سەبارەت بە نیقاب و خۆپۆشین

مەریوان وریا قانع
25.06.2019

بەشی یەکەم

لەدوای ھێرشەکانی ١١ سێپتەمبەرەوە بۆ سەر نیوێۆرک، مەسەلەی ئیسلامی توندڕە و سەلەفیەتی دینیی لە وڵاتانی خۆرئاوادا بوون بە مەسەلەیەکی گرنگ و قسە و باسێکی زۆریان لەبارەوە کراوە و دەکرێت. یەکێک لەو بابەتانەش کە لەناو ڕووبەری گشتیی ئەم کۆمەڵگایانەدا، لەناو سیاسەت و میدیا و بەشێک لە کۆمەڵگای مەدەنیدا، گفتوگۆی لەسەر دەکرێت مەسەلەی نیقابی ژنانە. ئەو فۆرمەی خۆپشینە کە ڕوخساری ئافرەتەکە، جگە لە چاوەکانی، بەتەواوی دادەپۆشێت. پرسیاری سەرەکیی لەم گفتوگۆیەدا ئەوەیە چۆن مامەڵەی ئەم دیاردەیە بکەین. دەکرێت دوو بەرە لەم گفتوگۆ و ڕاگۆڕکێیەدا لەیەکتری جیابکەینەوە کە بۆچوونی تەواو ناکۆک و دژ بەیەکیان، ھەیە. 
بەرەیەکیان دژایەتییەکی تەواوی پۆشینی نیقاب دەکات و داوای یاساخکردنی دەکات بە پێی یاسا. بۆ ئەمەش چەندان ھۆکار بۆ ئەو دژایەتیی و یاساخکردنە دەھێنێتەوە، لە کاتێکدا بەرەکەی تریان بەرگریی لەوە دەکات کە ئەو ئافرەتانە ئازادن چی لەبەردەکەن و چۆن خۆیان لەناو ژیانی گشتیدا نمایشدەکەن. 
بەری یەکەمیان پێیوایە نیقابپۆشی جۆرێکە لە قبووڵکردنی کۆیلەیەتی، ”کۆیلەبوونێکی خۆبەخش“ و ”خۆویستە“. ئەو ئافرەتانەی نیقاب دەکەن بە دەستی خۆیان کۆیلەیەتی بۆ خۆیان ھەڵدەبژێرن و تەسلیمی خواستە پاتریارکیەکانی پیاوان دەبن. ھەندێکی تر پێیواە نیقاب دژە بە مافی یەکسانی ژن و پیاوە، دژ بە ئازادییەکانی ژنانە، دژ بە دەرکەوتنی ژنە وەک مرۆڤێککی کامڵ لەناو ڕووبەری گشتیدا، دژ بە پێداویستیی و مەرجە ھەرە سادەکانی پەیوەندییکردنی ئینسانیانەیە لەنێوان کەسەکاندا. لەڕووی ئیستاتیکییەوە قەبیحە. درێژەدانە بە کولتور و فەرھەنگی بە کەم و نزم و ترسناک تەماشاکردنی ژن،. گواستنەوەی کولتوری تاڵەبانە بۆ ناو ئەوروپا. نیقاب بەشێکیشە لە دیاردەیەکی گەورەتر کە دیاردەی توندڕەویی و توندوتیژیی دینییە. جگە لەمانە نیقاب خۆشی دیاردەیەکی ترسناکە و دەشێت ھەڕەشە لە ئاسایشی گشتیی بکات. بەحوکمی ئەوەی نازانرێت ئەوەی لەژێر ئەو نیقابەدا خۆی شاردۆتە پیاوە یان ژن، دەکرێت بەشێوەیەکی زۆر خراپ و بۆ مەبەستی تێکدانی ئاسایش لەلایەن تێرۆریستانەوە بەکاربێنرێت، لە سەردەمێکدا کە کردەی تێرۆر بووە بە بەشێک لە ژیانی ڕۆژانە. بە کورتی نیقاب ماسکێکی دینییە کە ڕوخساری ژن دادەپۆشێت. وەکچۆن ماسکیش لەسەرکردن لەناو دەزگا گشتییەکان و لەناو دەزگاکانی دەوڵەتدا یاساخە، دەبێت ئەویش یاساغ بکرێت.

ھەرچی کەسانی سەر بە بەرەکەی ترە، ئەو بەرەیەی بەرگریی لە ئافرەتە نیقابپۆشەکان دەکەن، باس لە کۆمەڵێک ھۆکار دەکەن کە ھەرە گرنگەکانیان بریتییە لەمانە. ژنانی نیقاب لەسەر بە ژمارە زۆر زۆر کەمن و لە شوێنێکی وەک فەرەنسادا لە چەند سەد کەسێک یان لە باشترین حاڵەتەدا لە دوو ھەزار ژن تێپەڕن ناکەن، لە کۆی نزیکەی ٦٧ ملیۆن مرۆڤ. ئەم دیاردە پەراوێزییە و بە ئەنقەست گەورەکراوە. ھەندێک کەس تا ئەو شوێنە دەڕۆن کە بڵێن گەورەکردنی بەم بابەتە لەناو وڵاتە ئەوروپییەکاندا و باسکردنی بەردەوامی لە میدیادا و دەرکردنی یاسا لە پەرلەماندا بۆی، بەشێکە لە ھەوڵدانی حوکمڕانان و دەوڵەت بۆ لەبیربردنەوەی کێشە ڕاستەقینەکانی ئەو وڵاتانە کە بەھۆی سیاسەتی نیو لیبرالیزمەوە دووچاریان بوون. ھەندێکی تریان دەڵێن ئەم ھێرشە بۆسەر نیقاب درێژەدان بەو ئیسلامۆفۆبیایەی لەم وڵاتانەدا ھەیە، وەکچۆن ھێرشە بۆسەر ئەو کەمینە موسڵمانەی لە وڵاتە ئەوروپییەکاندا دەژین.
بەشێکی زۆری کەسانی سەر بەم بەرەیە لە دیدێکی دژە بە دەوڵەتەوە قسەدەکەن و بوونی ئەو ژنانە بە نیقابەوە لەناو کۆمەڵگادا بە مەترسییەکی کەمتر دەزانن لەوەی دەوڵەت دەستبخاتە ناو ژیانی تاکەکەسەکانەوە و بە خەڵکی بڵێت چی لەبەربکەن و چی لەبەرنەکەن. ترس لە دەسەڵاتی دەوڵەتی مۆدێرن لە ترس لە چەند سەد ئافرەتێکی نیقابپۆش بە گەورەتر دەزانن. ھەندێکی تریان دیاردەی نیقاب وەک دیاردەیەکی دینیی دەبینن و پێیان وایە ئەوە خیانەتکردنە لە پرنسیپە سەرەکییەکانی ناو ژیانی مۆدێرنی کۆمەڵگا خۆرئاواییەکان کە ئازادیی دین لەوێشەوە ئازادی ویژدان سنوورداربکرێت. بەم مانایە یاساغکردنی نیقاب دژ بە پرنسیپەکانی ئازادیی خۆرئاوا خۆیەتی، دەوڵەت بۆی نییە دەست بۆ ئازادیی و بۆ ویژدانی دینیی و نادینیی تاکەکەسەکان ببات. 
ھەندێکی دیکەیان لەڕێگای بەرگریکردن لە بیرۆکەی ”لێبوردن“ەوە باس لەوە دەکەن کە دەبێت واز لەو ئافرەتانە بھێندرێت کە جلێک لەبەردەکەن لەگەڵ زەوق و حەز و تەنانەت سایکۆلۆژیای زۆرینەدا ناگونجێت. ئەمانە باس لەوەدەکەن کە چەمکی لێبوردن یەکێکە لە چەمکە بنەڕەتییەکانی ناو ژیانی سیاسیی و دینیی و کۆمەڵایەتیی و ڕەمزیی کۆمەڵگاکانیان. 
ھەندێک دەنگی تر باس لەوەدەکەن کە یاساخکردنی نیقاب ڕەگەزێکی دژە ژن و دژە مێینەبوونی تێدایە و لەڕێگای ئەم یاساخکردنەوە درێژە بە سیاسەتی پاتریارکیانە دەدرێت، بەڵام ئەمجارە لەلایەن دەوڵەتەوە. باس لەوەش دەکەن لەشی ژن موڵکی تایبەتی خۆیەتی، چۆنی بوێت وا نمایشیدەکات و بەوشێوەیە جل دەپۆشێت کە خۆی دەیەوێت. لەشی ژن موڵکی خۆیەتی نەک موڵکی دەوڵەت یان موڵکێکی گشتیی. 
بەکورتی بەرگیرکردن لە بیرۆکەی ئازادیی و لە سەربەخۆیی لەبەرامبەر دەوڵەتدا ئەو ژێرخانە فیکریی و مەعریفییەیە کە ئەم بەرەیە لەسەری ڕاوەستاوە. لای ئەمان تاکەکەس، بە ژن و پیاوەوە ئازادن و دەوڵەت بۆی نییە دەستبخاتە ناو ژیانیانەوە و ئەوەیان بەسەردا بسەپێنێت کە خۆی دەیەوێت. مرۆڤ ھەم ویژدانی ئازادە ھەم جەستەی. نیقاب ھەڵبژاردنی ئازادیی ئەوانە بۆ نمایشکردنی جەستەیان لەناو ڕووبەری گشتیدا.
لە بەشی داھاتوودا باس لە پەیوەندیی نێوان ”نیقاب“ و ”جل و بەرگ“ و ”نیقاب“ و ”ھێزە دینییەکان“ی پشتی بەنیقابکردنی دەموچاوی ئافرەت دەکەم.

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations