کوردستان بەرەو فاشیزم!

ئەحمەد رەفیق
20.06.2019

(بەشی سێیەم و کۆتایی)
لە سەر ئەرزی واقیع و بە پراکتیکی، پارتیی دیمۆکرات تەواوی جومگە و دامەزراوە هەستیارەکانیی هەرێمی کوردستانیی خستوەتە ژێر رکێفی خۆیەوە؛ جگە لە "بارەگای بارزانیی"! سەرۆکی هەرێم، سەرۆکی ئەنجومەنیی وەزیران، سەرۆکی پارلەمان، سەرۆکی ئەنجومەنیی دادوەری، وەزیرانیی ناوخۆ، پێشمەرگە و سامانە سروشتییەکان، فەرمانگەی پەیوەندییەکانیی دەرەوە، راوێژکاری ئەنجومەنیی ئاسایش لەگەڵ چەندین دەستە و دامەزراوەی تر!. هەروەها بە پارەو قوتیی خەڵکی رەش و روتی ئەم کوردستانەش میدیای بینراو، نوسراو، بیستراو و سۆشیال میدیای کۆنتڕوڵ کردوە!.

بە هەمو پێودانگێک؛ پارتیی دیمۆکرات هەیمەنە و هەژمونیی خۆی بەسەر تەواوی جومگە و دامەزراوەکانیی دەوڵەتدا زاڵکردوە. ئەمەش لە پەراوێزی ئەو فەزایەی کە پێی دەوترێ دیمۆکراسیی؛ بە شێنەیی و بە بەشێوەیەکی بەرنامە بۆ داڕێژراو لە ماوەی سی ساڵی رابردو کاری بۆکردوە. ئەڵبەتە فاکتەری ناوخۆیی و دەرەکی، هەروەها شێوەی هەڕەمی رێکخراوەیی پارتیی وەک حزبێکی مەرکەزی رۆڵی خۆیان لە سەپاندنی هەژمونی پارتیی بەسەر تەواوی کایەکاندا بینیوە ڵە هەرێمی کوردستان دا.

بە خوێندنەوە خۆم؛ چەند هەنگاوێک هەن کە دەتوانرێ لە رێگەیانەوە پارتیی بباتەوە قاڵبە سروشتییەکەی خۆی، ئەمەش بەم هەنگاوانە دەکرێ:-

یەکەم: دروستکردنیی "بەرەیەکی رزگاریی نیشتمانیی" وەک چۆن لە هەشتاکانیی سەدەی رابردو لە لوبنان، فەلەستین، جەزائیر، دواتر میسر و لەم ماوانەش لە سوریا و تونس و زۆر شوێنی دیکە رویانداوە، بە ئامانجی کۆتاییهێنان بە تاک حزبی و تاک سەرۆکی و، خستنە سەر رێچکەی وڵات بۆ سەر دۆخی ئاسایی خۆی.

دووەم: بونیی دەستورێکی مەدەنیی و، داڕشتنەوەی مادەکانیی بە شێوەیەکی سەردەمیانە و، پابەندبون پێوەی.

سێیەم: کۆتایی هێنان بە دیاردەی فرە هێزی چەکداری و، داماڵینیان لە ئینتیمای "شەخسی" و "حزبیی" و گرێدانیان بە دامەزراوە پەیوەندیدارەکانیی هەرێم.

چوارەم: رێگە نەدرێت وەزیرانیی؛ پێشمەرگە و ناوخۆ، هەروەها راوێژکاری ئەنجومەنیی ئاسایش سەر بە هیچ کام لە حزبەکان بن، بەڵکو بدرێن بە کەسانیی نیشتمانیی و تەکنۆکرات.

پێنجەم: پارلەمانیی کوردستان، لە دەزگایەکی تەلقیندراوەوە رۆڵەکەی بگۆڕدرێ بۆ دامەزراوەیەک کە بە جددیی ئیشی دانانی یاسا و چاودێری کردن بێت بەبێ هەڵاوێردیی سیاسیی و ئاینیی و نەتەوەیی و رەگەزیی.

تەواو

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations