لە مشتی حزبدان

عەتا کەریم
13.07.2019

ئەرك و مۆدێلی حزبایەتی لە باشووری كوردستان، زۆر لەوە كۆنترە بە كەڵكی كایە و ژینگەی سیاسیی هاوچەرخ و پشتیوانیی پایەی دیموكراسی و فرەیی بێت، بەڵكوو تەنیا وەك ئامرازێك بە كار دەخرێت بۆ پشكی ئابووری و كێكی دەسەڵات، بە دیوێكی دیكەدا حزب بەرخۆرێكی چڵیسی سەر سفرەی حكومەتە.

زۆرێك لە حزبە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان، هێندەی ئامانجیان گەیشتنە بە پۆست و پایەكانی دەسەڵات و حکومڕانیی لە ( هەرێم، عێراق) ئەوا بەگەڕخستنی ئەركە سیاسییەكەی حزبایەتی نییە، لە پێناوی ڕكابەریی سیاسی و پێشكەشكردنی مۆدێلی دیكە بۆ پاڵنانی حكومەت بۆ خزمەتگوزاریی زیاتر و گەشەسەندن، یاخود بۆ ئەوە نییە هێزە سیاسییەكان كێبڕكێی نەزیهی هەڵبژاردن بكەن بۆ دەستاودەستی دەسەڵات و بەڕێوەبردنی حکومڕانییەك لە پێناوی باشتر و باشتركردنی هەم ئەزموون و هەمیش كەرتە خزمەتگوزارییەكان بەو چەشنەی بچێتە خانەی (خزمەتی گەل) وەك ئەركی ڕاستەقینەی حزب و دواتریش حكومەت.

هەر حزبێك لە كێبڕكێی بێگەردی هەڵبژاردن سەردەكەوێت و زۆرینە بە دەست بهێنێت، ئەوا مافی ئەوەی هەیە پشكی زۆرینەی لە حكومەت و پۆستەكاندا بەربكەوێت، بژاردەكانیشی زیاتر لە كادرانی حزب بۆ ئەركە حكومییەكان كاندید دەكات، لە هەرێمیش ئەم پڕۆسەیە بەو جۆرە بووە


هەر حزبێك لە كێبڕكێی بێگەردی هەڵبژاردن سەردەكەوێت و زۆرینە بە دەست بهێنێت، ئەوا مافی ئەوەی هەیە پشكی زۆرینەی لە حكومەت و پۆستەكاندا بەربكەوێت، بژاردەكانیشی زیاتر لە كادرانی حزب بۆ ئەركە حكومییەكان كاندید دەكات، لە هەرێمیش ئەم پڕۆسەیە بەو جۆرە بووە، نزیكترین پڕۆسەش بۆ ئەو دابەشكارییەی پێكهێنانی كابینەی مەسرور بارزانییە لە هەرێم و كابینەی عادل عەبدولمەهدییە لە عێراق، كە لە دوای هەڵبژاردنی خولی چوارەمی هەڵبژاردنی نوێنەرانی عێراق و خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان لە 2018دا بەڕێوە چوون.

بە پێی بەركەوتەی هێزە سیاسییەكان لە دەسەڵاتدا، كێكی پۆستەكان لە سەرەوە بۆ خوارەوە و بە پێی قەبارەی كورسییە پەرلەمانییەكان دابەش كراون و كەسانی حزبی لە یەكێتیی و پارتی و گۆڕان و ئەوانی دیكەیش دەستنیشان كراون، ئەم بابەتەش لە كۆبوونەوەی سەركردایەتیی حزبەكاندا یەكلایی دەكرێنەوە، بۆیە جێدەستی حزب لە حكومەتدا بە تەواوی دیارە.

لە دەسەڵاتە خۆجێییەكانی وەك پارێزگاری هەولێر و سلێمانی و هەڵەبجە و دهۆكیش، دانراوی حزبەكانن، ئەم شێوە حزبییە لە تەواوی سێكتەر و ناوەندەكانیشدا هەن بە زانكۆ و قوتابخانە و موختاری گەڕەكەكانیشەوە!


نێچیرڤان بارزانی دووەمین سەرۆكی هەرێم، كەسێكی حزبییە و جێگری سەرۆكی پارتییە، لە پەرلەمانیش بڕگەی دەستبەرداربوونی لە پۆستە حزبییەكەی لا نەبرا، سەرۆكی پەرلەمان بە هەمان شێوە كاره‌كتەری حزبییە كە ئێستا كاره‌كتەرێكی پارتی بۆ دانراوە و دوای ئەویش كاره‌كتەرێكی حزبی لە یەكێتیی دەبێت، سەرۆكوەزیرانیش لە كابینەی نوێدا دیسان حزبییە و ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتە كە مەسرور بارزانییە، جێگر و ئەو پۆستانە و تەواوی كابینە وەزارییەكەیش هەر كەسانی حزبی دەبن! حزبایەتی بە جۆرێك ڕۆچووه‌تە كایەكانەوە كە دامەزراوە و دەستە سەربەخۆكانی (داد، مافی مرۆڤ و هەڵبژاردن و دەستپاكی و ئەوانی تریش) حزبین و بە ڕەزامەندیی حزب دەبن!
هەروەها لە دەسەڵاتە خۆجێییەكانی وەك پارێزگاری هەولێر و سلێمانی و هەڵەبجە و دهۆكیش، دانراوی حزبەكانن، ئەم شێوە حزبییە لە تەواوی سێكتەر و ناوەندەكانیشدا هەن بە زانكۆ و قوتابخانە و موختاری گەڕەكەكانیشەوە!

شتێك نییە لەم هەرێمە، بە كەرتی تایبەتیشەوە، حزب ڕۆڵی نەبێت، یاخود حزووری نەبێت، كە ئەمە خۆی لە خۆیدا گرفتی سەرەكیی سەرهەڵدانی چەندین كێشە و ئاستەنگی حکومڕانییە لە هەرێم و جۆرێكە لە پەتای حزب لە جەستەی حکومڕانیدا، كە شكستەكان لەم هەناوە حزبییەوە سەر دەر دەهێنن، بەبێ پێودانگی لێهاتوویی و دەستپاكی و بڕوانامە، بەڵام ئەوەی مایەی تێڕامانی سیاسییە، ئەوەیە كە ماوەی دوو ساڵە پرسی پارێزگاری كەركوك و هەروەها دانانی وەزیری دادی عێراق، كە پشكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بوون، بایكۆتی پارتی دیموكراتی لەسەر بوو، كە نابێت پارێزگاری كەركوك كەسانی حزبی بۆ دابنرێت و داوای كەسایەتیی سەربەخۆی دەكرد، بۆ وەزیری دادیش بە هەمان شێوە! لە كاتێكدا هەر چوار پارێزگارەكەی هەرێم كە سلێمانی ئێستا حزبییە و گۆڕانە، هەڵەبجەش یەكێتییە، دهۆك و هەولێریش پارتین، بەڵام پێشمەرجی پارێزگاری سەربەخۆ بۆ كەركوك، پێشمەرجی حزبی بوو لە كۆبوونەوەی حزبیشدا!

باشترین كارێك بۆ حکومڕانیی ساغڵەم، دوورخستەوەی حزبە لە تەواوی جومگەكانی بەڕێوەبردن، واتا حزبایەتی زاڵ نەكرێت، بۆ ئەوەش دەرفەت هەبوو، كە دەبوایە بە یاسا لە خولی پەرلەمانی كوردستان ڕێگری بكرایە، وەك دەستپێكیش پۆستی حزبی لە سەرۆكی هەرێم و پەرلەمان و سەرۆكوەزیران دابماڵدرایە، بەڵام نەكرا و دیسانەوە دەسەڵات و حکومڕانی بە بەرگی حزبییەوە بە ڕێ دەكرێت، ئەوەی بۆ كەركوك و دادی عێراقی هەقبەشی یەكێتیی كرا، بیانوویەكی بەتاڵی حزبی بوو!

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations