یەکێتیی لە نێوان دوێنێ و ئەمڕۆدا

ئەحمەد میرە
01.07.2019

بۆچوونێکی سادەى گشتیی لە شەقامی سیاسیی کوردییدا بوونى هەیە، کە دەڵێت ئەو سیاسەتەى ئێستا یەکێتیی نیشتمانیی بەرانبەر پارتی دیموکرات پەیڕەویدەکات، دەبوو پێشتر بیکردایە. پەیڕەونەکردنى ئەم جۆرە سیاسەتە وایکرد، کە قەبارەى یەکێتیی بچووکببێتەوەو تا ئەو ڕادەیەی هەمیشە لە بڕیارە چارەنوسسازەکاندا بەشێک نەبووە لە ناوەندی بڕیاری سەرەکیی، بەڵکو بەهۆى ئەمرى واقیعەوە خۆى خزاندووەتە ناو بڕیارە سیاسییەکەوە، بۆ نموونە لە پرسی ڕیفراندۆمدا کۆی سیاسەتی یەکێتیی لەسەر ئەوەبوو، کە ڕیفراندۆم لەو بارودۆخەدا کارێکی ناتەندروستە، بەڵام هەژموونى پارتیی و بەرژەوەندیی هەندێک لە بەرپرسە باڵاکانى یەکێتیی ناچارکرد وەک پارتیی دەهۆڵ بۆ پرسێکی لەباربراوی وەک ڕیفراندۆم بکوتێت.

سیاسەتی یەکێتیی نیشتمانیی لەدواى پرسی ڕیفراندۆمى (2017) ەوە تا ئێستا سەرەڕاى هەوراز و نشێویی زۆر تێیدا، بەڵام سیاسەتێکە تا ئەندازەیەکی زۆر شکۆى لەدەستچووى بۆ ئەو حیزبە گێڕاوەتەوە

حیزبی ڕاستەقینە بۆ ئەوەى لە نەیارەکەى جودا بێت دەبێت بە گوتارى جیاوازەوە بۆ ئایدۆلۆژیاى جیاواز تا بەرژەوەندیی جیاواز لەگەڵ نەیارەکەى بڕوات. نەوشیروان مستەفا زۆر بەوردیی لە تایبەتمەندییەکانى حیزب تێگەیشتبوو، بەدرێژایی ئەو ماوەیەی لە ناو یەکێتییدا بووە، پێشەنگی گوتارێکی جودا بووە لە پارتیی، ئەو دەمەیشی بزوتنەوەى گۆڕانی دروستکرد بە هەمان تێگەیشتنەوە گوتارێکی ڕاستەقینەى جوداى هەبوو، چونکە دەیزانى مانەوەى حیزب بەبێ هەبوونى گوتارى سەربەخۆی خۆی، ئەستەمە.

یەکێتیی نیشتمانیی لە ئێستادا گوتارى سیاسیی نەماوە، وەک هەموو حیزبێکی تری کوردیی وەک ئاشى ئاو_لێبڕاوى لێهاتووە. لەڕووی ئایدۆلۆژییشەوە لەدواى ڕاپەڕینەوە حیزبی کوردیی ئایدۆلۆژیاى خۆی لەدەستداوە. هەموویان دەچنەوە سەر یەک خوان، ئەویش خوانى بەرژەوەندییەکانە. بۆیە تاکە چەک بەدەست یەکێتییەوە لە ئێستادا ئەوەیە، کە بتوانێت بەرژەوەندییەکانى خۆی بپارێزێت، کە لە دواى نەخۆشکەوتنى تاڵەبانییەوە تا کۆچی دوایی نەیتوانیوە بەرژەوەندییەکانیشی بپارێزێت. هەرچەندە دەگوترێت ئەم مۆدێلی خۆڕادەستکردنەى یەکێتیی بە پارتیی کارێکە، کە تاڵەبانیی ئاوەکەى ڕشتووە، بەڵام دەبێت بپرسین یەکێتیی لەسەردەمی تاڵەبانییدا بەرانبەر پارتیی چیی بەدەستەوە بووە؟ پۆستی سەرۆک کۆمار بە ڕەزامەندیی و چەپڵەلێدانى بنەماڵەى بارزانیی، دواى جیابوونەوەى نەوشیروان مستەفا و هاوڕێکانى ماوەى دوو ساڵ پۆستی سەرۆکی حکومەتى بەدەستەوە بوو. ئەمە سەرەڕاى جێگرانی هەموو پۆستە سیادییەکانى هەرێم، بەڵام ئەو گروپەى دواى تاڵەبانیی ڕاستەوخۆ بڕیارى یەکێتییان بەدەستەوەیە، بەهۆى ئارەزووی پاراستنى بەرژەوەندییە کەسییەکانى خۆیان، وایان لە یەکێتیی کرد، کە پارتیی وەک نێچیرێکی ئاسان و نەرم و چەور تێیبڕوانێت.

یەکێتیی نیشتمانیی لە ئێستادا گوتارى سیاسیی نەماوە، وەک هەموو حیزبێکی تری کوردیی وەک ئاشى ئاو_لێبڕاوى لێهاتووە. لەڕووی ئایدۆلۆژییشەوە لەدواى ڕاپەڕینەوە حیزبی کوردیی ئایدۆلۆژیاى خۆی لەدەستداوە. هەموویان دەچنەوە سەر یەک خوان، ئەویش خوانى بەرژەوەندییەکانە

لەم ڕوانگەیەوە دەتوانین بڵێین؛ سیاسەتی یەکێتیی نیشتمانیی لەدواى پرسی ڕیفراندۆمى (2017) ەوە تا ئێستا سەرەڕاى هەوراز و نشێویی زۆر تێیدا، بەڵام سیاسەتێکە تا ئەندازەیەکی زۆر شکۆى لەدەستچووى بۆ ئەو حیزبە گێڕاوەتەوە، چونکە لە هەموو ئەو خاڵانەى، کە پارتیی ویستوویەتی تێیانبپەڕێنێت، ئەگەر نەخێرێکی لاوازیش بووبێت، کردوویانەو چەندین جاریش توانیویانە یارییەکە بە ئەنجامی گەورە نەک لە پارتیی، بەڵکو لە بنەماڵەى بارزانییشی ببنەوە. ڕەنگە بگوترێت دۆخی یەکێتیی بە هۆى بوونى باڵ و بەرژەوەندییەکانەوە ئێجگار خرابە و ئەوەى دەگوزەرێت گروپە جیاوازەکان تەنها بەرژەوەندیی خۆیان دەپارێزن، بەڵام دواجار لە کۆی نەخشەى سیاسیی هەرێمدا سەرئێشەى گەورە بۆ پارتیی دروستدەکات.

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations