کەلتوری کڕکەوتنی دروشمەکانی دنیای ئێمە

ماجید خەلیل
01.07.2019

مەشهەدی گۆرانییەکانی (حەمە قوتوو) لە ژیانی رۆژانەماندا!

لەنێوان بگرەوبەردەکاندا بەزمێکی سەیرم دی. یەکیان دەستی کردبوو بەباخەڵیدا، ئەوی دی شێخ و مەشایەخ نەما سوێند بەسەری نەخوا. بەدەستێکی چیلکەی دانپاککەرەوەی لە زاری رۆدەداو بەدەستەکەی تری مەچەکی دەستی ئەوی دی گرتبوو، ئەو دەستەی کە لەبەر باخەڵی هاوڕێکەیدابوو. بە غەوزی گەیلانی نایدەی، بەڕۆحی بەهادین عاجزدەبم، بەشەرەفم تاماوم ناتدوێنم، بەسەری هەردوکمان واسڵمکردووە. هەرچۆنێ بێ لەو زرموکوت و زرمە زیلانەدا پاڵم پێوەنراو چاوم چووە سەر تابلۆی پشت کابرای کاشێرو ژمێریار، وەک نوسراوی سەر تەواوی مۆڵ و مارکێتەکان نوسرابوو: تکایە وێر نییە.

ئەم نوسراوە بێ لە باوێکی بێمانا چ بەهانەیەکی تری لە پشتە. ئایا توانیویەتی سوێندێ لەو سوێندانە کەمکاتەوە کە لە وێری یەکتریدا وەک باران دەبارن؟ بێگومان نەخێر. ئەدی بۆ هەڵدەواسرێ، ئەم تابلۆ کڕەی سەر دیوارەکانی هەموو چاخانەو چاپخانەو جامخانەکانی شار تاکەی هەڵدێ؟ یان لە دوکانی جبس و سیمکارت فرۆشێکەوە بیگرە تا نوسینگەکانی حەج و عەمرە، نوسراوە: تکایە بێئیش رامەوەستن.

لەکاتێکدا جاری واهەیە خودی ساحێب دوکانەکان بۆخۆیان بێئیشن. لە زۆرترینیشیاندا نوسراوە: تکایە قەرز نییە. جا لە هەمووی بێتامتر دێڕی دووەمییەتی: تەنانەت بۆ تۆیش. لەوەگەڕێن داهێنەری ئەم رستانە کێن. لەوەیش گەڕێن چۆن ئاوا وەک هەورە بروسکە کێشراون بەسەر دیواری هەموو مەغازەو مۆڵ و مارکێتەکاندا، بەس لەوە مەگەڕێن، کە بۆچی تەنها لەو دوکانانەدا هەیە کە دەفتەری قەرزیان داناوە. ئەگەر ئەمە نوکتە نەبێت،ئەی چی نوکتەیە. بەم نوسینانە بۆم دەرکەوتووە کە لەم کەلتوورەدا پێچەوانەی هەموو وتەو نوسراوێک  ئەنجامدەدرێت. بۆنموونە: لە هەشتاو نەوەدەکاندا شار جمەی دەهات لە جۆرە ماشینێ کەپێی دەوترا (پۆڵانی). پۆڵانی بۆخۆی شکڵی بەچکەپاسی ئێستەی هەبوو، بەڵام دیزاینەکەی لەکۆڵخۆ کرابوویەوە، وەک ئەوە وابوو دیزاینەرەکەی لە پەلەپیتکەی دەرچوبێ، یان بە بێگاری دروستی کردبێ. لە ڕاستیشدا جوان بوون! رەنگیشیان نا تەنسیقبوو، شینی تۆخ و سپی سەلاجەیی و پرتەقاڵی و هەر لەخۆوە جۆرێک بوون.

 گۆڕانکاریی ڕەنجی دەوێ، ڕەنجی فرهادانە، گۆڕانکاری بە قوتکردنەوەی حزبی گچکەو گومناو ناکرێ، گۆڕانکاری بەهەوڵی بڕینەوەی بەشە بوجە بۆ حزبی نوێ ناکرێ، گۆڕانکاری بەم فرەحزبییە ناکرێ

خوا ڕەحمی کردبوو خەڵکی ئەو زەمانە ڕەقەڵەو باریکەلە بوون، ئەگین هیچ  کوشنێکی شوێن مرۆڤێکی تێدا نەدەبوو. زۆر خۆشبوو، ریزێ لە کوشنەکانی پشتیان لە بابای شۆفێر بوو. زۆرجار مشکی و جامەدانە بەسەرم دیووە روبەڕووی ریزێ پیرێ ژن هەڵکوڕماون، زۆرجار گوڵنگی میشکیم بینیوە تێکەڵ بە پرچی دژراوی ژنان بووە. خوی ئەوکاتیش وەهابوو جاحێڵەکان قۆڵیان دەردەهێنا. گەرمەی ئەو گۆرانییەی موحەمەد عەبدول(حەمەقوتوو) بوو، کە دەڵێ : لەکۆڵانی تەنگ لەبەرم، شان مەدە لەشانم.  چ مەشهەدێ هندەی ئەو گۆرانییە ڕەنگدانەوەی لە ژینکەی پۆڵانییەکەدا هەبوو. لە بیرمە رۆژانی هەینی لەم سلێمانییەدا پۆڵانییەکانی هەوارە بەرزەو هەوارە تازە هاواریان دەکرد، بۆ مزگەوتەکەی مەلاکرێکار! لەبیرمە جارنەبوو منداڵێک بە تەبەدۆرێکەوە لە دەرگەی پۆڵانییەکەدا بە پێوە دەوەستا نا نیوەی کرێ بدات، زۆرجار ورد دەبوومەوە لە سەر پشتی تەپەدۆرەکەی ویش بەخەتێکی لار نوسرابوو: ئەلحەسود و لا یەسود. دروست وەک پۆڵۆنییەکە، کە لە پشت و پێشی هەموویان نوسرابوو: ئەلحەسودو لایەسود. بەڵێ کابرای شۆفێر پێش ئەوەی مۆڵەتی شۆفێری خاتە گیرفانی ئەو وتەیەی دەنوسی. 

بەڵام هیچ ماشینێ هێندەی پۆڵانی چاونەدەدرا!، چون یەکبین پەنچەر بوون، بەڵام هیچ ماشینێ هێندەی پۆڵانی سەربەبەڵا نەبوو، گەر رۆژێ پەنجەر نەبوونایە یان حەماوی مەکینەکەی بەرزنەبوایەتەوە، ئەوا کابرای شۆفێر لێی مەشکوک دەبوو، پێی وابوو ماشینەکەی شتێکییەتی! . با لەمەیش گەڕێین، بێینە سەر نوسراوی سەر دیوارەکانی شار: خۆڵڕشتن لێرە پیشەی کەرە. ئەوەی لێرە شتبنوسێ واو وایە، لە کاتێکدا تا ناوکی دیوارەکە خاشاک و خۆڵ بەرزبووەتەوە، لەکاتێکدا دیوارەکە خۆی رەشبووەتەوە لە نوسینی داواکاریی بۆ ئەوەی هیچ نەنوسرێ، ئەمە ڕێک وەک ئەوە وایە لە چاخانەکاندا نوسراوە جگەرەمەکێشن و بێدەنگیبپارێزن، لە کاتێکدا لەتاو دوکەڵی سیگار و دەنگی دۆمینەو قاقای بەرز کلکی شێر دەقرتێنرێ. یان دیاردەی نوێی هەرزان بازاڕەکان، وابڕوا تابلۆیێ نامێنێ لێی نەنوسرێ هەرزان بازاڕ. لەکاتێکداهیچی وەها نییە. بەدەگمەن سەرنجی دیاردەی نرخ و نەریتی بازاڕ دەدەم، بەڵام لە بۆنەو جێژنەکاندا دیاردەکە بۆ خۆی سەرنجی تۆ دەدا.

لەو گرێ سایکۆلۆژییە بێینە دەرێ کە ساڵێکە دایکمان نەدیوەو لە پۆستی فەیسبوکەکانیشماندا رۆژی بیست وێنەی دادەنێین و قوربانی دەبین، وەرن نەنوسین هەرزان بازاڕو کاڵاکانمان هەرزان کەین، وەرن بەدەم بیمارو نەخۆشەکانمانەوە بین و وێنەکانیان لەسەر رایەخی مەرگا وەشان نەکەین

کەلتوری ئێرە پێچەوانەی ئەوەی دەوترێ دروستە.بۆ نموونە لە بۆنەو جەژنەکانی خۆرئاوا، داشکاندنی تەواو دەکرێ بۆ تەواوی مارکەو بابەتەکان، بەڵام لێرە بە پێچەوانەوە،نرخەکان دوو هێندە دەفڕن، بە تایبەت لە مانگی رەمەزاندا، گوایا مانگی بەخشین و باوەڕبوونە بە هەژارو نەدار هههههه. بە هەرحاڵ لەم وردە شتانەوە دەکرێ هەڵوێستە بکەین، هەڵوێستە لە دروشمەکانی تری دنیای ئێمە، هەڵوێستە لە میتۆد و بەرنامەی هەموو پارتەکان، هەڵوێستە لە هاوارو ئیمانی هەموو مەلاکان. هەڵوێستە لە چەقبەستوویی پارتی و یەکێتی و گۆڕان و هەموو حزبەکان، گۆڕانکاریی ڕەنجی دەوێ، ڕەنجی فرهادانە، گۆڕانکاری بە قوتکردنەوەی حزبی گچکەو گومناو ناکرێ، گۆڕانکاری بەهەوڵی بڕینەوەی بەشە بوجە بۆ حزبی نوێ ناکرێ، گۆڕانکاری بەم فرەحزبییە ناکرێ کە وەک قوماشێ وتەی جوان و دیموکراسی و ئازادی دەدورن بۆ بەریان و کاریگەریشیان هێندەی تکایە وێرنییەکەی دوکانی سیمکارتفرۆشێ دەڕوا. وەرن هەموو دروشمە جوانەکان لابەین و هیچ نەنوسین، وەرن دنیا سپیکەینەوە لە بێدەنگییەکی جوان، وەرن ئامۆژگاریی یەکتریی نەکەین و نەبینە واعیزی دەوروبەرمان، وەرن وەک تاکێکی ئازادو ئازا سەرقاڵی ژیانی راستەقینەی خۆمان بین.

وەرن  لەو گرێ سایکۆلۆژییە بێینە دەرێ کە ساڵێکە دایکمان نەدیوەو لە پۆستی فەیسبوکەکانیشماندا رۆژی بیست وێنەی دادەنێین و قوربانی دەبین، وەرن نەنوسین هەرزان بازاڕو کاڵاکانمان هەرزان کەین، وەرن بەدەم بیمارو نەخۆشەکانمانەوە بین و وێنەکانیان لەسەر رایەخی مەرگا وەشان نەکەین، وەرن خۆشەویستەکانمان ئاشتکەینەوەو بەڵام وێنەی گوڵەکانی ڤالانتاینیان بۆ پۆست نەکەین، وەرن گەشت و سەیران کەین و بەڵام بە سێڵفی کەناردەریاکاین، نەبینە ئاژاوو ئازاری دەوروبەرمان. وەرن بەدەستێکمان ببەخشین، بادەستەکەیترمان نەزانێ، نەک بەخشین بکەینە بەرنامەی تیڤییەکان و جاڕبدەین.

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations