لە ماستی چۆبانی-یەوە بۆ هێرۆ-ی باڵیۆزی ئەمریكا

لوقمان غەفوور
20.06.2019

ساڵی 2013، من و سۆزان-ی خێزانم لە هۆتێل لالازار لە سەرچنار-ی شاری سلێمانی، چاومان كەوت بە "جینی لی" بەرپرسی دیپلۆماتی لە باڵیۆزخانەی ئەمریكا لەعیراق، كە بەتایبەتی لە بەغداوە هاتبوو بۆ بینینی ئێمە.

لەكاتی دەمەتەقێكەماندا وشەكانی زارم كەوتە سەر ئەوەی لێمپرسی كە خەڵكی كۆریای باكورە یان چینە، چونكە روخساری لەڕوخساری ئەو دوو نەتەوەیە دەچوو. هەستمكرد بە نیگەرانییەوە وەڵامیدایەوە و وتی؛ باوكم خەڵكی كۆریای باكورە، بەڵام من ئەمریكیم. ئەم وەڵامەم بەلاوە سەیر بوو تا ئەو ساتەی كە گەیشتمە ئەمریكا. ئەوكات لەنهێنی ئەم هەست و وەڵامە تێگەیشتم.

ساڵی 2017 كچە پۆلیسێك لەدەرگای ماڵەوەیدا بۆ كارێك، داوام لێكرد بێتە ئەمدیو دەرگاكە و لەدەرەوە نەوەستێت، چونكە كەشوهەوا زۆر سارد بوو، وەك دۆخێكی فزولی وتم لەوەدەچێت خەڵكی توركیا یان ئیران بیت، وتی نەخێر ئەمریكیم، بەڵام دایكم ساڵی 1974 لە تاجیكستانەوە هاتۆتە ئەمریكا.

بۆ درێژەدان بەم مەسەلەیە مانگی ئۆگۆستی 2018 لە رۆژنامەی زە نیۆرك تایمز راپۆرتێكی رۆژنامەنووسی ئەمریكی دێڤد جێلس-م خوێندەوە لەسەر (ماستی چۆبانی)، بەرهەمەكانی "كارگەی ماستی چۆبانی" ئێستا یەكێكە لە ماستە دەگمەنەكانی ئەمریكا و كێبڕكێكی هەموو كارگەكان دەكات. خاوەنی كارگەی چۆبانی، حەمید ئۆلۆكایا بەبنەچە خەڵكی كوردستانی باكورە، بەڵام بە منداڵی گەیشتۆتە ئەمریكا. پێش 25 ساڵ لەمەوبەر ئەم كارگەیەكی لەدوای مایەپووچبوونی بزنسمانێكی ئەمریكی بە كەلوپەلەكانەوە بە 3000 دۆلاركڕیوەتەوە. بەڵام ئەوكات ناوی "چۆبانی" نەبووە، ئەم بەناوی گوندە كوردییەكەی خۆیانەوە ناوی ناوە "چۆبانی".

زۆر دەگمەنە ئەوەی لە ئەمریكا چاوی كردبێتەوە و لەگەڵ كەڵچەری ئەمریكا گەورە بوو بێت. لێی بپرسی خەڵكی كوێی؟ نەڵێ، ئەمریكیم.

كە لێشیان پرسی بۆچی؟ وتی لە خۆشەویستی دایكم كە بەیانیان بە شیری مانگاكانی ماست و پەنیری بۆ دروست دەكردین، حەمید لە چاوپێكەوتنەكە نەیشاردبۆوە، وتی: من ئەمریكیم، بەڵام باوك و دایكم كوردن.

جا ئەم چیرۆكە درێژەی هەیە و ئەوەتا هاتە سەر هێرۆ قادر ئەمین مستەفا كە لە بنەڕەتدا خەڵكی شاری هەولێرە، لەتەمەنی سێ ساڵی-یەوە ساڵی 1976 بەخێزانەوە روودەكەنە ئەمریكا، پێشتر وەك كاربەرێكەر لە باڵێوزی ئەمریكا لە پرتوگال بووە ئێستا بووە بە باڵێۆزی ئەمریكا لە بولگاریا، بەڵام من هەموو كورد دڵنیا دەكەمەوە ئێستا لە بولگاریا لە هێرۆ بپرسن خەڵكی كوێی، بەدڵنیایی دەڵێت:"ئەمریكم". 

ئێستا لەناو ئەمریكا حەمید ئۆلۆكایا بەناوبانگترە لە هێرۆ مستەفا، بەڵام حەمید ناڵێت كوردم، ئەو ئامادەیە بەهەزاران دۆلار دۆنەیشن بكات بۆ ئاوارەو لێقەومانانی ئێزدی لە شەنگال، بەڵام ئامادە نییە بڵێ "من كوردم". دڵنیام ئەم هەستە بۆ هێرۆ-ش راست دەرەچێت، خۆ هێرۆ دوێنێ نەچۆتە دنیای سیاسەتەوە ئەو چەندین ساڵە لە كۆشكی سپیدا كاردەكات، بەڵام پرسیار ئەوەیە چەند جار مەلەفی جینۆساید و دەردەسەرییەكانی كوردی جوڵاندووە؟! ئەمە رەخنە نییە لە هێرۆ بەڵكو ئەمە سیستمی ژیانە لە ئەمریكا. ئەمریكا رۆحی ناسیونالیستیت لێدەسەنێتەوە، رۆحی ململانێ و شەڕكردنی دەستكەوتی شەخسیت ئەداتێ لە ئاكامی ئەو سیستمەی كە فرسەت بۆ هەموو ئینسانەكان دەستەبەردەكات. عاقڵ ئەوەیە پڕی پیابكات و بیبات. ئەوەتا هێرۆ لەرێگەی سیاسەتەوە، ئەوەی ویستویەتی پچڕیویەتی پشتبەستن بەو سیستمە سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابورییەی ئەمریكا بۆی دابینكردووە، هەر لە تەنیشت هێرۆ و حەمید-ەوە من خەڵكی كورد-یش ئەناسم هەفتە نییە پۆلیس لەسەر تلیاك پەلكێشی پۆلیسخانەی نەكات، كە لێشی بپرسە خەڵكی كوێیت، ئەڵێت، ئەمریكیم. 

ئەمریكا رۆحی ناسیونالیستیت لێدەسەنێتەوە، رۆحی ململانێ و شەڕكردنی دەستكەوتی شەخسیت ئەداتێ لە ئاكامی ئەو سیستمەی كە فرسەت بۆ هەموو ئینسانەكان دەستەبەردەكات. عاقڵ ئەوەیە پڕی پیابكات و بیبات

ئەمە ئەو نهێنییەیە من زۆر سەرقاڵم پێوەی، كە هەرچی پەنابەرە بە خۆرهەڵاتی و خۆرئاوایی و ئاسیایی و ئەفریكی و ئەوروپاییەوە، ئەڵێت:"من ئەمریكم" لەوانە گەڕێ كە بەشە گەوەرەكەی ژیانیان لەوڵاتەكەی خۆیان بەسەربردووە و چەند دەیەیەك لە ژیانیان ماوە لە ئەمریكا بەسەریدەبەن یان بەسەریان بردووە. ئەگینا زۆر دەگمەنە ئەوەی لە ئەمریكا چاوی كردبێتەوە و لەگەڵ كەڵچەری ئەمریكا گەورە بوو بێت. لێی بپرسی خەڵكی كوێی؟ نەڵێ، ئەمریكیم.

بەڵام من لە كۆتایی ئەم نووسینەدا ئەمە بۆ دوو هۆكاری دەگێڕمەوە: یەكەمیان، پەیوەندی بەو فرسەتە گەوەرەیەوە هەیە كە ئەمریكا بەدرێژایی مێژوو بۆ كۆچبەری دەستەبەركردووە لە هەموو روویەكەوە، بەتایبەتی بزنس، سیاسەت، خوێندن. ئەم هۆیە زۆر رێی تێدەچێت ئەوەتا كارگەكەی حەمید ساڵانە بایی 1 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار ماست ئەفرۆشێ كە خۆی بە 3000 دۆلار كڕیویەتی. دوومیان، بۆ ئەو كێبڕكێ و ململانێی و كۆنفلێكتەی نێوان سپی پێستەكانی ئەمریكا و نێتیڤ ئەمریكاییەكان دەگەڕێتەوە كە لەمێژە ئەوەی هاتۆتە ئەمریكا خۆی بەخاوەنی ئەمریكا زانیوە و هەر ئەمەش وایكردووە سپی پێستەكانی ئەوروپا كە لە سەرەتای هەزار و پێنج سەدەوە رویان كردۆتەوە ئەمریكا ئیتر كەوتونەتە ململانێ لەگەڵ ئەمریكاییە رەسەنەكان و ئەم كێبڕكێیەش درێژەی هەبووە شەپۆل دوای شەپۆلی پەنابەر بۆ ئەمریكا، بەدوای ئەواندا كێبڕكێی نێوان رەشپێستە ئەفریكان – ئەمریكانەكان و سپی پێستەكان و تا دەگاتە ئاسیایی و سپی پێستەكان.

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations