەسیش بەدواداچون ناكات بۆ پەراوێزخستنیان و كار وابڕوات هێدی هێدی بەهاو سەنگینی و میسداقیەتی یاساكان لەدەستدەچن.

ئەو بێشەرمیەی كەئەو ژنە كردی هەروەك زەنگێكی مەترسیدارە بۆ داهاتوی عیراقی نوێ و دەستكەوەتەكانی پڕۆسەسیاسیەكەی

لەڕووی سایكۆڵۆژیەوە، ئەم ڕوداوە پێمان دەڵێت كەناخی بەشێك لەتاكی عیراقی لەفكرەی بەعسیبون و سەدامیبون پاكنەبوەتەوەو لەهەر كێشەیەكدا پەنای بۆدەبرێت و دەبێتە ئامڕازێك بۆ چارەسەركردنی كێشەسیاسی و ئیداریەكان و سەدام وەك مۆتەكە لەدوای ۱۳ ساڵ لە ئیعدامكردنی ئێستاش دەكرێتە چەكێك بۆ ترساندنی پاشماوەی قوربانیەكانی ڕابردوو.

ئەمە پەیامێكی وریاكەرەوەیە دەبێت هەموان لێیتێبگەین، بەپەرلەمانتار و ئەنجومەنی نوێنەرانەوە، بەسەرۆك وەزیر و كابینەكەیەوە، بەسەرۆك كۆمار و چەترە دەستوریەكەیەوە پێویستە تێبگەین كە شەپۆلی سێیەمی پاشماوەكانی بەعس لەجموجوڵ و پیلانی تازەدان و دەیانەوێت چەقی ئەم پیلانگێڕەیە لەكەركوك جێبەجێبكەن. هەروەك چۆن شەپۆلی یەكەمی بەعسیەكان هەماهەنگی قاعیدە بوو هەتا تەقاندنەوەی مەزاری هەردوو ئیمامی شیعی هادی و عەسكەری لەشوباتی ۲۰۰٦ و شەپۆلی دوەمیشیان هەماهەنگی داعش و ئەبوبەكری بەغدادی بوە بۆهاتنە ناو خاكی عیراق، ئێستاش بەعسیەكان بەخۆپیشاندان و بەناوی كۆمەڵگەی مەدەنی خەریكی نانەوەی ئاژاوەو فیتنەن لەكەركوك دەیانەوێت دۆخەكە ببەن بەرەو شەڕو ئاژاوەو ململانێی ئەهلی.

پێویستە تێبگەین كە شەپۆلی سێیەمی پاشماوەكانی بەعس لەجموجوڵ و پیلانی تازەدان و دەیانەوێت چەقی ئەم پیلانگێڕەیە لەكەركوك جێبەجێبكەن

هەربۆیە باشرترن ئەلتەرناتیڤ سەپاندنی یاسا و دەستورە لەكەركوك، جێبەجێكردنی یاسا بەسەر ئەوانەی كەداوای گەڕانەوەی بەعس دەكەن و جێبەجێكردنی مادەی ۱٤۰ی دەستوور بەسەر ئەو پیلانە ناوخۆیی و ئەجێندا دەرەكیانەی كە دەیانەوێت لەكەركوكەوە ئاگر بەربدەنە تەواوی عیراق

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations