ئایا پارتیی و یەکێتیی و گۆڕان لەیەکدەچن؟

ئەحمەد میرە
19.06.2019

مۆدێلی ڕێکەوتن و ڕێکنەکەوتنی نێوان حیزبەکان لە دیارترین ئەو مۆدێلە سیاسییە باوانەیە، کە حیزبی کوردیی پێدەناسرێتەوە. دیاردەیەکیشە لە هەموو حیزبەکانی باشوور و ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای کوردستانی داوە، بەڵام دۆخەکە لە باکووری کوردستان بە هۆی باڵادەستیی زۆری پارتی کرێکارانی کوردستان و هاوشێوەکانی تریەوە پێویستی بە ڕێکەوتنی نێوان حیزبەکان نییە.

مۆدێلی ڕێکەوتنی حیزبەکان هێجگار سەیروسەمەرەیە، لە هەندێک باردا لە ڕێکەوتنی دوو لایەنی شەڕکەری بەهێز دەچن، کە هەردوو لایان لە ئەنجامی ماندووبوون بە هۆی شەڕەوە ڕێکەوتنیان لا دەبێتە باشترین چارەسەر، وەک ئەو ڕێکەوتنە زۆرو زەوەندانەی، کە لەنێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستاندا ئەنجامدەدرێن، بە هۆی زۆریی ڕێکەوتنەکانی نێوانیانەوە دەگوترێت ڕۆژ و مانگ و هەفتە لە ساڵدا نەماوە، کە ئەم دوو حیزبە وەک خۆیان دەڵێن ڕێکەوتنی مێژووییان تێدا ئەنجامنەدابێت. هەندێک جار بەهۆی ئەم ڕێکەوتنانەوە یەکێتیی و پارتیی ئەوەندە لەیەکتری نزیکدەبنەوە، ناتوانین بە ئاسانیی شێوەیان لەیەک جیابکەیتەوە. هەروەها بە پێی ئەو جۆرە ڕێکەوتنانە یەکێتیی و پارتیی بەیانیان دوو دۆستی سەر یەک خوانن، بەڵام ئێواران دوو دوژمنی دڵڕەقی پشت دوو کێوی نەهامەتییەوەن.

ڕێکەوتنی حیزبەکان تا دێت شتی ناجۆری لێ دەردەچێت، چونکە ئەو ڕێکەوتنانە ئەوەندە لەسەر بنەمای متمانەنەبوون بە یەکتریی ئەنجامدەدرێن، نیو هێندە لەسەر بنەمای گۆڕانکاریی و چاکسازیی لە حکومەتدا ئەنجامنادرێن

ڕێکەوتنی حیزبەکان تا دێت شتی ناجۆری لێ دەردەچێت، چونکە ئەو ڕێکەوتنانە ئەوەندە لەسەر بنەمای متمانەنەبوون بە یەکتریی ئەنجامدەدرێن، نیو هێندە لەسەر بنەمای گۆڕانکاریی و چاکسازیی لە حکومەتدا ئەنجامنادرێن، بۆ نموونە ئەگەر سەمەرەیەکی ناچیزی سیاسیی نەبێت چ شتێک گۆڕان و پارتیی لەناو یەک مەنجەڵی ڕێکەوتندا کۆدەکاتەوە!  ئاخر ئەم دوو حیزبە لە بنەڕەتدا تەنها خوایان لەیەک دەچوو! لە بەزمی مار و سیرەکە دەچوون. هیچ شتێک ئەم دوو حیزبە پێکەوە نابەستێتەوە، نە ڕەنگیان، نە بۆینان، نە مێژوو و نە بەرنامەی سیاسییان. بەڵام لەناو حیزبی کوردیدا شتێکی زۆر سروشتییەو چونکە دۆخە سیاسییەکە لە چێشتی مجێور دەچێت، جێگەی ئەم جۆرە ڕێکەوتنە سەیروسەمەرانەی تێدا دەبێتەوە.

هەڵسوڕاوانی گۆڕان بیریاندەکەوێتەوە ئەوان بەرنامەیەکی جیاوازیان هەبوو، دروشمەکەیشیان (دەیگۆڕین) بوو، هەوای هەڵدانەوەی فایلەکانی گەندەڵیی لە دڵ و دەماخیان دەدات و ماڵی هاوبەشی نێوان خۆیان و پارتیی دەشێوێنێنن

ڕاستە لە دوای هەڵبژاردنەکان لە هەموو کۆمەڵگە جیاوازەکاندا هاوپەیمانێتیی لەنێوان قەوارە سیاسییەکاندا لە پێناو پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتدا دروستدەبێت، بە تایبەتیی لە نێوان ئەو قەوارە سیاسییانەی، کە بەرنامەی سیاسییان و ئایدۆلۆژیا و بەرژەوەندیی سیاسییان لەیەکەوە نزیکە. بەم پێوانەیە بێت دەبێت لە دە ساڵی ڕابوردوودا هەموو شیکەرەوە سیاسییەکان کەوتبنە هەڵەیەکی سیاسیی جەوهەرییەوە بۆ خوێندنەوەو ڕاڤەکردنی ئەدەبیاتی سیاسیی بزوتنەوەی گۆڕان، چونکە بە پێی پێوەرەکانی دوا ڕێکەوتنیان لەگەڵ پارتیدا بێت ئەم دوو حیزبە بەرنامەی سیاسیی و ئایدۆلۆژیا و بەرژەوەندییان لەیەکەوە نزیکە، هەر بۆیە وا بەئاسانیی توانییان بەیەکەوە ڕێکەوتنێکی سەسوڕهێنەر واژۆبکەن، بەڵام لەبەرئەوەی ئەم حیزبانە خۆیشیان نازانن بنەمای ڕێکەوتن چییە و چۆن دەبێت پێوەی پابەند ببن، بۆیە بە ئاسانیی دەکەونە تەقە لە یەکتریی. هێشتا کابینەی نۆهەم پێکنەهاتووە خەریکە مانگی هەنگوینیی گۆڕان و پارتیی کۆتاییدێت، چونکە پارتیی دەیەوێت گۆڕان لە پارتیی بچێت و کاتێکیش هەڵسوڕاوانی گۆڕان بیریاندەکەوێتەوە ئەوان بەرنامەیەکی جیاوازیان هەبوو، دروشمەکەیشیان (دەیگۆڕین) بوو، هەوای هەڵدانەوەی فایلەکانی گەندەڵیی لە دڵ و دەماخیان دەدات و ماڵی هاوبەشی نێوان خۆیان و پارتیی دەشێوێنێنن.

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations