بۆچی باڵێکی یەكێتی بەشداری حكومەت ناكات؟

سەنگەر سەیدقادر
07.07.2019

لڤین:
بەشداری نەكردنی باڵە ئێرانیەكەی ناو یەكێتی لە حكومەتدا كە بەهێزترین باڵی یەكێتی و خاوەن بڕیاری كۆتاییە، بڕیارێكی سەرپێی یان فریودانی ئەو نیە، چونكە ئەم باڵە لە ساڵی ١٩٨١ هەتا ئێستا خاوەن بڕیاری كۆتایین لە ناو یەكێتیدا، ئەم بڕیارەش بەوردی لێكۆڵینەوەی لێكراوە ئەوكات ئەم هەلوێستەیان وەرگرتوە.

وەك لە لیستی بەر بژێرەكانی یەكێتیەوە بۆ ١١ پۆستە حكومەیە كە دەردەكەوێت زۆرینەی ڕەهایان لە باڵی ناوەندی بڕیارن، هەندێكی تریشیان بۆ ڕازیكردنی ناوچەی و كەسی دانراون، بەڵام باڵی بەهێز و خاوەن بڕیاری یەكێتی كە باڵە ئێرانیەكەیە لەم پۆستانەدا هیچ ڕۆڵێكی نیە.

ئەم بەشداری نەكردنە پەیوەستە بە هەندێك هۆكاری پەیوەست بە ناوخۆی یەكێتی و ناخۆی هەرێم و كاریگەری درەكیەکانەوە، لە گرنگترین ئەو هۆكارانە:

١- ئەم باڵە لەسەر ئاستی ناوخۆی هەرێم لە ململانێیەكی قوڵدان لەگەڵ پارتیدا و لەگەڵ سەرۆكی حكومەتدا كێشەی قوڵیان هەیە و دەرفەتی پێكەوە كاركردنیان نابێت

٢- ئەم باڵە لە حكومەتدابن یان لە دەرەوەی حكومەت بڕیاری سیاسی و سەربازی و ئەمنی دارای (نەوت و غاز) ی زۆنی سەوز لە دەستی خۆیاندایە

٣- ئەم باڵە نایانەوێت لەم دۆخە پڕ قەیرانەی حكومەتی هەرێمدا ببن بە شێك لە كێشەكان و بەڕپرسیارێتی شكستیان بكەوێتە ئەستۆ

٤- لەسەر ئاستی ناوخۆی یەكێتی لە ڕابردا ئەم باڵە بەشی هەرە زۆری دەسەڵاتیان لە ناو حكومەتدا لە دەستدا بووە بەهۆی قەیرانەكانی حكومەتەوە ڕووبەڕووی ڕەخنەیەكی زۆری كادیری ئەندامەكانیان بونەوەتەوە، بۆیە ئێستا دەیانەوێت هەڵەی ڕابردوو ڕاست بكەنەوە و هەر كێشەیەك ڕووبدات خۆیان بە بەرپرسیار نازانن

٥-لەسەرئاستی دەرەكیش ئەوەی ڕوونە ئێران لەشەش مانگی ڕابردودا نیگەڕانە لە پارتی بە هۆی نزیكی لە بەرەی ئەمەریكاوە، حكومەتی ئایندەش بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی بە دڵی ئێرانیەكان نیە

٦- ئێرانیەكان بەم بەشداری نەكردنەی ئەوباڵە دەیانەوێت دیفاكتۆیەكی حوكمڕانی لە زۆنی سەوز دروست بكەن بۆ خۆ دەرباز كردن لە سزاكانی ئەمەریكا ( پەیوەست بە كوردستانەوە)، چونكە حكومەتی هەرێم بەڕپرسیارێتیەكی سیاسی و نێودەوڵەتی هەیە لەگەڵ ئەمەریكادا ناتوانێت ماڵە لەگەڵ ئێراندا بكات لەژێر فشار و چاودێریدایە

٧- هەروەها ئێران لە ڕێگەی ئەم باڵەوە كەلە دەرەوەی حكومەتن و دەسەڵاتی تەواویان بەسەر كەرتی نەوت و غازی زۆنی سەوزدا هەیە دەتوانێت فشار بۆسەر حكومەتی هەرێم دروست بكات لەكاتی پێویستدا

ئەمانەو چەند هۆكارێكی تر كە ناكرێت لێرەدا باس بكرێت بونەتە هۆی ئەوەی ئەو باڵە بەهێزەی یەكێتی بەشداری كاریگەر لە حكومەتدا نەكات و دورە پەرێز بگرێت و كار لەسەر بەهێزكردنی پێگەی خۆیان بكەن لەناو ڕێكخستنەكانی یەكێتیدا وەك ئامادەكاری بۆ كۆنگرەی داهاتوو

بەڵام بەدیوێكی تردا ئەم باڵە ئەگەر بیانەوێت دەتوانن هاوكارێكی حكومەت بن لە ڕاگرتنی باڵانس لە نیوان ئەمەریكا و ئێران و پەیوەندیەكانی خۆیان لەگەڵ ئێراندا بۆ بەرژەوەندی و بەهیزكردنی پێگەی كوردستان بەكاری بهێنن بەتایبەت لە پرسی ( بودجەی هەرێم و كێشەكانی هەرێم و بەغدا و پرسی ناوچە جێناكۆكەكان)، چونكە ئێران پێویستی بە هاوكار و دۆستە لە عێراق و هەرێم.

تێبینی/ بەكار هێنانی دەستەواژەی (باڵە ئێرانیەكە) وەك سوكایەتی یان بێڕێزی بەكار نەهاتوە مەبەست لەوەیە ئەو باڵە زیاتر لە ئێرانەوە نزیكن، دۆخی كوردستانیش وەهایە هەموو حیزبەكان بێ جیاوازی پەیوەندیان لەگەڵ وڵاتانی هەرێمی هەیە ، كە ئەمەش لایەنی باش و خراپیشی هەیە.

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations