كۆنگرە بۆ نەهێشتنی ناعەدالەتی

سەرتیپ جەوهەر
03.07.2019

ماوەیەكە جموجۆل و دەنگی داخوازیكارانی كۆنگرە لەناوخۆی یەكێتیی بەرزتر دەبیسترێت، ئەو داواو خواستانە پێشتر هەبوون، زیاتر لەكۆبونەوەی حزبیی تاوتوێ دەكرا، بەڵام ئێستا خەریكە گردبونەوە لەدەوری یەك و گفتوگۆی جددی لەبارەی پێویستی رێكخستنەوەی باری ناوخۆی یەكێتی دەكرێت.

هەموو لەسەر ئەوە كۆكن كە پێویستە چی زووە كۆنگرە بكرێت. كۆنگرەیەك یەكێتی لەسەر هەرسێ‌ ئاستی پەیكەربەندی و شێوازی كاركردن و سەركردایەتیەكەی بەتەواوی نوێبكاتەوە، نوێبونەوەیەك لەئاست پێشكەوتنی كۆمەڵایەتی و سیاسی كوردستان و سەردەم بێت.

دواكەوتنی كۆنگرەو نوێ نەبونەوە، لێكەوتەی زۆری بەدوایخۆیدا هێناوە. جگە لەگلەییەكانی ناوخۆ، ئەوەی پەیوەندی كاركردنی ئۆرگانەكان و رێكخستنی كاروباری رێكخراوەیی هەیە، هاوكات گلەییەكی زۆر دەكریت لەشێوازی حوكمڕانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان چ لەحكومەتی هەرێم و وەزارەتەكان، چ لە ئیدارەی خۆجێی لە سلێمانی و گەرمیان و هەڵەبجە كە بەناوچەی هەژمونی یەكێتی دادەنریت.

یەكێك لەهۆكارەكانی خراپی كاركردنی یەكێتی لەحكومەت دانانی خەڵكی ناشایستەیە لەو شوێنانە لەسەر حیسابی مەحسوبییەت و مەنسوبیەت! بێگومان ئەمەش بەهۆی غیابی یان خراپیی رۆڵی ئۆرگانەكان و سەنتەری بڕیاردانەوە بووە

ئەو ژمارانەی ئێستا بەردەستن سەبارەت بەخەرجكردنی پارەی ئاوەدانیی و جیاوازیی نێوان شارەكان زۆر جێی نیگەرانییە. یەكێك لەهۆكارەكانی خراپی كاركردنی یەكێتی لەحكومەت دانانی خەڵكی ناشایستەیە لەو شوێنانە لەسەر حیسابی مەحسوبییەت و مەنسوبیەت! بێگومان ئەمەش بەهۆی غیابی یان خراپیی رۆڵی ئۆرگانەكان و سەنتەری بڕیاردانەوە بووە! سەرەنجام لێكەوتەی ئەم دۆخە، سنورێكی بەرفراوانی كوردستانی لەئاوەدانیی یان لانیكەم عەدالەت لەدابەشكردنی داهات بێبەشكردووە. بۆنمونە ٍ»بەپێی زانیارییەكان» لەگوژمەی دوو ملیارو شەش سەدو پەنجا ملیۆن دۆلار كە لەبانكیكی ژاپۆن وەرگیراوە، تەنها شەش سەد ملیۆن دۆلارێك بۆ سلێمانی و زۆنی سەوز خەرجكراوە، یان لە 670 ملیۆن دۆلاری سندوقی ئاوەدانی كە بۆ هەرێمی كوردستان هاتووە، تەنها 150 ملیۆن دۆلارێك بۆ سنوری سەوز خەرجكراوە!

ئەم ژمارانەی سەرەوەو ناعەدالەتیەكە جێی نیگەرانییە، هیچ دەرفەتێك بۆ یەكێتی ناهێلێتەوە بۆ زیاتر دواخستنی كۆنگرەو نوێكردنەوەی شێوەی كاركردن و بنیاتنانەوەی ئۆرگانی بڕیاردانی، تا بتوانێت خەڵكی شایستە بنێرێتە حكومەت لەڕێی رێكارە دیموكراتییەكان لەنێو ئۆرگانەكانی بڕیاردانی، هاوكات چاودێرییەكی وردی شێوەی كاركردنی كەسەكان بكرێت لەڕێی ئۆرگانەكانەوە، چونكە دەركەوت مەحسوبییەت و مەنسوبییەت لەدانانی بەشێك لە لێپرسراوانی حكومەت چ دەرەنجامێكی خراپی لێكەوتۆتەوە! كەوایە ئەگەر یەكێتی كۆنگرە بكات و خۆی نوێبكاتەوە، بەقەد ئەوەی نوێبونەوەی رێكخراوەییە، ئەوەندەش كاریگەری لەسەر ئاوەدانی ئەو سنورە دەبێت.

بەشێك لەخراپییەكانی حكومڕانی پەیوەندی بەخراپی بەشێك لەكادرانی یەكێتیە لەحكومەت، ئەگەر خراپبونی حكومەت و شێوەی كاركردنی لەهەولێر پەیوەندی بەیەكێتیەوە نەبێت، ئەوا باشتركردن و رێكخستنەوەی كاروبارەكانی سنوری سەوز پەیوەندی بەیەكێتیەوە هەیە

من نامەوێ‌ بچمە هەندێ وردەكارییەوە، بەڵام بەقەد ئەوەی گلەیی لەخراپی ئەدای پارتی و هەوڵدانی بۆ سەپاندنی هەژمونی خۆی لەنێو حكومەت و كایەكانی حكومڕانی دەكرێت، ئەوەندەش گلەیی لەخۆمان بكەین، چونكە بەشێك لەخراپییەكانی حكومڕانی پەیوەندی بەخراپی بەشێك لەكادرانی یەكێتیە لەحكومەت، ئەگەر خراپبونی حكومەت و شێوەی كاركردنی لەهەولێر پەیوەندی بەیەكێتیەوە نەبێت، ئەوا باشتركردن و رێكخستنەوەی كاروبارەكانی سنوری سەوز پەیوەندی بەیەكێتیەوە هەیە، دەبێ لەمەودوا چاوپۆشی لێنەكرێت و هەموو جومگەكانی ئیدارەی ئەو ناوچەیە وەربگیرێتەوەو بەكەسانی لێوەشاوە بسپێردرێت. كوردیش وتەنی ئیدارەكە یەك دەست بێت و چیتر قەدەری ئەو سنورە شاباش نەكرێت.

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations